بەیاننامەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی) سەبارەت بە ڕۆژی سەرکەوتن لە عێراقدا
١٠ کانونی یەکەم ٢٠٢٤
لە ١٠ی کانونی یەکەمدا، عیراق ئاهەنگی ڕۆژی سەرکەوتن دەگێڕێت بە بۆنەی ڕزگارکردنی خاکەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی تاقمی تیرۆریستی داعش. لەسەر ئەم خاڵە گرنگە، قوربانییە گەورەکانی عێراقییەکان بۆ وەرگرتنەوەی خاکەکەیان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا وەبیر دێنینەوە.
جگە لەوەی بۆنەیەك کە پیرۆزبایی دڵسۆزانەمان تێدا دەردەبڕین، ڕۆژی سەرکەوتن جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە دەکاتەوە کە بە هەوڵی هەمووان لە عێراق و هەروەها هاوبەشەکانیان لە سەرانسەری جیهانەوە بەدەست هاتوون. ئەو بۆنەیە بانگەوازێکە بۆ هەمووان بۆ چەسپاندنی یەکێتی نیشتمانی و بە هاوبەشی کارکردن بۆ عیراقێکی بەهێز کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و هەروەها عیراقێك کە دوور بێت لەو گرژی و ململانێیانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
بەم بۆنەیەوە ستایشی ئەو دەستکەوتانە دەکەین کە لە دوای سەرکەوتن و وەرگرتنەوەی خاك لەدەست تیرۆر بەدەست هاتوون. ئێمە داوای بەردەوامی هەوڵەکان دەکەین بۆ ڕزگارکردنی عێراق نەك تەنها لە پاشماوەکانی داعش، بەڵکو لە هەموو جۆرەکانی توندڕەوی و کۆنەپەرستی. ئێمە چاومان لە عێراقێکە کە تێیدا هەمووان چێژ لە ئاسایش و سەلامەتی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا وەربگرن. ئێمە بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین وڵات لاپەڕەکانی ڕابردووی ئازاربەخش بۆ چاکە بگێڕێتەوە بە بەهێزکردنی ئاشتەوایی نیشتمانی بۆ پاراستنی دەستکەوتە بەدەست هاتووەکان و گرنگیدان بە شتە هاوبەشەکان و دوورکەوتنەوە لە دابەشکاریی، لەوانەش بابەتگەلێکی مشتومڕاوی کە یارمەتیدەر نین لە یەکخستنی پەیکەری کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی لە نێوان پێکهاتەکانیدا.
هیوادارین شادی سەرکەوتن تەواو بێت بە گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی هەموو ئەوانەی بەهۆی ئەم ململانێیەوە ئاوارە بوون بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها کاتێك هەموو هاوڵاتیانی عێراق لە کەمپی ئەلهۆل لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان و تێکەڵ بە کۆمەڵگا بکرێنەوە. لەم چوارچێوەیەدا ئێمە دەستخۆشی لە هەوڵە گەورەکانی حکومەتی عێراق دەکەین لەسەر ئەو مەلەفە تایبەتانە، کە لەلایەن یونامی و تیمی وڵاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق پاڵپشتی دەکرێن.
نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و گەلی عیراق دووپات دەکاتەوە لە گەڕاندنەوەی سەروەری و کۆنترۆڵکردنی خاکەکەیان و لە گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندنی بەردەوام. عیراق بۆ جیهانی سەلماندوە کە توانای هەیە، بە پشتگیریی گەلەکەی، بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بێت و ئایندەیەکی گەشاوەتر و خۆشگوزەرانتر بۆ هەموو هاووڵاتیانی دروست بکات.