لێدوانی ڕۆژنامەوانی

دووەم ساڵوەگەڕی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی: ڕزگاربووانی ئێزیدی یەکەمین سوودەکانی یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان وەردەگرن

٠٢ ئازار ٢٠٢٣

موسڵ - لە ١ی ئازار دا، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربووان یەکەمین مووچەی بەسەر ڕزگاربووانی دەستی داعش دابەش کرد لەچوارچێوەی یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی ئێزیدی  کە دووساڵ لەمەوبەر لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا. یاساکە کۆمەڵێک قەرەبوو لەخۆ دەگرێت بۆ ڕزگاربووانی جینۆساید کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر دەستی داعش ئەنجام درا و  لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی، شەبەک، تورکمان و مەسیحییەوە.

یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی ئێزیدی چوارچێوەیەکی کارکردنی دانا بۆ دابینکردنی پاڵپشتی دارایی و جۆر و شێوەکانی دیکەی قەرەبوو بۆ ڕزگاربووان. لەوانەش: مووچەی مانگانە، پارچە زەوی، دەستگەیشتن بە چارەسەرە دەروونی و تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە. پۆرتاڵی ئەم بەرنامە و ئەپلیکەیشنی پەیوەست بەم بابەتە لە ئەیلولی ساڵی ڕابردوو کەوتەکار و تا ئێستا ٣٨٤ ڕزگاربوو پشتڕاستکردنەوەیان بۆ کراوە و ڕەزامەندی وەرگرتنی ئەو قەرەبووەیان بۆ دەرچووە.



لە ڕێوڕەسمی  پێدانی قەرەبووەکەش کە لە ئۆفیسی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە شاری موسڵ بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لێژنەی یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی ئێزیدی لەنێویشیاندا بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ڕزگاربووان سەراب ئیلیاس بەڕەکات، ٢٤ ڕزگاربوو (٢١ ئافرەت، ٣ پیا، کە هەموویان ئێزیدین) کارتی بانکی ئەو قەرەبووەیان وەر گرت کە ئێستا دەتوانن لەڕێگەی ئەم کارتە بانکییەوە مووچەی مانگانەیان لە حکومەت وەرگرن. ئەم قەرەبوو دابەشکردنەش بەردەوام دەبێت هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی لیژنەی یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان لە پێداچوونەوە بە داوا و دۆسییەی ڕزگاربووان تا سوودمەندبن.



بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ڕزگاربووان سەراب ئیلیاس بەڕەکات گوتی: "ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە دووم ساڵوەگەر پەسەندکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی بە دابەشکردنی ئەم کارتە بانکییانە بۆ یەکەم گرووپی ڕزگاربووان یاد بکەینەوە.  ئەم کارتانە وا دەکات ڕزگاربووان مانگانە خۆیان لە ڕێی بانکەوە وەربگرن. کاری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەدەوام دەبێت بە ئاراستەی جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەم یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی کە قەرەبووکردنەوە دیار دەکات بۆ رزگاربووان لە هەردوو ڕەگەز و لە کۆمەڵگەیت ئێزیدی و شەبەک و تورکمان و مەسیحی."



سەرۆکی نێردەی گشتی ڕێکخراوی نێودەڵەتی کۆچ لە عێراق، بەڕێز جۆرجی گیگاوری گوتی "ئەمە یەکەمین سوودی بەرجەستەیە کە ڕزگاربووان لەم یاسایەی دەیبینن، ئەمەش چرکەساتێکی گرنگی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەیە و چوونە ناو قۆناغێکی بەرفراوانتری پڕۆسەی دادپەروەرییە. هەروەک چۆن ئێمە ڕۆڵێکی گەورەمان بینی لە دانانی پۆڕتاڵی داواپێشکەشکردنی قوربانیان، بە هەمان شێوە ڕێکخراوەکەمان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق لە قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان تا ئەو رادەیەی لە توانادا بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زەرەر و زیانە ماددی و دەروونی و جەستەییەکانیان کە لە ئەنجامی ئەو جینوسایدەوە دووچاری بوونەتەوە، بەم هۆیەشەوە بتوانن برینەکانیان ساڕێژ بکەن، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بگەنە چارەسەرە هەمیشەییەکانی ئاوارەبوونیان"..



مەنال، یەکێک لە ڕزگاربووانی شنگال و ئەندامی تۆڕی دەنگی ڕازگاربووان کە لە مەراسیمەکە بوو گوتی: ئ"ەمڕۆ من هەستێکی خۆشم هەیە لەبەر ئەوەی هەنگاوێکی بەرجەستە دەبینم بە ئاراستەی جێبەجێکرنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی. ئەمڕۆ کە ئەم کارتە وەردەگرم، من هەموو ئەو ناخۆشییانەم بیر دێتەوە کە ئێمەی ڕزگاربووان چەشتووومانە لە دەست داعش و هەروەها ئەو چەندان سالەی چاووەڕوانی دادپەروەریمان کردووە. من زۆر خۆشحالم کە ئەمڕۆ لێرەم و ئەم پاڵپشتییە دەبینم لە حکوومەتی خۆمان. هیوادارم کە ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی تەواوی قەرەبووەکانی دی بە دوادا بێت کە لە یاساکە ئاماژەیان پێ کراوە."



ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق لە کارکردن لەگەڵ ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەردەوام دەبێت بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لە جێبەجێکردنی یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان، ئەمەش لەڕێگەی بنیاتنانی توانا، ڕێنمایی تەکنیکی و هونەری، هاوکارییکردنی ماددی و پەیوەندیکردن بە ڕزگاربووان و ئەو کۆمەڵگانەی زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها  هاوڵاتییان بە گشتی. ئەم پڕۆگرامەش بەپاڵپشتی حکومەتەکانی شانشینی هۆڵەندا و ئەڵمانیا ئوسترالیا و شانشینی بەریتانیا و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی کردار لە دژی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا UN Action جێبەجێ دەکرێت.



ئەو ڕزگاربووانەی کە دانیشتووی عێراقن دەتوانن داواکاری بۆ سوودمەندبوون لە چوارچێوەی ئەم یاسایە پێشکەش بکەن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی پێشکەشکردنی داواکارییەکەیان لە پۆرتاڵی ئۆنڵاینی بەڕێوەبەرایەتیەکە، یان لەڕێگەی ڕێکخستنی چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو لەئۆفیسی سەرەکی بەڕێوەبەرایەتیەکە لەشاری موسڵ، یان لە هەر یەکێک لە لقەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیەکە تا لە کاتی چاوپێکەوتنەکە فۆڕمی داواکارییەکەیان پێشکەش بکەن. هەروەها لەماوەکانی داهاتووش دا  ئەو ڕزگاربووانەی کە لە دەروەی عێراق دەژین ئەوانیش دەتوانن داواکاری بە ئۆنڵاین پێشکەش بکەن.

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت