سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان و گەلەکەی دەکات بەبۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمدا، کە بەشێوەیەکی ئارام و هێمنانە بەڕێوەچوو. بەڕێزیان دەستخۆشی لە هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکات لە ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی ئەم هەڵبژاردنانەدا کە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی) پاڵپشتی کرابوو.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستانی عیراق چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتاییە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هانی هەموو سەرکردە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەدات بۆ بەردەوامبوون لە پاراستنی کەشێکی ئارام و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات کە هەر ناکۆکییەکی هەڵبژاردن لە ڕێگەی کەناڵە یاساییە دامەزراوەکانەوە چارەسەر بکەن و پڕۆسەی هەڵبژاردن تەواوبکەن بە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە زووترین کات. بەڕێزیان پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات دەکاتەوە بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی عێراق بۆ چەسپاندنی دەستکەوتە دیموکراسیەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی پڕشەنگدار بۆ گەلی عێراق.
فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
نیویۆرك، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤