راگەیەندراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی عێراق بەبۆنەی "ڕۆژی جیهانیی ژنان" وە بۆ ساڵی ٢٠٢٥
٠٨ ئازار ٢٠٢٥
بۆ هەموو کچان و ژنانی عێراق: پێشخستنی مافەکان، فراوانکردنی دەرفەتەکان، خێراکردنی پێشکەوتنەکان
بەغدا، ٨ی ئاداری ٢٠٢٥ :- سەرباسی ئەمساڵی رۆژی جیهانیی ژنان، کە بریتییە لە "خێراکردنی پێشکەوتن، مافەکان، یەکسانی، بەتواناکردن"، جەخت لەسەر رەخساندنی دەرفەت دەکاتەوە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هەموو ژنان و کچان بتوانن گەشە بکەن و بەشداری بکەن و سەرکردایەتی بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خواستەكانیان بە شێوەیەکی شکۆمەندانە و سەقامگیرانە و بە دەرفەتی رەخساوی یەکسانانەوە بەدی بهێنن.
ئێمە لە کاتێکدا ئاهەنگ بۆ ئەم ڕۆژە دەگێڕین لە ساڵی ٢٠٢٥ دا، بە ڕێزەوە باس لە رۆڵی بەرچاوی ژنانی عێراق دەکەین کە بەدرێژایی مێژوو توانیویانە شوناسی نەتەوە بپارێزن و کەلتوورەکەشی دەوڵەمەند بکەن بەهۆی توانایان بۆ هەڵسانەوە و بڕیاری شێلگیرانە و قوربانیدان و دەسکەوتی بەرچاوەوە.
لە راستیدا عێراق پێشکەوتنێکی گەورەی سەبارەت بە بەدەستهێنانی "ئامانجی گەشەپێدانی درێژخایەنی ژمارە ٥" بەدەستهێناوە بە داننان بە بە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و هەروەها بەتواناکردنی هەموو ژنان و کچان. لەلایەکی ترەوە سیستەمی کۆتا بۆ بەشداریی سیاسییانەی ژنان پەیڕەو کراوە و حکومەتی عێراقیش چەندین چوارچێوەی گشتگیر و هیوابەخشی بۆ بەتواناکردنی ژنان دروست کردووە بەگرتنەخۆی"ستراتیژ بۆ ژنانی عێراق" و بەم زووانەش "پلانی نیشتمانی کارکردن لەسەر ژن و ئاشتی و سەقامگیری" رادەگەیەنێت.
هەرچەندە پێشکەوتن و دەسکەوتێکی زۆر لە عێراقدا بەدی هاتوون بەڵام هێشتا کاری زۆرتر لە بوارەدا ماوە وەک پێویستبوون بە دەرکردنی یاسایەک کە پاراستنی زیاتر بۆ ژنانی عێراق لە توندوتیژی مسۆگەر بکات و بەشدارییان لە هێزی کاردا زیاتر بکات و ڕێگەش بۆ نوێنەرایەتییان لە بڕیارداندا لە هەموو کایەکاندا خۆش بکات.
هەر بۆیە ئێمە داوا لە هەموو دامودەزگا پەیوەنددارەکانی عێراق دەکەین کە ئەم دەسکەوتانە بپارێزن و پەرەیان پێ بدەن بە تایبەتیش بەشداریی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا وەک بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک بۆ دامودەزگاکانی عێراق بەگوێرەی چوارچێوە جیهانییەکان بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان و کچان و دابینکردنی پاراستنیان و بەتواناکردنیان و گەیاندنی دەنگیان بۆ بەشدارییان لە رەنگرێژکردنی ئایندەی وڵاتدا.
لەم رۆژەدا کە ئێمە ئاهەنگ دەگێڕین بەو پێشکەوتنانەی کە بەدیهاتوون، هانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەدەین کە دەسکەوتی زیاتر سەربار بکەن لەپێناو دروستکردنی ئایندەیەک کە تێیدا هەر ژن و کچێک لە عێراقدا توانای گەشەکردن و هەڵسانەوەی هەبێت و دەرفەتیشی بۆ ڕەخسا بێت.