بەڕێزان،
ئامادەبووانی خۆشەویست،
بە دڵنیاییەوە ئێمە لێرەین لەم بۆنە پڕشکۆیەدا بۆ یادکردنەوەی ئەوەی کە لە سەر دەستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی بەسەر یەزیدییەکاندا هات.
هیچ دەستەواژەیەك یان وشەیەك نییە کە بتوانێت ئەو ئازار و کۆژانەیان دەربڕێت. هەروەها هەموو ساڵێك ئێمە کۆدەبینەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم کارەساتەمان بیر نەچێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا ڕوویدا.
هەر وەك ئەم بەیانییە لە بەغدا وتم: رووداوی هەمیشە لەیاد پێویستی بە ئەرکی دەستەجەمعی هەیە بەڵام ئەم یادە نابێت هەرگیز بە بێدەنگی بڕوات. باشترین شێوازی بەهێزی یادکردنەوەش ئەوەیە کە هاندەری کارلەسەرکردن بێت.
بەداخەوە، لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا وەك پێویست کار بۆ ئەم پرسە نەکراوە، چونکە بە درێژایی ئەم ساڵانە خەڵکی شەنگال بەهۆی مشتومڕ لەسەر دابینکردنی ئاسایش و ئیدارەیەکی یەکگرتوو ڕووبەڕووی چەندین گیروگرفت و بەربەستی سەخت بوونەتەوە.
بە یادکردنەوەی قوربانیان و وەك ڕێزێك بۆ ئازیزانیان من دەتوانم تەنها هەر ئەوە دووبارە بکەمەوە کە چەندین جار داوام لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە ئەویش بریتییە لە: تکایە جیاوازی و بەرژەوەندییە حیزبییەکانتان بەلاوەنێن و هەرچی زووە ئاوڕێك لە پێویستییەکانی خەڵکی شەنگال بدەنەوە.
ڕاستە هەندێك پێشهاتی ئەرێنی روویانداوە کە باس بکرێن وەك:
- زیاتر لە ٦٠٠ ڕزگاربوو لەبە ڕۆشنایی یاسای رزگاربووانی یەزیدیدا مانگانە قەرەبوو وەردەگرن؛
- بە دڵنیاییەوە، فەرمانی زەوی و خانووبەرە؛
- پەسندکردنی یاسای بودجە بووە مایەی رێگە خۆشکردن بۆ دابینکردنی سەرچاوەکان؛
- هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کۆتایی ئەمساڵدا بەو هیوایەی ببێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری لە بەڕێوەبردنی شەنگالدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، مەبەست لە وتنی ئەمانە گەر ڕاشکاو بم: چارەسەری پینەوپەڕۆیانە بۆ دۆخەکە یارمەتی هیچ کەس نادات بە ڕزگاربووانیشەوە.
راشکاوانە بڵێم، راستییەکە بریتییە لەوەی کە هەرچەندە هەنگاوەکان لەم دواییەدا بەرەو ئاراستەی دروست بوون بەڵام بەداخەوە زۆر بەخێرایی ناڕۆن.
- وەك ئەمڕۆ تاوتوێکرا چەندین کەس تا ئێستا هەر بێسەروشوێنن و خانەوادەکانیان هەر لە چاوەڕوانیدان.
- ژمارەیەکی زۆر تا ئێستاش هەر ئاوارەن کە هەم ئەوان و هەم ئەوانەش کە گەڕاوەنەتنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان ڕووبەڕووی چەندین گیروگرفتی خزمەتگوزاریی تەندروستی و تێکچوونی باری دەروونی بوونەتەوە و ئەوانەش کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە بۆیان دابین نەکراوە چی لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری یان لەبەر نەبوونی دیکۆمێنتی پێویست.
- ڕزگاربووان، بەتایبەتی ژنان، ڕووبەڕووی بەربەست دەبنەوە.
- هەژاری بەربڵاوە بەو پێیەی خەڵکێکی زۆر بێ کارن.
- لە ئێستادا، ئەم ئاڵنگارییانە زیاتر سەختتر دەبن بەهۆی دواخستنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگال.
- زۆر بەکورتی، نۆ ساڵ دوای توندوتیژییەکانی داعش و سێ ساڵیش دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی سنجاڕ لەنێوان هەولێر و بەغداد کەچی ئارامی و سەقامگیری بۆ خەڵکێکی زۆر لە شەنگال هێشتا هەر نەهاتوونەتە دی.
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئەم پێشهاتە ئەرێنییانەی ئەمدواییە و بەیاننامەکانی پابەندبوون دەبنە مایەی دروستبوونی پاڵنەر کە پێویستە زیاتر پەرەیان پێ بدرێت.
من هەروەك ئەوەی لە بەغدا ئەم بەیاننیە وتم، رێگەم بدەن لێرەش چەند کارێکی لەپێشینە بخەمەڕوو، وەکو:
- یەکەم، دەمەوێ باسی جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی یەزیدی بکەم کە پێویستە خێرا بکرێت. ئەمەش کاتێك دێتەدی کە ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربووان توانای گرتنەدەستی ئەم کەیسەی هەبێت و هەروەها هەنگاونان بەرەو نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی کە ناهێلن ڕزگاربووان شایستەبوونی خۆیان بخەنەڕوو.
- دووەم، پیشتریش باسم کرد، ڕێککەوتننامەی شەنگال. هەروەك هەنگاوە ئەرێنییەکانی ئەم دواییە، ئێمە پێویستە خێراتر چاومان بە ژمارەیەکی زیاتری ئەم هەنگاوانە بکەوێت بەتایبەتیش لەپرسی دەستنیشانکردنی قایمقام و دامەزراندنی هێزێکی ئاسایشی خۆجێیی و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و پەرەپیدانی ئاوەدانکردنەوە. وە، بۆ ئەوەی ڕوون بێت، ئاسۆی هەڵبژاردنی مانگی کانوونی دووەم نابێت ڕێگری لە پرۆسەی دانانی قایمقامێکی کاتیی بۆ شنگال بکات. ئەم کارە گرینگە بەم زووانە ئەنجامبدرێت، ئەگەر باس لە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و چالاکییەکانی ئاوەدانکردنەوە بکەین.
- سێیەم، کە ئەمە پەیامێکە لە هەموو ئەو رزگاربووانەم بیستووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چاوم پێیان کەوتووە کە ئەوانیش بریتین لە دادپەروەری و لێپێچینەوە کە دوو ئەرکی سەرەکیین. لەکاتێکدا کە پێویستە ناوزڕاندن پێشی پێ بگیرێت لە هەموو کاتێکدا، هیچ گومانیش لەوەدا نییە کە: بەڵێ، بە ڕاستی، ئەوانەی کە لەم تاوانە بەرپرسیارن دەبێ پەلکێشی بەردەم دادگا بکرێن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ڕێگەی رێکخراوی "یونیتاد"یشەوە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ دەرکردنی یاسای پەیوەنددار و بەدواداچوونی دادوەری.
- لە کۆتاییشدا، رێگەم بدەن با ئەوە دووپات کەمەوە کە پێویستە خەڵک بخرێتە پێش سیاسەت و بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە بەتایبەتیش کاتێک قسە لەسەر ئەوانە دەکەین کە رووبەڕووی کۆژانی سەختترین کارەسات بوونەوە لە مێژووی ئەم دواییەی مرۆڤایەتیدا. تەنها ئێمە بەم شێوازە دەتوانین پێویستییەکانی رزگاربووان دابین بکەین.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
لەم چوارچێوەیەدا، هەرچی بڵێم کەمە دەربارەی بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی. بێگوێدانە پاشخان و لایەنگیری، وا چاوەڕوان دەکرێ کە دەبێ هەموو کەس، چ ئەوانەی لەم هۆڵە دانیشتوون چ ئەوانەی لێرە نین، لە قەبارەی ئەو بەرپرسیارییە تێبگات کە دەکەوێتە سەر شانی. بەڕاستی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە هەموو بەشداربن لە دینامیکی بنیاتنەرانەی سەر ئەرزی واقیع لە چوارچێوەی پێکهاتەی دەوڵەتی عێراقدا. هەروەها دەبێ خاڵە هاوبەشەکانی خەڵکی شەنگال دەستنیشانبکرێت نەك سووربوون لەسەر خاڵە جیاوازەکان.
ئەم یادەی ئەمڕۆ بیرخەرەوەیەکی بەهێزە کە شەڕ چی کارێکی نامرۆڤانەی لێ دەکەوێتەوە و هەروەها ئەوەش کە پێشپێگرتن لە دووبارەبوونەوەی چەند پێویستە. من هەروەک پێشتر وتم : ڕاستترین شێوازی یادکردنەوە ئەوەیە بۆ کەوتنە کارکردن هانمان بدات.
بە مانایەکی تر، کاتێك ئێمە یادی ڕابردوو دەکەینەوە، پێویستە بیر لە ئایندەش بکەینەوە و بەمەش بەشێوەیەکی مکوڕانە و شێلگیرانە کار بکەین بۆ پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی کۆژانی لەمجۆرە بۆ خەڵکی شەنگال لەپێناو دابینکردنی ئایندەیەك کە خۆیان باوەڕیان پێیەتی. پێویستە هەر لە ئەمڕۆوە دەست پێ بکەین.
زۆر سوپاس