لێدوانی ڕۆژنامەوانی

داننان بە خاوەندارێتی زەوی بۆ خەڵکی یەزیدی لە شەنگال دەسکەوتێکی مێژووییە و ڕەنگدانەوەی هەوڵی هاوبەشانەی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیشە

١٥ نیسان ٢٠٢٥

شەنگال، عێراق، 14ی نیسانی 2025:- لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی شەنگال، پارێزگاری نەینەوا و شارەوانی شەنگال و دائیرەی تۆماری زەوی ١٣٣٨ نووسراوی خاوەندارێتی زەویان بەسەر خەڵکی یەزیدیدا دابەش کرد لەگەڵ نزیکەی ١٠٠ تاپۆش لە کۆمەڵگای دوگرێ و تەل ئوزێر کە بەشێوەیەکی فەرمی و بۆ یەکەم جار دوای چەندین نەوە وەک خاوەن زەوی تۆمار کران.

ئەم هەنگاوە دەگمەن و بێ پێشینە لە دابەشکردنی ئەم ژمارە زۆرەش لە تاپۆی زەوی وەڵامدانەوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٢٧ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە کە لە ئاداری ٢٠٢٥دا رەزامەندی لەسەر دەربڕیبوو.

بەبێ هیچ رێنماییەک، سوودمەندان دەبێت ٢٠ هەزار دینار بۆ هەر مەترێکی چوارگۆشە بدەن بۆ ئەوەی تاپۆ بەدەست بهێنن کە دەکاتە نزیکەی ٦ هەزار دۆلار بۆ هەر ماڵێک.

رێکخراوی هابیتاتی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکانە کەوتووەتە داکۆکیکردن بۆ لێخۆشبوونی تەواو لە سوودمەندان لەبەر ڕۆشنایی نیازی سەرۆک وەزیران بۆ لابردنی قورسایی دارایی لەسەر شانیان و ئەم بڕیارەی ئەمدواییەی ئەنجومەنی وەزیرانیش هەنگاوێکە بەرەو ئەم لێخۆشبوونە لە خەڵکی یەزیدی لە شەنگال و بەعاج لەگەڵ دانانی وادەیەکی ٦٠ رۆژیش بۆ جێبەجێکردنی.

لەمبارەوە، وێڕای دەسخۆشی کردنی لەم دەسکەوتە، دکتۆر محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامی، وتی "ئەم داننانە مێژووییەی خاوەندارێتی زەوی بۆ خەڵکی یەزیدی لە شەنگال نیشاندەری هەوڵە هاوبەشەکانمانە بەرەو یەکسانی و دادپەروەری و هەروەک چۆن بەڵگەشە لەسەر پابەندبوونی عێراق بۆ خەڵکی یەزیدی. ئەم دەسکەوتە نموونەیەکی بەرچاو و بەرجەستەیە لە پێشخستنی چارەسەری درێژخایەن و گێڕانەوەی شکۆ و ناسنامەدا و هەروەها هیواشە بۆ کۆمەڵگایەک کە بەدەست ئازار و ناخۆشیی لە ڕاددەبەدەرەوە ناڵاندوویەتی. "

ئەو هەروەها وتیشی"بە ناساندنی فەرمییانەی خاوەندارێتی زەوی و لێخۆشبوون لە تێچوونی تۆمار کردن بۆ یەزیدییەکان، ئێمە پابەندیی هاوبەشانەی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خەڵکی یەزیدی و شوێنی شایستەیان لە ئایندەدا لە عێراق دووپات دەکەینەوە."

لەلایەکی ترەوە، ئەم دەسکەوتە مەزنە هەرگیز نەدەهاتە دی بەبێ هەوڵی رێکخراوی هابیتات کە لە راستیدا کارەکانی بنچینەیی بوون بۆ بەرەوپێشبردنی زەوی و نشینگە و مافی کەلوپەل بۆ خەڵکی بێدەرامەت. لەم ١٠ ساڵەشدا، هەوڵەکانی هابیتات و هاوبەشکارانی کە داکۆکیکار بوون لە نشینگە و زەوی و مافی کەلوپەل گفتوگۆی ئاستبەرز و هاریکاری بەرجەستەی مەیدانی بۆ دڵنیابوون لەوەی خەڵکی یەزیدی دەتوانن دەستیان بگاتە مافەکانیان. رێکخراوی هابیتات یارمەتی ١٠٣٠٩١ کەسی داوە (٤٤.٨٥% ژن  ٥٥.١٥% پیاو) لەگەڵ دەرکردنی ١٨٢١٨ نووسراوی پەسندکراوی خاوەندارێتی زەوی کە لە جێگەی تاپۆیە.

لە مانگەکانی داهاتووشدا، پێشبینی ئەوە دەکرێت کە هەموو نووسراوەکانی خاوەندارێتی زەویەکان دابەش بکرێن و ڕێک بخرێن. سەرباری ئەم دەسکەوتەش، نووسراوی تۆماری زیاتری خاوەندارێتی زەوی لەلایەن رێکخراوی هابیتاتەوە دەردەکرێن و دەکرێنە تاپۆ بۆ پتەوکردنی زیاتری مافی خاوەندارێتی بۆ یەزیدییەکان.

staff

ئانا پێس

به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ نیشته‌جێكردنی مرۆیی
بەرپرسى پەیوەندیەكان

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ نیشته‌جێكردنی مرۆیی
به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ نیشته‌جێكردنی مرۆیی

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت