بەغدا، عیراق - 3ی ئایاری 2023
بەڕێزان، ڕۆژنامەنووسان و میوانە بەڕێزەکان،
شانازییە بۆ من کە ئەمرۆ لێرە لەجیاتی یونامی لە بەغدا لەگەڵ ئێوەدا لە سیهەمین یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا بەشدارم.
ئازادیی ڕۆژنامەگەری، هەروەك ئێوە هەمووتان دەزانن، مافی مرۆڤی سەرەکییە و لە ماددەی ١٩ی جاڕنامەی گشتیی مافی مرۆڤ و مادەی ٨ی دەستووری عێراقیشدا هاتووە. ئازادیی ڕۆژنامەگەری بەردی بناغەی هەموو مافەکانی ترە و کۆڵەگەی دیموکراسیشە. ئەو رێگە بە تاکەکان دەدات بۆ دەربڕینی راوبۆچوونیان و لێپێچینەوە لە خەڵک و دامودەزگاکان و بەشداربوون لە پڕۆسەی بڕیارداندا.
رۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری گرینگی لە ڕاددەبەدەری هەیە لە گەشەپێدانی راگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ و دیموکراسی و لێپێچینەوە گەشەپێدانی مافی مرۆڤیشمان لە عێراق وەبیر دەهێنێتەوە.
شایانی باسە کە ڕۆژنامەنووسان رۆڵێکی گەورە لە پراکتیزەکردن و پاراستنی ئەم مافە دەگێڕن. ئەوە هەر ئێوەن کە زانیاریمان بۆ وەرگرتنی بڕیار پێدەدەن و تیشکیش دەخەنە سەر گەندەڵی و نادادی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. لەهەمانکاتدا، ئێوە ئەرکێکی قورستان لەسەرشانە بەوەی کە پێویستە بێلایەنی و دەرخستنی ڕاستی و خۆدوورگرتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ زانیاری بۆ مەبەستی سیاسی و یان هەر مەبەستێکی تر و ڕێزگرتن لە مافی خەڵکی تر پەیڕەو دەکەن.
ئێمە ئەوەش باش دەزانین کە ئەم پیشەیە مەترسیتان بۆ دروست دەکات. نووسینگەی مافی مرۆڤی یونامی چەندین حاڵەتی بێزارکردن و تۆقاندن و توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسانی تۆمار کردووە و بگرە تا دەگاتە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی مردنیش دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرت لەسەر هەندێ پرسی هەستیاری وەک بۆ نموونە گەندەڵی. لەلایەکی ترەوە، کەناڵەکانی راگەیاندن رووبەڕووی هێرش و هەڵکوتانە سەر بوونەتەوە لەلایەن کەسانێکەوە کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکانەوە تووڕە بوون. لەمەش زیاتر، داخستنی کەناڵەکانی راگەیاندن یان تۆمارکردنی سکاڵا دژی رۆژنامەنووسان لەلایەن کەسایەتی و دامودەزگاکانەوە دەبێتە هۆی پەکخستنی راپۆرتدان لەسەر بابەتە هەستیار و مشتومڕاوییەکان.
لە گفتوگۆ لەگەڵ ٢٥٠ رۆژنامەنووس و بلۆگەر لەسەرتاسەری وڵاتدا، ئەوەمان زانی کە هەندێك لە ئێوە پەناتان بردووەتە خۆسانسۆرکردن لەترسی تۆڵەسەندنەوەی هاوبەشکردنی زانیاری و بیروڕا سەبارەت بە پرسی هەستیار.
ئەمە بە هیچ کڵۆجێك مایەی قبوڵکردن نییە و هەر بۆیە پێویستە بەیەکەوە دڵنیابین لەوەی کە رۆژنامەنووسان کارەکانی خۆیان بەئازادی و بێ هیچ ترس و زیان و چەوسانەوە ئەنجام دەدەن. ئێمە پێویستە مافەکانیان لە لێکۆڵینەوە و راپۆرتدان و سەرنج دەربڕین بۆ ئەو پرسانەی کە بەرژەوەندیی گشتییان هەیە بپارێزین هەتتا ئەگەر بۆچوونەکانیشیان زۆر ناباو یان مشتومڕاوی بن.
بۆ بەدەستهێنانی ئەمەش، ئێمە پێویستە دڵنیابین لەوەی کە چوارچێوەی یاسایی، نەک کۆت و بەندی ناشایستە، ئەم کارە دەپارێزێت. ئێمە نیگەرانین لەوەی کە یاسای ڕەشنووسە کۆنەکانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و تاوانی ئەلیکترۆنی دیسانەوە هاتوونەتە بەر باس و خواس. ئەمەش بەشێوەیەکی ڕێکوپێك بیروڕا و تایبەتمەندبوون و مافە سەرەکییەکانی تر ناپارێزێت. پێوەرە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ سزادانی تاوانبارانە بۆ بوختان و ناوزڕاندن رەت دەکاتەوە و کە ئەمەش وام لێ دەکات کە داوا لە کەسایەتییەکان بکەم بۆ خۆ دوورگرتن لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دژی رۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران هەتا ئەگەر هەندێ جار زمانی بەکارهاتوو زبر یان ناشایستەش بێت.
لە کۆتاییدا، ئێمە پێویستە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بین بۆ ئەوەی پشتگیرییان بکەین کاتێك ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەین کە دەیانەوێت بێدەنگیان بکەن. ئێمە پێویستە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بۆ پاراستنی ئەم ئازادییە بخەینە گەڕ.
لەکاتێکدا ئێمە یادی ئەم ڕۆژە دەکەینەوە، دەبا هەموومان پابەندیی خۆمان بو راگەیاندنی سەربەخۆ و پیشەوەرییانە دووپات بکەینەوە. ئێوە بۆ تەندروستبوونی دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ زۆر پێویستن.