بەغدا، 20ی تشرینی دووەمی 2024
ئەمڕۆ دکتۆر محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی)، ستایشی ئەنجامدانی یەکەم سەرژمێری دانیشتوانی عیراقی لە ٣٧ ساڵی ڕابردوودا کرد، جەختی لەسەر گرنگیی ئەو سەرژمێرییە بۆ پلان و پڕۆژەکانی گەشەپێدانی داهاتوو لە وڵاتدا کردەوە.
ئەمەش لەکاتی سەردانێکدا بوو بە هاوەڵیی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکانی سەرژمێری دانیشتوان لە وەزارەتی پلاندانان، کە تیایدا سەرۆك وەزیران و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیاریی تێروتەسەلیان لەبارەی پڕۆسەکەی ئەمڕۆ و سبەی و شێوازەکانی کۆکردنەوەی زانیاری و نوێکردنەوە وەرگرت. لە کۆنگرەکەدا د.محەمەد تەمیمی، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانان، ئامادەبوو.
دکتۆر ئەلحەسان ستایشی بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە و هەوڵە گەورەکانی حکومەتی بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە کرد و وتی: "ئەمە قۆناغێکی مێژووییە بۆ عێراق، ئەوەی ئەمڕۆ شاهیدی بووین هەنگاوێکی گرنگە بۆ داهاتووی عێراق، ئەم سەرژمێرییە ئامانجی گەشەپێدانە. پێشکەوتنی دەوڵەتان بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە سەرژمێرییەوە. ئەو کارە پیشەییانەی ئەمڕۆ بینیمان متمانە بە پرۆسەکە و جددیەتی لە جێبەجێکردنیدا پشتڕاست دەکاتەوە بە هاوکاری تەکنیکی ڕێکخراوی UNFPA."
دکتۆر ئەلحەسان هەوڵەکانی ئەو کارمەندانەی کە لە گەڕەکەکان کاردەکەن و ئامۆژگاری و هاوکاری تەکنیکی ڕێکخراوی UNFPA بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بەرز نرخاند. داواشی لە هەموو لایەک کرد بەشداری بکەن و هاوکار بن لە پێناو بەرژەوەندی عێراق و گەلەکەی.
بەڕێزیان ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەم سەرژمێرییە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و دابەشکردنی یەکسانی سەرچاوەکانە لە نێوان ناوچە جیاوازەکاندا و پلاندانانە لەسەر بنەمای پێوەرە زانستی و مۆدێرنەکان. بەناوی منەوە و بەناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین بۆ عێراقێکی باشتر."