بەڕێز جەنابی موحەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
بەڕێز موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەکالەت
بەڕێز جەنابی حازم تەحسین بەگ
ڕزگاربووان و خانەوادەی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزیدی
ئامادەبووانی بەڕێز
سوپاس بۆ بانگهێشتەکان بۆ ئامادەبوونم و وتاردانم لەم بۆنەیەدا
ڕێگەم پێبدەن، بە دەربڕینی هاوخەمی قووڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەموو قوربانیانی نەخۆشترین و مەترسیدارترین ئایدۆلۆژیاکانی مێژوودا دەست پێبکەم. داعش زۆر بە دڕندانە و تایبەتانە ئێزیدییەکانی کردە ئامانج، هەرچەندە پێکهاتەکانی دیکە وهەروەها شیعە و سوننەکانیش کرابوونە ئامانج. زۆر کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین دڕندەیی بێوێنە ئەنجامدرا . ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون هێشتا کاریگەری لەسەر ژیانی ڕزگاربووان هەیە.
لە نێو ئێزیدییەکاندا هێشتا زیاتر لە 2600 کەس بێسەروشوێنن. گۆڕی بەکۆمەڵ هێشتا هەڵنەدراوەتەوە . زیاتر لە 200,000 ئێزیدی هێشتا ئاوارەن و زۆربەیان هێشتا هەر لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین. هەندێکی تر گەڕاونەتەوە، بەڵام بەبێ پشتگیری و خزمەتگوزاری پێویست کە بۆ ژیانێکی ئاسایی پێویستیان پێ هەیە.
هەندێک لە ئێزیدییەکان پێیان گوتم "ئەم کۆمەڵکوژییە نوێترین کۆمەڵکوژییە لە مێژووماندا، ئێمە ناتوانین بە هیچ جۆرە هیوایەک سەیری داهاتوو بکەین".
خانمان، بەڕێزان ....
ئێمە پێویستمان بە گەڕانەوەی هیوا هەیە بۆ ئاییندە. ئەمڕۆ پابەندبوونمان نوێ دەکەینەوە لە پێناو ساڕێژکردنی ئەو برینانەی کە لە مانگی ئابی 2014 کرابوونەوە و بناغەی کۆمەڵگایەک دادەنێین کە ئەم جۆرە دڕندەیی تێدا دووبارە نەبێتەوە. من پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەت دەکەم لەم بوارەدا و دەمەوێت تیشک بخەمە سەر پێداویستی گرنگ بۆ بەرەوپێشچوون لەم ئاراستەیەدا.
یەکەم، قەرەبووکردنەوە. ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ یارمەتیدانی ڕزگاربووان لە بنیاتنانەوەی ژیانیان. لەم چوارچێوەیەدا، پەسەندکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی ساڵی 2021 دەستپێشخەرییەکی گرنگ بوو و من پێشوازی لەو ڕاستییە دەکەم کە نزیکەی 2000 ڕزگاربووی سوودمەند دەبن. بەڵام دەبێت یاساکە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت و هەموو قوربانییەکان بگرێتەوە، بەو منداڵانەش کە لە دەرەنجامی دەستدرێژی سێکسی لە دایک بوون .
دووەم، گەڕانەوە. بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی بە سەلامەت و خۆبەخشانە و شکۆمەندانە، ئاوارەکان پێویستیان بە سەقامگیریی سیاسی و ئیداری لە شەنگال و شوێنەکانی تر هەیە. هەروەها پێویستیان بە هێزی ئەمنی هەیە کە بتوانن متمانەی پێبکەن. ئەمانە هەروەها پێویستن بۆ خێرایی بنیاتنانەوە. ئەمە ڕێگە بە خەڵکی دەدات بگەڕێنەوە و ماڵەکان و ژیانیان بنیات بنێنەوە. هەروەها ئەمە ڕێگەیەکی دروستە بۆ داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکان.
سێیەم، دادپەروەری. دەبێت هەوڵەکان بەردەوام بن بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسن لە تاوانەکانی داعش، لە ڕێگەی بەڕێوەچوونی دادگاییەکی دادپەروەرانە لە عێراق، یان لە وڵاتانی تر، بە هاوکاری لەگەڵ دەستەی دادوەریی عێراق. دادگاییکردن گرنگە بۆ دیاریکردنی تاوانباران وەکو تاک بۆ دورکەوتنەوە لە سەرزەنشتکردنی هەموو کۆمەڵگە. هەروەک چۆن بەدوای ئەو کەسانە داین کە بەرپرسن لە دڕندەییەکان دەبێت ڕێزیش لەو کەسانە بگرین کە گیانی خۆیان خستە مەترسیی لە پێناو پاراستنی دراوسێیە ئێزیدییەکانیان.
خانمان ، بەڕێزان
ڕێگەم بدەن دوا قسەم لەسەر ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم. مانگی ئایندە ، یونیتاد کۆتایی بە ئەرکەکانی دەهێنیت لە عێراق . ئێمە کارەکانیان لە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی ئەندامانی داعش ئەنجامیان داوە بەرز دەنرخێنین و چاوەڕێین دامەزراوە عێراقیەکان ، بە ئەنجومونی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەرییەوە کارەکانی یونیتاد تەواو بکەن . لە کۆتایی ساڵی ئایندەش ، یونامی کۆتایی بە ئەرکەکانی دەهێنێت لە عێراق. بەڵام تیمەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی و پشتیوانیکردنی ڕزگاربووان لێی .
لە کۆتاییدا، با بەبیری خۆمان بهێنینەوە کە داعش هەرچەندە بە ڕادەیەکی ئێجگار زۆر تێکشکاوە، بەڵام هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە لە سەر عێراق و جیهان. بەداخەوە، شێوەکانی تری توندڕەوی و دەمارگیریی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
لێرە لە عێراق هەموومان بەرپرسیارێتیمان هەیە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەک کە فرەیی سەرچاوەی دەوڵەمەندی بێت نەک هەڕەشە . ئەوەی لە مەترسیدایە تەنها ئایندەی کۆمەڵگای ئێزدی نییە لە عێراق ، بەڵکو ئایندەی عێراقە وەک وڵاتێکی فرەیی کە تێیدا ڕێز لە مافەکانی مرۆڤی هەمووان دەگیرێت.
با لەم دەیەمین ساڵیادەدا ، پابەندی خۆمان بەم ئامانجە نوێ بکەینەوە .
سوپاس بۆ هەمووان