وتارى نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق خاتوو جینین هێنیس-پلاسخارت له رێورهسمى كردنهوهى بهرنامهى گفتوگۆ ئامێزى بێستون له كهناڵ رووداو ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٣
خوشکان و برایان، زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەم.
بۆ ئەوەی ڕوون بێت: نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی پەرەپێدانی بەرنامە تەلەفزیۆنییە تایبەتەکان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە ناهێلین دەرفەتێکی ئاوا زێڕین بەبێ ووردبوونەوە لە گرنگی ئازادیی ڕادەربڕین تێپەڕێت لەوانەش ئازادی ڕاوبۆچوونەکان و دەربڕینی ئەمانەش بە دەنگێکی بەرز.
کاتێك بۆ یەکەمجار دەربارەی ئەم دەستپێشخەرییەم زانی، بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی هۆڵەندی بیرخستمەوە بەناوی ( گەشتی ناو کۆلێژ). گەشتی ناو کۆلێژ چەمکی کۆبوونەوەیەك پەیڕەو دەکات، کە لە هەر ئەڵقەیەکدا یەك میوان بەشداری دەکات.
بەرنامەکە لەلایەن پێشکێشکارێکەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام زۆربەی پرسیارەکان لە بینەرانەوە دەکرێن: لە چەند سەد خوێندکارێكەوە. میوانی داوەتکراو کەسایەتییەکی باڵایە.
ئەم میوانەش لەوانەیە پارێزەر یان مۆسیقاژەن یان بەڕێوەبەری بازرگانی یان نووسەر یان چالاکوان یان ئەستێرەی وەرزشی یان ئەکتەر یانیش هەر وەك ئەوەی ئێرە سیاسەتمەدار بێت یان کەسایەتی دەسەڵاتدار یان بەرپرسێکی حکومی یان کاربەدەستێکی دیکە بێت.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو پرسیارانەی کە خوێندکاران دەیخەنە ڕوو پێشوەختە هەڵناسەنگێندرێن و سانسۆریان لەسەر نییە.
بۆچی چەمکێکی وا بەرز دەنرخێنم؟ چونکە دەرفەتێك دەدات بە خەڵك – گەنجان – کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەموو جۆرە سەرکردەیەکدا پەیوەندی ببەستن. وە ڕاشکاوانە بڵێم، هەر سەکۆیەك کە پشتگیری لەم جۆرە بەشداریکردنە بکات، پێویستە پێشوازی لێبکرێت.
هەروەها، سەکۆیەکی لەم شێوەیە دەتوانێت ببێتە مایەی دروستبوونی ڕۆژنامەگەری پیشەیی و پەرە بە ئازادی ڕادەربڕین بدات، تێگەیشتنێکی باشتریش سەبارەت بە هەندێك ئارێشە و پرس و ئاڵۆزی بێنێتەکایەوە.
بۆیە، کاتێك من و بێستون تووشی یەکتر بووین، و ئەویش لەخۆوە باسی چەمکەکەی بۆ کردم، نەمتوانی بە جۆش و خرۆش نەبم بۆ ئەو بابەتە.
یەکەم، ئەمە کارێکی تەواو تەندروستە کە ئاڵوگۆڕێکی گشتی هەبێت لەسەر ئەو بڕیار و کردارانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی گشتی هەیە. دووەم، ئەوە نەوە گەنجەکانن کە لە داهاتوودا سەرکردایەتی هەموومان دەکەن. جا ئاخۆ هەندێك لە هاوتەمەنەکانی من حەزیان لێبێت یان نا: ئەو داهاتووە نزیکە.
خوشکان و برایان، هەرچەندە من پێشتر ئەمەم وتووە، بەڵام ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە دووبارەی دەکەمەوە: وەک سیاسەتمەدار و کاربەدەستێکی پێشووی ئەوروپی و نیشتمانی، من بە ئەزموون دەتوانم پێتان بڵێم کە دیموکراسی - هەندێکجار - پڕۆسەیەکی پڕ لە ئازارە.
هەروەها ئەوەی زۆر ڕاستە ئەوەیە کە کۆمەڵگا دیموکراسییە بەردەوامەکان پێچەوانەی موعجیزەکانن کە لە کتوپڕدا دروست بن - بەڵکو پێویستیان بە دانبەخۆداگرتنێکی بێئەندازە و ویستێکی نەگۆڕ هەیە بۆ سازشکردن. بە ناچاری دەبێت کات بدرێت بە پرۆسەی دیموکراسی تا بەڕاستی ڕەگ داکوتێت.
هەروەها، لەگەڵ ڕوودانی ئەمە بێگومان دەبێت کارلێکی نێوان ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی و هونەری وردبینی پەرلەمانی و ئاڵوگۆڕی نێوان کاربەدەستان و کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها بۆ نموونە پێکهێنانی حزب و هاوپەیمانی ڕێگەیان پێبدرێت.
کەواتە - بەشێك لە هەموو ئەمانە (لێرەدا هیچ شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە) بریتین لە: دەستپێگەیشتن بە هەموو تاکێك لە ئاستە بنەڕەتییەکان و گفتوگۆی گشتی و کردەوەی کۆنکرێتی کە دەیسەلمێنن خەڵك و کۆمەڵگا و پێکهاتەکان گوێیان لێدەگیرێت.
هەروەها لە کاتێکدا کە ئەرکی سەرکردەکانە کە ڕێنمایی بدەن و دەستپێشخەربن لە دەستپێگەیشتن و یەکخستنی بەرژەوەندییە دژبەرەکان، بەڵام بەرپرسیارێتی هەموو هاوڵاتییەکیشە کە دان بەو ڕاستییەدا بنێت و قبوڵ بکات کە هاوسەنگکردنی چەندین بۆچوون و بەرژەوەندی جیاواز پێویستی بە سازشی بەردەوام هەیە.
لە ڕاستیدا زۆر ئاسانە: بۆ کاربەدەستان و سیاسەتمەداران و هاووڵاتیانیش بە هەمان شێوە، کەس ناتوانێت زەمینەی بەرزی ئەخلاقی تەنها بە هی خۆی بزانێت و کەسیش ناتوانێت قۆرخکاری لە داناییدا بکات. بۆ خزمەتکردنی هەموو هاوڵاتیان بە باشترین شێوە، زۆر گرنگە کە کۆمەڵێك دەنگی جیاواز ببیسترێن. لە هەموو کاتێکدا، هەبوونی مشتومڕی زیندوو و تەندروست زۆر پێویستە.
خوشکان و برایان وەك هەموومان دەزانین ئازادی ڕادەربڕین پایەیەکی بنەڕەتی هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراسییە.
ئازادی ڕادەربرێن گرینگە بۆ بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ و داهێنەرانە و هەر وەك چۆن ئامرازێکیشە بۆ لێپرسینەوە، بۆ ئەوەی سەرکردەکان بزانن کەی سیاسەت یان پراکتیکەکانیان کاریگەری ئەرێنییان نییە، بۆ ئەوەی دامەزراوەکان بتوانن خۆیان بگونجێنن و گەشە بکەن.
کەواتە با لێرەدا جەخت لەوە بکەمەوە: بێدەنگکردن یان ڕێگریکردن یان ڕەتکردنەوە یان بچووککردنەوەی گوتاری گشتی تەنیا دوو شت بەدەست دەهێنێت: هەم وێنەی دەوڵەت لەکەدار دەکات و هەمیش متمانەی خەڵك لەدەست دەدات.
لەلایەکی ترەوە، راگەیاندنی ئازاد یەکێکی ترە لە بزوێنەرە بەهێزەکانی پەروەردە و فێربوون. دەتوانێت ڕووناکی بگەیەنێتە گۆشە تاریکەکان، ڕێگەمان پێدەدات ڕاستیی نوێ و دیدگای نوێ و شێوازی نوێی بینینی شتەکان بدۆزینەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە شاراوە نییە کە لە سەرانسەری وڵاتدا زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بە جۆرێك لە جۆرەکان، پەیوەندییان بە حزبێك یان سیاسەتمەدارێك یان بازرگانێك یان سەرکردەیەکەوە هەیە. بۆیە، ئەگەر ڕێگەم پێبدەن، دەمەوێت جارێکی تر جەخت لەسەر گرنگیی وشەی "ئازاد" بکەمەوە.
بۆ نموونە با گرنگیی بلۆگەرە سەربەخۆکان و نووسەران و چالاکوانان و توێژەران و ڕۆژنامەنووسانی بنکۆڵکاران لەبیر نەکەین. ئەوان نەك هەر تەحەدامان دەکەن بەڵکو بیرکردنەوە و کردارەکانی ڕۆژانەشمان دەوڵەمەندتر دەکەن.
دەبا رووبەڕووی ببینەوە: ساڵنامەکانی کات - کە بۆ چەندین سەدە لەلایەن فەیلەسوف و ئەکادیمی و شاعیرەکانەوە درووستکراون- ئێستا لەلایەن نەوەیەکی نوێی بیرمەند و قسەکەرانەوە زیادکراون، کە زۆربەیان تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە بینەرانی جۆراوجۆر.
وە بێگومان سۆشیال میدیا ئامرازێکە کە دەتوانێت ناوەڕۆك بە شێوەیەکی خێراتر و فراوانتر لە جاران بڵاو بکاتەوە. نەك هەر ئەوە: دەرفەتی گەورەش بۆ هەر سیاسەتمەدارێك یان کاربەدەستێك دروست دەکات. پێشتر هەرگیز ئەوەندە ئاسان نەبووە کە بچیتە ناو ئاڵوگۆڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەنگدەران و هاوڵاتیاندا. پێشتر هەرگیز ئەوەندە پەیوەندیکردن و بەشداریکردن و ڕوونکردنەوە و گوێگرتن ئاسان نەبووە.
بەڵێ، وەك چۆن لە هەر ئامرازێکدا هەیە، لایەنی خراپیشی هەیە. بۆ نموونە بە لارێدابردنی هەڵمەتەکان. هەروەها، ئەکاونتی ساختە بە ئاسانی دروست دەکرێت، و زانیاری ناڕاست دەتوانرێت بە خێرایی بۆ هەزاران کەس بڵاوبکرێتەوە – وەك چۆن لە سەرنجی ئازاربەخش یان ناشیرین کە مەبەست لێی کەمکردنەوە یان بێهێزکردن یان شەرمەزارکردنی کەسێکە.
متمانەم پێ بکەن، دیسانەوە بە ئەزموونەوە دەڵێم، و بە تایبەتی وەك ژنێك لەبەرچاوی گشتیدا، هەموو شتێك دەربارەی ئەمە دەزانم. سۆشیال میدیا دەتوانێت دڕندانە بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەرگیز ئەوەم بە خەیاڵدا نایەت کە داوای یاسایی تۆمار بکەم لە کاتی بینینی تویتێکی سووکایەتیپێکەر یان لەکاتی خوێندنەوەی بابەتێك کە ڕەخنە لە من یان سیاسەتەکانمان دەگرن. دەتوانین ناکۆك بین، لەوانەش لەسەر تۆنی قسەکردن یان زمانی بەکارهێنراو. بەڵام لە کۆتاییدا هیچ بەرپرسیارێتییەك بۆ تامکردن نییە. هەروەها، جیاوازی – هەندێکجار تەنانەت پێکدادانیش – لە بۆچوون و شێوازی کاردا لە کۆتاییدا کۆمەڵگاکەمان بەهێزتر دەکات.
کەواتە - بۆ هەموو کەسایەتییە گشتییەکان، یەك ئامۆژگاریم هەیە: پەرەپێدانی دانبەخۆداگرتن لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ڕەخنە و ناکۆکی، گفتوگۆ هەڵبژێرە لەبری تۆڵەسەندنەوە.
هەروەها بۆ ئەوانەی کە ناتوانن بیروڕای خۆیان بە شێوەیەکی ڕێزدارانە دەرببڕن، ئامۆژگاری من ئەوەیە: ئەوەی تۆ پێت خۆش نییە بەرامبەر خۆت بکرێت، بەرامبەر کەسانی تریش مەیکە.
خوشکان و برایان، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئازادی ڕادەربڕین وەك پایەیەکی بنەڕەتی هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراسی: واقیعی ئەمڕۆ جێگەی نیگەرانییە.
لە سەرانسەری وڵاتدا – بەرەو زیادبوونیش دەچێت – بەکارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆری یاسایی و کارگێڕی و ئامرازی دیکەی بەڕواڵەت یاسایی دەبینین بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان. یان خراپتر. توندوتیژی و تۆقاندن و هەڕەشەکردن هەیە بۆ سەرکوتکردنی ئەو بۆچوونانەی کە جیاوازن لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی کە باون یان فەرمین.
بەڵام لێرەدا مەبەستەکەمان ئەوە ناگەیەنێت کە ناتوانرێت سنوورێك بۆ ئازادی قسەکردن هەبێت. بێگومان مرۆڤ وێڕای چێژوەرگرتن لە ئازادی قسەکردن، ئەرکی بەرپرسیارێتی هەڵسوکەوتی هەیە و ڕێز لە مافی ئەوانی دیکە بگرێت.
هەندێک جار هۆکاری دروست هەیە بۆ سنووردارکردن بەپێی بنەمای ڕوون و ئاشکرا. بەڵام لە هەموو کاتێکدا دەبێت دەسەڵاتی گشتی پەیوەندیدار نیشان بدات کە سنووردارکردنەکە ڕێژەیی بێت و بە یاسا ڕێکخرابێت.
و بەڵێ، کاتێك یاساکان بەکاردەهێنرێن، نەك بۆ پاراستن، بەڵکو بۆ بێدەنگکردن، ئەوا بیروڕای ئازاد دەکەوێتە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەوە. کەواتە یەکێك لە بنەڕەتیترین بنەماکانی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسیش بە هەمان شێوە دەکەوێتە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەوە.
هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە هەمیشە دەرفەتێك هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەو.
مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش مافی ئازادی ڕادەربڕین، بە ئاشکرا لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە. هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی کارکردنیان لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە گرتۆتەبەر. هەروەها هەردوو بەرنامەکەش پابەندبوونیان بۆ بەهێزکردنی پاراستنی ئەم مافانە دووپاتکردووەتەوە.
کەواتە- ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە ئەم بەڵێنانە ببنە کردەوەی کۆنکرێتی، لەوانەش پێشخستنی ئازادی ڕادەربڕین وەك خاڵێکی هاوبەش بۆ بەشداریکردنی گشتی و مەدەنی لە سەرانسەری عێراقدا.
خوشکان و برایان، لە کۆتاییدا – با دووپاتی بکەمەوە: هەر گفتوگۆیەکی گشتی بەبێ سانسۆر یان پێشوەختە هەڵسەنگاندنی پرسیارەکان، خەڵك بەهێز دەکات بۆ ئەوەی بە ئازادی و بە دەنگی بەرز بۆچوونەکانیان دەرببڕن. ئەمە شتێکە کە شایەنی دەستخۆشی لێکردنە.
و بەڕاستی هیوادارم سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران خۆیان لە دەرفەتێکی لەو شێوەیە بەدوور نەگرن.
بە واتایەکی تر، لە دڵەوە هیوادارم کە بانگهێشتی بەشداریکردن لە هەر گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنی ڕێزدار سەبارەت بەو کردار و بڕیارانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی گشتی هەیە، قبوڵ بکەن.
پێویستمان بە گەنجانە بۆ ئەوەی سروشمان پێببەخشن و تەحەدامان بکەن - و بەبێ ترس ئەوە بکەن. نەوەی ئێستای سەرکردەکان دەکرێ شتێکی زۆریان لێ فێرببن. بەم بۆنەیەوە، ئەوە بۆ منیش دەشێت. پێویستە گوێ لەو کەسانە بگرین کە سبەی وڵات بەڕێوەدەبەن.
بەڕێز بێستون، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لەم فەزایە نوێ و ورووژێنەرە بۆ گفتوگۆکردن.
سوپاس