نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) وۆرك شۆپێکی لەسەر "یاسای ژمارە ٥ی ساڵی (٢٠١٥) بۆ پاراستنی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان: ئالنگاری و دەرفەتەکان" ئەنجامدا. وۆرکشۆپەکە ٢٤ بەشداربوویلەخۆگرتبوو، کە بریتی بوون لە (١١ ژن و ١٣ پیاو) لە پێکهاتەکانی بەهائیی و کلدانی و ئاشووری وئەرمەنی و ئێزیدی و جوو و کاکەیی و مەندائی و تورکمان و زەردەشتی لەگەڵ عەرەب، هەروەها بە بەشداری فەرمانگەی کاروباری پێکهاتە ئاینی و نیشتمانییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان/عێراق و نوێنەرانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و نوێنەرانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و نوێنەری بەڕێوبەرایەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ڕاوێژکاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
گفتوگۆکان تیشکیان خستە سەر یاسا و میکانیزم و سیاسەت و بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ برەودان و پاراستنی مافی کەسانی سەر بە نەتەوە و گروپە ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. هەروەها، بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پێکهاتە کان و تاکەکان بەرپرسیارێتی هاوبەشیان هەیە بۆ پاراستن و ڕێزگرتن لە فرە ئیتنی و نەتەوەیی وزمان و ئاینیەکانی عێراق. هەروەها بەشداربووان تیشکیان خستە سەر پێویستی پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی پاراستنی گروپی پێکهاتەکان، و پێویستی ڕاوێژکردن بەم گروپانە سەبارەت بە پرۆسەکانی یاسادانانی داهاتوو بۆ دڵنیابوون لە بەشداریکردنی کاریگەر لە کاروباری گشتیدا.
ئەم وۆرکشۆپە چوارەم وۆرکشۆپە لە کۆی پێنج وۆرکشۆپ کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە بە ئامانجی زیادکردنی هۆشیاری و زانیاری لەسەر گرنگی پتەوکردنی پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەروەها هاندانی بەشداریی بەهێزتری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان.