سه‌ركردایه‌تی یونامی

کلاودیۆ کۆردۆن: بەرپرسی یونامی بە وەکالەت، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن

لە ١٤ی ئابی ٢٠٢٢دا، بەڕێز کلاودیۆ کۆردۆنی بە ڕەگەز ئیتاڵی وەك جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) دەست بەکاربوو. لەوەتەی ڕۆیشتنی خاتو پلاسخارتی نوێنەری پێشووی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ١ی حوزەیران و تا دەستبەکاربوونی بەرسێکی نوێی نێردەکە، بەڕێز کۆردۆن وەك بەرپرسی بە وەکالەتی نێردەکە خزمەتدەکات. 

بەڕێز کۆردۆن، کە لە ١١ی تەموزی ٢٠٢٢ لەلایەن سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێشەوە، فەرمانی دامەزراندنی بۆ دەرچوو، ئەزموونێکی ٣٥ ساڵەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی مرۆیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت . ئەو لە ساڵی 2017 ەوە بەڕێوەبەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەهاناوەچوون و کاروباری پەنابەرە فەلەستینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نزیك (UNRWA) بووە لە لوبنان هەروەها بۆ ماوەیەکی کورتیش ئەو لە لوبنان هەماهەنگیکاری نیشتەجێ و مرۆیی بووە.

پێشتریش لەماوەی نێوان (٢٠١٣-٢٠١٧) پۆستی بەڕێوەبەری بەشی مافەکانی مرۆڤ و دادوەریی ڕاگوزاری و سەروەری یاسای هەبوو لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتگیریی لیبیا (UNSMIL) و هەروەها نوێنەری کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤیش بووە لە وڵاتدا. پێشتریش ، بەڕێز کۆردۆن لەگەڵ سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ داوەریی ڕاگوزاری (ICTJ) کاری کردووە و زیاتر لە ٢٥ ساڵیش لەگەڵ ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی کاری کردووە و چەندین پۆستی جۆراوجۆری بەڕێوەبردووە و لە ساڵی ٢٠١٠ ش و بۆ ماوەی شەش مانگ و بە شێوەیەکی کاتی سکرتێری گشتی ئەم ڕێکخراوە بووە. لە ماوەی ١٩٩٧-١٩٩٨، سەرۆکی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ بوو لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا(UNMIBH). بەڕێز کۆردۆن لە زانکۆی ساپێنزا لە شاری ڕۆما بڕوانامەی لە یاسادا بەدەستهێناوە و لە زانکۆی جۆرج تاون لە شاری واشنتۆن بڕوانامەی ماستەری لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبی عەرەبی بەدەست هێناوە. بەڕێز کۆردۆن بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیتاڵی و عەرەبی قسە دەکات.

 

غولام ئیسحاقزای: جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەماهەنگکاری نیشتەجێ و هەماهەنگکاری مرۆیی لە عێراق دامەزرا

بەڕێز غولام محەمەد ئیسحاقزای ئەفغانی لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە وەك جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) و هەماهەنگکاری نیشتەجێ دەستبەکاربوو. بەڕێز ئیسحاقزای ئەرکی هەماهەنگکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەڕێوە دەبات.

بەڕێز ئیسحاقزای لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٢ دەستنیشانکراوە و شوێنی  ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلۆرانۆی ئەڵمانی دەگرێتەوە کە سکرتێری گشتیی سوپاسی خۆی بۆ سەرکردایەتیکردن و خزمەتەکەی لە ماوەی دەستبەکاربوونی دەربڕیی.

بەڕێز ئیسحاقزای ئەزموونی زیاتر لە ٢٨ ساڵ لە کاری دیپلۆماسی و بواری مرۆیی سەخت و گەشەپێدان و بووژانەوە و ئاشتی دروستکردن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

ئێستا ئەو لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ وەوە  بەشێوەیەکی کاتی وەك هەماهەنگسازی نیشتەجێ و مرۆیی لە ئەردەن کار دەکات. پێشتریش ئەو وەک باڵیۆزی ئەفغانستان و نوێنەری هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک کاری کردووە. پێش ئەمەش، ئەو وەک هەماهەنگکاری نیشتەجێ لە ئازەربایجان لە ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢١ لە کۆریاش لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ کاری کردووە. ئەو هەروەها نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان  ( یو ئێن دی پی) و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (یو ئێن ئێف پی ئەی) بووە. لە ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠١٣ لە چەندان پۆستی جۆراوجۆری پەیوەست بە سیاسەتدانان و گەشەپێدان و مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەڵمانیا و نیپال و ئەفغانستان و سوریا و یەمەن و عێراق، وەک بۆ نموونە هەماهەنگکاری نیشتەجێ لە نیپال و هەروەها وەك بەرپرسی بەرنامەی خۆبەخشانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆن کاری کردووە.

شایانی باسە، بەڕێزیان بڕوانامەی ماستەری هونەری لە یاسا و دیپلۆماسیی لە قوتابخانەی فلێچەر و زانکۆی توفتس لە بۆستن و هەروەها بەکالۆریۆسی زانستی لە بەڕێوەبردنی کار لە زانکۆی میدلاند بەدەست هێناوە. ئەو زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و پوشتۆ و فارسی و ئوردو دەزانێت.