نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی سەنتەری شیاندنەوە دەکات و جەخت لەسەر گرنگی گەڕاندنەوە و تێکەڵکردنەوە دەکاتەوە
سەنتەری شیاندنەوەی جەدعە 1، نەینەوا، 17ی تشرینی دووەمی 2024
ئەمڕۆ دکتۆر محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، سەردانی سەنتەری شیاندنەوەی جەدعە 1ی کرد لە پارێزگای نەینەوا.
لە سەنتەرەکەدا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ خاتوو ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، کۆبووەوە. لە گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەسەر پرسی گەڕاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی ئاوەرەکان.
نوێنەری تایبەت گەشتێکی بۆ ئەو دامەزراوەیە کرد کە لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠٠ کەس لەخۆدەگرێت کە لە کەمپی ئەلهۆل لە سوریا گەڕاونەتەوە و زۆربەیان ژن و منداڵن. کورتەیەك لە کارەکانی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانیان خرایەڕوو، کە پشتگیری حکومەت دەکەن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هەماهەنگی لەناو سەنتەرەکەدا. هەروەها لەگەڵ ژمارەیەك لە دانیشتووان کۆبووەوە بۆ گوێگرتن لە سەرنج و نیگەرانییەکان و هیواکانیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بە مەبەستی چارەسەرکردنی هەر نیگەرانییەك ئەگەر هەیانبێت.
سەنتەری شیاندنەوە کە لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەراندایە، لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ەوە بووەتە شوێنێکی ترانزێت بۆ ژیانێکی نوێ بۆ زیاتر لە ١٠ هەزار کەس. هەندێك لەو خزمەتگوزارییانەی کە سەنتەرەکە پێشکەشی دەکات بریتین لە پاڵپشتی شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی گەڕاوەکان، کە هاوکاری یاسایی لەخۆدەگرێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە مەدەنییەکان، و تەندروستی دەروونی و لایەنی دەروونی-کۆمەڵایەتی و پەروەردە و تەندروستی و بەهێزکردنی ئابووری و بەرنامەکانی بژێوی ژیان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ژیان و هەوڵەکان بۆ پەیوەستکردنەوەی گەڕاوەکان بە خێزان و کۆمەڵگاکانیان.
بە ستایشکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی، دکتۆر ئەلحەسان تیشکی خستە سەر ئەو پێشکەوتنە بەرچاوانەی کە پێشتر بەدەست هاتوون، ئاماژەی بە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو کەسانە کرد کە پێشتر گەڕاونەتەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگاکان بوون سەرەڕای ئاستەنگە ئاڵۆزەکانی ئەمنی و یاسایی و مرۆیی. دکتۆر ئەلحەسان داوای گەڕانەوەی خێرا و سەلامەتی هەموو عێراقییەکانی کرد لە کەمپی ئەلهۆل.
بەڕێزیان ئاماژەی بەوەشکرد کە "رێبازی چالاکانەی عیراق نموونەیەکی ئەرێنییە بۆ وڵاتانی دیکە کە پەیڕەوی بکەن. عیراقی ئەمڕۆ و عیراقی داهاتوو، نیشانی دەدات کە گەڕاندنەوەی بەرپرسیارانە بۆ وڵاتەکەیان مومکینە، بە دۆزینەوەی چارەسەری شکۆمەندانە لەسەر بنەماکانی لێپرسینەوە و یەکگرتنەوە و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کەرامەت". بەڕێزیان داوای لە گەلانی دیکەش کرد کە بە هەمان شێوە پەیڕەوی لێ بکەن و کردەوەی هاوشێوە بۆ هاووڵاتیانیان لە ئەلهۆل ئەنجام بدەن.
نیوەی دانیشتووانی کەمپی ئەلهۆل عیراقین. دۆخی ئەوان هەم قەیرانی مرۆیی و هەم قەیرانی ئەمنییە. زیندانیکردنی درێژخایەن لەم جۆرە بارودۆخە سنووردار و ترسناکانەدا مەترسی زیاتری پاراستن و ئاسایش دروست دەکات لە گەڕانەوەیان بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و بە بەڕێوەبردنێکی باش و بە سەلامەتی و تێکەڵکردنەوەیان بە شێوەیەکی دروست لەگەڵ کۆمەڵگاکانیاندا.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی عێراقییەکان کە چاوەڕوانی گەڕانەوەن، بەردەوامی پشتیوانی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم مەلەفە زۆر پێویستە بۆ دڵنیابوون لە گەڕاندنەوە و تێکەڵکردنەوەیان بە شێوەیەکی سەلامەت و بەردەوام کە شکۆمەندییان بپارێزێت.
لای خۆیەوە بەڕێز غولام ئیسحاقزای، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ڕێکخەری نیشتەجێ و ڕێکخەری کاروباری مرۆیی لە عێراق، وتی: "پێویستیی خێراکردنی پڕۆسەی گەڕانەوەی هاووڵاتیان لە ئەلهۆلەوە لە پێشینەی کارەکانە سەرەڕای ئاڵنگارییە گەورەکان کە ڕووبەڕووی عیراق دەبنەوە، لەوانەش ناسەقامگیری ناوچەیی و گۆڕانکاری بەرچاو لە پاڵپشتیی دارایی نێودەوڵەتیدا. ئەم کارە لەپێشینەیە زۆر گرینگە بە تایبەتی سەبارەت بە گروپە بێدەرەتانەکانی وەك منداڵانی بێ یاوەر و ژنانی ڕزگاربوو لە دەست توندوتیژی و قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە."