پایەدارانی بەڕێز
خانمان ، بەڕێزان
سڵاو و ڕەحمەتی خواتان لێ بێت
شەرەفمەندم بە بەشداری بوونم لە کردنەوەی دووەم کۆنفرانسی بەگژداچوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر ، کە وێستگەیەکی گرنگە لە گەشتی عێراق بەرەو گواستنەوە بۆ دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان ، و کارلێکی ئەرێنیە لەگەڵ هەوڵەکانی بەگژداچوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و وشککردنی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆر و پتەوکەدنی سیستەمەکانی پەیڕەوکردنی چوارچێوەکانی ڕێکخستن و بەڕێوەبردن لە کەرتی دارایی و بانکیدا.
سەرەتا بە ستایشکردنی هەڵبژاردنی ناونیشانی ئەم خوولە "ئاڵنگارییەکانی بەردەم بانکە عەرەبییەکان لە پەیڕەوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێگاکانی دابینکردنی داواکاری بانکەکان " دەست پێدەکەم . ئەمەش دەڕبڕینی بەرزیی ئاستی هۆشیاری دامەزراوە دارایی و بانکییەکانە کە گەڕانەوەی متمانە و ڕاکێشانی هاوبەشییە نێودەوڵەتیەکان، پێویستی بە پابەندبوون بە بەرزترین پێوەرەکانی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی هەیە.
خانمان ، بەڕێزان
نەتەوە یەکگرتووەکان لەو باوەڕەدایە کە فەرمانڕەوایی باش و شەفافیەت و پەیڕەوکردنی چوارچێوە پەسەندکراوەکانی ڕێکخستنە نێودەوڵەتییەکان، تەنها کۆڵەکە نین بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکرنی تیرۆر ، بەڵکو ئامرازیشن بۆ پتەوکردنی بونیاتنانی متمانە لە نێوان دەوڵەتان و دامەزراوەکان، بەتایبەتیش لە کەرتی دارایی کە شادەمارێکی سەرەکییە بۆ گەشەی ئابووریی.
لەم چوارچێوەیەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێز لە هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و یەکێتی بانکە تایبەتەکانی عێراق دەگرێت بۆ ڕابەرایەتیکردنی ئەم جووڵانەوە ئەرێنییە، و داوای بۆ بەهێزکردنی هاوبەشێتی دەکات لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتیەکانی وەک سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و گرووپی کاری دارایی (FATF) (FATF MENA) و لیژنەی بازل و لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای ئاسیا (ئێسکۆا) و هیتر – ئەمەش لە پێناو بونیاتنانی توانا نیشتمانییەکان کە بەشدارن لە بەرزکردنەوەی پێوەرەکان بۆ پێ بەپێ ڕۆێشتن لەگەڵ مەرج و شایستە جیهانییەکان.
هاوبەشییەکی ئاوا - بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و (نا عەرەبی) ، کە توانیویانە متمانەی دامەزراوە نێودەوڵەتی و بانکە جیهانییەکانیان بەدەست بهێنن لە میانەی پەیڕەوکردنی چاکسازی ڕیشەییەوە - دەتوانێت عێراق تێکەڵ بە سیستەمی بانکی جیهانیدا بکات... بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی،بەرەو گەشەپێدانی ئابووریی بەردەوام،بکات.
بەشداربووانی ئازیز
کۆنفرانسی ئەمڕۆ سەکۆیەکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و پیشاندانی پڕۆگرام و ئەپەکانی تەکنەلۆژیای دارایی و زیرەکیی دەستکرد وەک ئامرازی کرداریی بۆ بەهێزکردنی سیستەمەکانی پەیڕەوکردنی چوارچێوەکانی ڕێکخستن و بەگژداچوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر. لە سایەی گۆڕانی خێرای دیجیتاڵیدا ، چیتر تەکنەلۆژیا هەڵبژاردە نییە، بەڵکو پێداویستییەکی بەپەلەیە و ئەگەر باش بەکاربهێنرێت ئەوا دەتوانێت شێوازە گوماناویەکان بدۆزێتەوە و وردی ڕێکارە چاودێرییەکان بەهێز بکات و و وەڵامدانەوەش بۆ مەترسییە دارایییەکان خێراتر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ، پێویستە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی ئاوا سیستەمێکی یاسادانانی بەهێزی لەگەڵ بێت ؛ لەکاتێکدا دیجیتاڵکردن چەندەها ئەگەری بێ وێنە بەردەست دەکات ، بەڵام گوێڕایەڵی بۆ یاسادانان بە گەرەنتی سەرەکی بەردەوامیی گۆڕان و بە شەرعیەت بوونی دەمێنێتەوە.
بە تەواوی چاکبوونەوەی عێراق و گەڕانەوەی بۆ بیننی ڕۆڵی ئەرێنییانە بۆتە پێداویستیەکی هەرێمیی و و نێودەوڵەتی... کاتی ئەوە هاتووە کە ڕابردوو وەلاوە نێین و ئەم گەوهەرەی ڕۆژهەڵات لە خۆڵ و تۆزی ڕابردوو پاک بکەینەوە . گەلی عێراق و سەرکردایەتییەکەی توانای ئەوەیان هەیە.
سوپاستان دەکەم