جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەلاحەدین چاوی بە ئاوارە گەڕاوەکان دەکەوێت
٢٢ ئایار ٢٠٢٤
سەلاحەدین، عێراق، 22ی ئایاری 2024
ئەمڕۆ بەڕێز غولام ئیسحاقزای، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەماهەنگیکاری نیشتەجێ و هەماهەنگیکاری مرۆیی، بۆ عێراق، سەردانی قەزای یەسریبی کرد لە پارێزگای سەلاحەدین و چاویشی بە کۆمەڵێک لەو 35 خانەوادە ئاوارە ناوخۆییە کەوت کە بەمدواییە لە کەمپی ئاشتیی پارێزگاری سلێمانییەوە گەڕابوونەوە. خانەوادەکان سوپاسی یارمەتیی نەختینە و وەرگرتنی کەلوپەلیان کرد کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و حکومەتی ناوخۆییەوە وەریان گرتبوو هەرچەندە هەندێ لەو خانەوادانە داوای هاوکاریی زیاتریان دەکرد بۆ ئەوەی بتوانن دوای گەڕانەوەیان ژیانی ئاساییان بنیات بنێنەوە.
لەلایەکی ترەوە، هەندێکیان تا ئێستاش ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان یان بەهۆی وێرانبوونی خانووەکانیان یانیش بەهۆی کێشەی عەشارییەوە و هەربۆیە دوای گەڕانەوەشیان تا ئێستا هەر لە چادردان.
بەڕێز ئیسحاقزای پێزانینی خۆی سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەت و پێشڤەچوونی بەرچاو لە دابینکردنی گەڕانەوەی بێکێشە و شکۆمەندانە دەربڕی لەگەڵ جەختکردنەوەشی لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی ئاوارە ناوخۆییەکان.
ئەو هەروەها باسی لەو گیروگرفتانەش کرد کە رووبەڕووی ئاوارە گەڕاوەکان دەبنەوە وەک پێویستبوونی شوێنی حەوانەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە پابەند دەمێنێتەوە بە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی عێراق لە زاڵبوون بە سەر ئاڵنگارییەکان و دڵنیابوون لە دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ هەموو ئاوارە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی گەشەدان بە نەخشەڕێگایەکی گشتگیرەوە.