پەیامی دکتۆر محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق سەبارەت بە ڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان
٢٤ تشرینی یەکەم ٢٠٢٤
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی ڕۆژێکی گرینگ و بەنرخە لە ڕەوتی گەلاندا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و ڕزگارکردنی نەوەکان لە بەڵای شەڕ و کارکردن بۆ بنیاتنانی جیهانێکی سەلامەتتر و سەقامگیرتر و پێشکەوتووتر.
ڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگیی ئاشتی و سەقامگیری بۆ بەرژەوەندی مرۆڤایەتیمان بیردەخاتەوە. ئەو کەسانە لەبیر ناکەین کە لەم ڕێکخراوەدا خزمەتیان کردووە و ئەوانەی قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ پشتیوانی لە ئاشتی و بەرقەرارکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی.
نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ خزمەتکردنی خەڵک لە هێورکردنەوەی ململانێکان و لە کاتی ئاشتیدا، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و دادپەروەری و گەشەپێدانی بەردەوام. لە عێراقیشدا ئەمەیە کە ئێمە دەیکەین: ئێمە خزمەت بە هەموو کەرتەکانی کۆمەڵگا دەکەین، لەڕێگەی گەشەپێدانی بەردەوام و پاڵپشتی و کردەوەی مرۆیی، هەروەها لەڕێگەی هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ، هەروەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ گەلی عێراق وەستاین لە کاتی ناکۆکییەکاندا.
عێراق وەك ئەندامێکی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لە بەرزڕاگرتنی ئەو بەها و بنەما و مافانەی کە لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆکراونەتەوە کە هەر ١٩٣ وڵاتی ئەندام پابەندبوون پێیەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامەکەیدا لە ڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کورتەیەکی پێشکەشکرد دەربارەی ئێمە کێین و چی دەکەین. بەڕێزیان دەڵێت: "نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن جیهانەوە بنیات نراوە بۆ جیهان. لە ساڵی ١٩٤٥ەوە شوێنی یەکگرتوویی وڵاتان بووە بۆ چارەسەرە جیهانییەکان سەبارەت بە کێشە جیهانییەکان".
ئێمە هەموومان سەر بەم نەتەوە یەکگرتووانەین. شانازی بەم ڕۆژە دەکەین، یادی هەموو ئەو کەسانەش لەبیر ناکەین کە کاریان کرد بۆ بەرزڕاگرتنی ناو و بەهاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و مافە بنەڕەتییەکانی هەموو مرۆڤایەتی.
ڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکانتان شادبێت.