کۆنفرانسی یونامی سەبارەت بە بەشداریی گەنجان زەقکردنەوەی رۆڵی گرینگیانە لە ئایندەی عێراقدا
١٤ کانونی یەکەم ٢٠٢٢
بەغدا، 14ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢:- پڕۆژەیەک کە نیشاندەری بیروبۆچوون و توانای داهێنانی گەنجانی عێراق بوو و هەروەها ئەوەش کە چۆن بتوانن بەشداری لە بنیاتنانی ئایندەی عێراقدا بکەن لە ١٣ی کانوونی یەکەم لە کۆنفرانسێکی نیشتمانیدا کۆتایی پێ هێنرا کە بووە مایەی بەیەکەوە کۆکردنەوەی ٣٥ گەنج لە پیاو و ژن لەسەرتاسەری عێراقدا و بەرپرسانی حکومی و ئەندامانی پەرلەمان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی).
کۆنفرانسەکەش، کە لەلایەن یونامییەوە ڕێکخرا بوو، دواهەمین بوو لەو زنجیرە چالاکییە گرینگانەی کە لەم ساڵدا لەنێوان حوزەیران و کانوونی یەکەمدا ئەنجام دران کە تێیاندا زیاتر لە ٢٢٠ گەنج، کە نیوەشیان ژن بوون، لە تەواوی پارێزگاکاندا بەشدارییان کرد . چالاکییەکانیش بریتی بوون له تواناسازی و سەکۆیکار و هاریکاریی تەکنیکی و پرسەکانی پەیوەست بە سەرکردایەتیکردن و بڕیاردان و پەیوەندی و کارکردن لەسەر گۆڕانکاریی ژینگەیی. شایانی باسە، ئەو گەنجانەش بواری ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە دەستنیشانی کارە لەپێشینەکانیان بکەن و سیاسەتی تۆکمەش دابڕێژن. ئەوان هەروەها چەندین دەسپێشخەری و ڕاسپاردەشیان خستەڕوو بۆ ئەوەی لەگەڵ سیاسەت داڕێژەراندا هاوبەشی بکەن لەسەر هەردوو ئاستی پارێزگایی و نیشتمانیدا بۆ ئەوەی بتوانن لەم ڕێگەیەوە پەیامەکانیان بە بەرنامەکان و سیاسەتەکانی حكومەت بگەیەنن بەگرتنەخۆی یارمەتیدانیش لەسەر سووککردنی کاریگەریی گۆڕانکاریی ژینگەیی لەسەر ئاستی کۆمەڵگا و وڵاتدا.
لە دواهەمین دانیشتنیشدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا، و وەزیری وەرزش و لاوان، بەرێز ئەحمەد ئەلموبارەکە، و راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وەرزش و لاوان، بەڕێز قاسم ئەلزالیمی، و ئەندامانی پەرلەمان و هەروەها جیگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردنیش، کلۆدیۆ کۆردۆن ئامادە بوون.
بەڕێز عەبدوڵڵا وتی کە بەتواناکردنی گەنج پێویستە بکرێتە کاری لەپێشینەی دەزگاکانی دەوڵەت بەوپێیەی گەنجی عیراق خاوەنی توانا و شارەزاییەکی وایە کە دەتوانێت سوود بە پێشکەوتنی وڵات بگەیەنێت. لای خۆشیەوە، وەزیری وەرزش و لاوان، ستایشی رۆڵ و دەسپێشخەرییەکانی گەنجانی کرد و ئامادەیی وەزارەتەکەشی بۆ پشتگیری گەنجان لە ژن و لە پیاو خستەڕوو بۆ هەوڵەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگاکانیان و یانیش لەسەر ئاستی نیشتمانیدا. ئەو هەروەها جەختی لەسەر هەنگاونانی بەرەوپێشبردنیش کردەوە سەبارەت بە گۆڕانکاریی ژینگەیی لەگەڵ دەسخۆشیشی لە دەسپێشخەرییەکانیان.
لای خۆشیەوە و لە وتارەکەیدا ، بەڕێز کلۆدیۆ کۆردۆن باسی لە گرینگیی گەنجانی عیراق کرد لە دەربڕینی دید و بۆچوونیان و بەشداریی تەواویان لە ژیانی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتیدا.
ئەو هەروەها وتیشی کە بەوپێیەی گەنجان لە سەدا ٦٠ی عیراق پێک دەهێنن، بیروبۆچوون و وزەیان هەرگیز نابێت نادیدە بگیرێت.
ئەو ڕوو لە گەنجان وتی "ئێمە ئێوەمان هەم وەک هاوبەشکار و هەم وەک سەرکردەی ئایندەش دەوێت. ئێمە دەمانەوێت کە ئێوە رۆڵی تەواوی خۆتان لە بنیاتنانی ئایندەیەکی سەقامگیر و پڕ ئاشتیدا لە عێراقدا ببینن بۆ ئەوەی هەموو ئاواتەکانی عێراقییەکان بێنەدی."
هەر دوای خوێندنەوەی وتارەکانیش، بەرپرسان کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو گەنجانەی کە پڕۆژەیان پێشکەش کردبوو و دید و بۆچوونیشیان خستبووە ڕوو. لەلایەکی ترەوە، گەنجان چەندین شێوازی جێگرەوە (بەدیل) شیان بەکارهێنا وەک هونەر و مۆسیقا بۆ دەربڕینی ڕا و پەیامەکانیان و گەیاندنیشیان بە بەرپرسان.