ڕۆژی 3ی ئایاری 2023، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) و یونسکۆ بەشداریان کرد لەئاهەنگی یادکردنەوەی 30 هەمین ساڵوگەڕی ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهانی کە لە بۆنەیەکی تایبەتدا بە هاوبەشی لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق ڕێکخرابوو.
ئەم چالاکییە کە تیشکی خستە سەر تەوەری ئەمساڵ، “داڕشتنی ئایندەی مافەکان: ئازادی ڕادەربڕین وەک پاڵنەری سەرەکی بۆ هەموو مافەکانی تری مرۆڤ” بەرپرسانی عێراقی لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ و کۆمسیۆنی میدیا و پەیامنێران و هەروەها دەیان ڕۆژنامەنووس و پیشەییەکانی دیکەی میدیا لە کۆمەڵێک دەزگای میدیایی بەرفراوان بەیەکەوە کۆکردەوە.
لە دەستپێكی ووتەكەیدا، بەڕێز كلاودیۆ كۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی یونامی، جەختی كردەوە لەسەر پێویستی " هاودەنگی لەگەڵ رۆژنامەنووسان و پشتگیری كردنیان لەكاتی هێرشكردنە سەریان و لێپرسینەوە لەوانەی كە هەوڵی بێدەنگ كردنیان دەدەن." هەروەها باسی لەوەش كرد كە "پێویستە مافی ئەوان لە لێكۆڵینەوە و ڕاگەیاندن و لێدوان لەسەر بابەتی بەرژەوەندی گشتی بپارێزین، تەنانەت ئەگەر بۆچوونەكەشیان نامۆ و جێگای مشتومڕیش بێت".
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە یادی ئەو ڕۆژە دەکاتەوە، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێز ڤۆڵکەر تورک، جەختی لەوە کردەوە کە “بەبێ ئازادیی ڕادەربڕین ناتوانین ڕووبەڕوی نادادپەروەری ببینەوە و گۆڕانکاری دروست بکەین یان بەشداری ئەو مشتومڕانە بکەین کە لە بنەڕەتدا بەڵگەن بۆ مرۆڤبونمان ”. بەو ڕۆحەوە، وەبیر کۆمەڵگەی جیهانی هێنایەوە کە “سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان تەنیا پرسی ئاسایشی کەسی نییە، بەڵکو پرسی سەلامەتی و تەندروستی تەواوی کۆمەڵگاکانە. ئەرکێکی ئەخلاقییە – بۆ داهاتووی هەموومان – کە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ پاراستنی”.
ئازادی ڕادەربڕین لە عێراقدا بە مادەی ٣٨ی دەستوور و هەروەها مادەی ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان مسۆگەر کراوە. ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەرفەتێکی چاک بۆ حکومەت و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڕەخسێنێت کە دووبارە پابەندبن بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و بلۆگەرەکان و چالاکوانان و هەموو ئەو کەسانەی کە پەیڕەوی مافی ئازادی ڕادەربڕین و تۆکمەکردنی دیالۆگ و برەودان بە ئازادیی دەربڕین دەکەن لە عێراق و جیهاندا.