بۆنە: "دیدگای عیراق دەربارەی کەمپی ئەلهۆل لە سوریا"
١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
بەغدا
بەرێزان،
خوشکان، برایان،
بەیانیتان باش،
لەوەتەی من دەست بەکار بووم لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ەوە، چادرگە و بەندیخانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونەتە مایەی بیرکردنەوەی من. بۆچی؟ چونکە جێهێشتنی ئەم بابەته بە چارەسەرنەکراوی هەرگیز بژاردە نەبووە نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستاشدا.
ئێستا بێگومان پاشماوەی دوێنێی شەڕی داعش شتێکی ئاڵۆزە. بەڵام پێویستە هەموومان پێکەوە کار بۆ چارەسەری بکەین. ئێمە ئەرکێکی پێکەوەییمان هەیە بۆ ئەوەی نەهێلین ببێتە شەڕی بەیانی.
لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئێوە لە یادتانە کە من چۆن ئەوەم دووبارە دەکردەوە کە پێویستە چاوەڕێی ئەوە نەکەین کە منداڵان لە چادرگەیەکی وەك ئەلهۆلدا گەورە بن.
ئەم منداڵانە بە ویستی خۆیان نەبووە کە ببنە بەشێك لەم دۆخە دژوارە. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئەوان هەست بەوە دەکەن کە لە مافەکانیان بێبەش کراون و دەکەونە ژێر مەترسی چەکدارکردنی زۆرەملێش بەهۆی ئەوەی کە توندڕەوی و توندوتیژی دەبێتە بەشێك لە ژیانی ئاساییان.
خوشکان و برایان،
ئەمە پرسێکی مرۆییە. پرسێکی ئاسایشییە.
هەروەها بەڕێز قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جیا لەهەموو کەسێك ئەوە دەزانێت کە مانەوەی خەڵك لەم بارودۆخە ناهەموارەدا بۆ ماوەیەکی نادیار دواجار دەبێتە مايەی دروستبوونی مەترسیی زیاتر لەسەر پاراستن و ئاسایش بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی کە بە شێوەیەکی کۆنترۆلکراو بیانبەیەوە.
لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی تازە ئاماژەی پێدا، من لە هەمان ئەم شوێنەی ئێستا وتارێکم پێشکەش کرد کە ئەو کاتە ٤٤٩ ماڵ لە چادرگەی ئەلهۆل گەڕابوونەوە. لەوکاتەوە عێراق توانی کە ئەم ژمارەیە بە گەڕانەوەی ١٣٨٢ ماڵ بۆ سەنتەری جەدعە سێ قات بکات. لەلایەکی ترەوە، ٨٣٧ ماڵیش بەرەو زێدی خۆیان گەڕانەوە.
لە ڕاستیدا، هەوڵەکانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا نەك هەر ئاسان نەبووە بگرە زۆر قورسیش بوو. هەوڵەکان زیاتر لەسەر بنەمای "فێربوون لەڕێگەی ئەنجامدان" ەوە بوو وەك هەر وڵاتێکدا کە هاوڵاتییەکانی لەو چادرگەیە دایە، بە هەمان شێوەش بەرهەڵستیکردنی ئەو کارە بەشێکبووە لە واقیعی عێراقیش.
واتە پرۆسەی گێڕانەوەی هاووڵاتیان لەو کەمپەوە هەنگاوی راستەقینەیە، بۆ عیراق و بۆ هەر وڵاتێکی تر کە هاونیشتیمانانیان لەو کەمپەدا هەیە. من دیسانەوە ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە هێشتنەوەی ئەم دۆخە بە چارەسەرنەکراوی هەرگیز بژاردە نییە و هەر ئەبێت ئەنجام بدرێت هەرچەندە ئاڵنگارییەکانیش سەخت بن.
بێگومان مەترسییەکانی هێشتنەوەی ئەم دۆخە بە ئەنجامنەدانی کاری پێویست یانیش کاری کەم زۆر ڕوونە. هەروەها کەمپێکی وەك ئەلهۆل دەبێتە مایەی دروستبوونی تووڕەیی و دەبێتە سەرچاوەیەکیش بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆر.
ئێستا - وەك عێراق نیشانی داوین: چارەسەری شکۆمەندانە کە لە هەردوو پرەنسیپەکانی لێپرسینەوە و دووبارە تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگا لەنگەری گرتووە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت. هەروەها کاتمان نییە لەدەستی بدەین. ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە: باشترین و تاکە چارەسەری بەردەوام بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، ئەویش بریتییە لە گەڕاندندەوەی ئاوارەکان بە خێرایی و بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە - بە ڕۆحی هاوبەشی.
ساڵی ڕابردوو بەتایبەتی لە ٥ی حوزەیران، خۆم سەردانی کەمپی ئەلهۆلم کرد. بریتیبوو لە ئۆردوگایەکی وێران و فراوانی پڕ لە چادر لە ژێر خۆری سووتێنەردا.
گفتوگۆیەك لەگەڵ کوڕێکی عێراقی تەمەن ١١ ساڵ بۆ هەمیشە لە یادەوەریمدا دەمێنێتەوە. باوکی چەند ساڵێك پێشتر مردبوو، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە بەرەکانی شەڕدا کۆچی دوایی کردبوو. دایکی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردبوو. ئەو و شەش خوشك و براکەی بەتەنیا مابوونەوە، هەوڵیان دەدا لە کەمپێکی وەك ئەلهۆلدا بژین.
کوڕەکە تەنها یەك خەونی هەبوو ئەویش گەڕانەوەبوو بۆ عێراق. بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی دایکی بۆی باس کردبوو. بۆ ئەوەی ژیانێکی شایەنی ژیانکردنی هەبێت. من بە ئاواتە سادەکەی، بە ئیرادەکەی، سەرم سوڕما. تەمەنی یازدە ساڵبوو. دەیوت باشترە لە ژیاندا نەمێنم وەك لەم ژیانە. ڕاستی دەکرد.
لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵدا، رێکخراوی UNHCR و UNICEF ئاگاداریان کردمەوە لە ڕۆیشتنی ئەم کوڕە و خوشك و براکانی، لە کەمپی ئەلهۆلەوە گەڕانەوە بۆ عێراق. ئەوان توانیبوویان دەربچن. بەڵام، وەك هەموومان دەزانین: هەزاران عێراقی، هەروەها هاووڵاتیانی دیکە، هێشتا لەوێدا ماون.
ئێستا - دەسەڵاتدارانی عێراق بەڕاستی درك بەوە دەکەن کە ناتوانن لێرە بوەستن. ئەوان ئەو شتەیان زۆر جار بە باشی ڕوون کردۆتەوە. لەوانەش لەمیانی سەردانەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای مانگی ئازاردا .
هەروەها دەزانین کە کاری زۆر ماوە بۆ ئەوەی ئەنجامبدرێن. وەك وتم هەزاران عێراقی هێشتا لە دەرەوەن.
با ڕاستی بڵێین، ڕێگەپێدان بۆ گەڕانەوە بۆ عێراق تەنها سەرەتای گەشتەکەیە. لە گەیشتن بە سەنتەری جەدعە تا گەڕانەوە بەرەو شوێنی خۆیان ...رێگایەکی درێژی دیکە چاوەڕێیان دەکات، بە هەمان شێوە پڕە لە ئاڵنگاری.
لە کاتێکدا ڕەنگە بە وتارێك نەتوانین وورد و درشتی شتەکان باس بکەین، بەڵام با چەند پرسێك باس بکەم کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن:
- پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ هەماهەنگییەکی بێ کێشە لە نێوان هەموو قەوارە حکومییە عیراقییە پەیوەندیدارەکاندا، بەتایبەتی لە نێوان هەردوو هاوتا مەدەنی و ئەمنییەکان، لەوانەش لە بەڕێوەبردن و هەماهەنگی کەمپەکان و بەڕێکردنی ئاوارەکان لە سەنتەری جەدعەوە و هەروەها پەرەپێدانی پڕۆسەی تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگا.
- پێویستە ئەوانەی کە زیاتر بێدەرەتانن بە تایبەتی ژنان و منداڵان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەبەرچاو بگیرێن. بۆ نموونە و وەك پێشتر باسم کرد، منداڵانی بێ یاوەر یان جیابووەوە هەن کە دەبێت پێداویستییە تایبەتەکانیان دابین بکرێت. ئەمەش پێویستی بە ڕێبازێکی کارکردنی شارەزایانە هەیە، کە بەهۆی پێداویستی و مافە پەیوەندیدارەکانەوە بزوێنرێت.
- تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگا ئامانجی کۆتاییە، خزمەتگوزارییە ڕاگوزەرە گونجاوەکان مەرجێکی پێشوەختەیە لە سەنتەری جەدعە و لە قۆناغەکانی دوای ئەوەش. ئەمانە بریتین لە چاودێری تەندروستی و تەندروستی دەروونی، یان پەروەردە و ڕاهێنانی پیشەیی – هەروەها پێویستییە بنەڕەتییەکان، لە ئامێری چێشتلێنانەوە تا جل و بەرگ.
- گەڕاوەکان دەبێت ڕێگای دەستڕاگەیشتنیان هەبێت بۆ ناسنامەی یاسایی و بەڵگەنامە مەدەنییەکانی تر. بەبێ ناسنامەی فەرمی، گەڕاوەکان سەرکەوتوو نابن لە پێکهێنانی ژیانیان و تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگا.
- هەروەها پێویستە گەڕاوەکان ئاسایی بکرێنەوە لە سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی حکومەتدا وەك هەر هاوڵاتییەکی دیکەی عێراقی. ئەگەرنا مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە بکەونە هەژارییەکی سەختەوە و ڕووبەڕووی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە ببنەوە.
- پاراستنی یەکەی خێزان، بێگومان بە هەمان شێوە گرینگە.
- هەروەها، پێشمەرجی تێکەڵبوونەوەیەکی سەرکەتوو بە کۆمەڵگا بریتییە لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، و بەم پێیەش پێویستە بە شێوەیەکی ڕوون و گشتگیر گفتووگۆ لەگەڵ کۆمەڵگاکان بکرێت لەو ناوچانەی کە ئاوارەکانی بۆ دەگەڕێنەوە. پێویستە کار بکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕێگریکردن لە هەڵمەتەکانی بڵاوکردنەوە و زانیاری هەڵە و ناڕاست.
- پێویستە زیاتر دڵنیابین لەوەی کە داواکارییە جێبەجێنەکراوەکان بۆ دادپەروەری، زەمینەسازیی توڕەیی دروست نەکەن. کەواتە بەڵێ، منیش دەمەوێت جەخت لەسەر پێویستی لێپرسینەوە و دادپەروەری بکەمەوە. قوربانیانی داعش شایەنی زۆر زیاترن. جگە لەوەش لێپرسینەوە و دادپەروەری میکانیزمی سەرەکین بۆ خۆپاراستن.
خوشکان و برایان،
عێراق دیدگایەکی گەورەی هەیە. دیدگایەك کە خۆی لە تەواوکردنی پڕۆسەی گەڕانەوەی شکۆمەندان و بەدواداچوون بۆ لێپێچینەوە و ساڕێژکردنی ئەو برینە قووڵانەی کە لەسەر جەستەی کۆمەڵگاکاندا هەن دەبینێتەوە.
ئەم دیدگایە دەتوانرێت بەدی بهێنرێت ئەگەر هەموو بەشداربووان قسە لەگەڵ یەکتر بکەن؛ ئەگەر هەموویان پێکەوە کاربکەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان؛ و ئەگەر هەموو سەرچاوە و شارەزاییەکان کۆبکرێنەوە. بە واتایەکی تر پێویستی بە هەوڵی سەرتاسەری عێراق هەیە.
هەر بۆیەش ئێمە وەك نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە پرۆسەی پەرەپێدانی ڕێبازێکی سەرتاسەری نەتەوە یەکگرتووەکانداین بۆ پشتگیریکردن لە سەرکردایەتی حکومەت و هەوڵەکانییان لەم کارەدا.
وەك هەموومان دەزانین: باری کەیسەکانی عێراق زۆر قورسە. هەروەها لە کاتێکدا چاوەڕێی ئەوە دەکەین دەسەڵاتدارانی عێراق سەرکردایەتی ئەم هەوڵانە بکەن و ئەوەی ڕاستە بیکەن، ئێمە (وەک وتم) ئەرکێکی بەکۆمەڵمان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە میراتی شەڕی دوێنێ بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی شەڕی سبەی.
لێرەوە هیوام وایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەند بێت بە پاڵپشتیکردنی عێراق بە بردنەوەی هاوڵاتیانیان و بگرە لەوەش گرنگتر بە پاڵپشتیکردنی عیراق لەو ئەرکە بێئەندازەیەی کە لەبەردەمدایە. لە ڕاستیدا تەواو سادەیە: ئەگەر عێراق سەرکەوتوو بێت، هەموومان سوودمەند دەبین.
سوپاس