ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ٢٠ تۆن پێداویستی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق دابین دەکات بۆ پتەوکردنی بەرەنگاربوونەوەی نیشتمانی ئالنگاریە تەندروستییەکانی پەتای کۆڤید -19
٢٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٢
هەولێر، عێراق، ٢٣ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢- ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زیاتر لە ٢٠ تۆن لە تەکنیکیە پزیشکیە هەرە پێویستەکانی ڕادەستی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد.

117 پالێت کەل و پەلی پزیشکی کە بریتی بوو لە کۆمەڵێک ئامێری پزیشکی تەنگەتاوی و قەرەوێڵەی میکانیکی یەکەی چاودێری چڕ و کەل و پەلی پاراستنی کەسی (PPEs) و کەل و پەلی پزیشکی تر کە برەو بە خزمەتگوزاری چاودێری پزیشکی دەدات و ئامادەکارییەکانی دەسەڵاتی تەندروستی خۆجێیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن ، کە بە شەپۆڵی چوارەمی پەتای کۆڤید-19 دادەنرێت لە عێراق، پتەوتر دەکات .
بەم بۆنەیەوە، دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان وتی " خۆشحاڵم بە ئاستی هاریکاری نێوان وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سوپاسی هەموو ئەو کۆششە سەختانەش دەکەین کە لە پشت ئەم پشتگیرییە بەردەوامەن" . جەنابی وەزیر لە درێژەی وتەکەیدا وتی " بە دڵنیاییەوە ئەم بڕە یارمەتییە پزیشکییە تەنگەتاوییە جیاوازیەک لە جۆر و بڕی خزمەتگوزاری چاودێری پزیشکی ، کە لەلایەن دەزگا تەندروستیەکانمان پێشکەش دەکرێت ، دروست دەکات ، ئێستا سەدان هەزار کەس بەشێوەیەکی باشتر دەتوانن دەستیان بە خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی بنەرەتی و تەنگەتاوی بگات بە چارەسەری پەتای کۆڤید-19 ەشەوە "
دوای ئەو دابەزینە بەرچاوەی ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆڤید -19 لە دوا مانگەکانی ساڵی ٢٠٢١ کە زۆری ژمارەی وەرگرانی پێکوتە لە سەرتاسەری عێراق یارمەتیدەر بوو بۆ ئەمە ، جارێکیتر ژمارەی توشبووان بەرەو هەڵکشان چوو ئەمەش ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ شەپۆڵێکی نوێی پەتاکە لە وڵاتدا، کە لەوانەیە پەیوەست بێت بە دۆزینەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە شاری دهۆک لە باکوری هەرێمی کوردستان و لە بەغدای پایتەختیش لە ٦ی کانونی دووەمی ئەمساڵ.
لە لایەن خۆیەوە، دکتۆر ئەحمەد زویتن نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سەرۆکی نێردەکە لە عێراق وتی" ئەم بارە تەواوکەری پشتگیرییە تەنگەتاوی و ژیان ڕزگارکەرییەکەی پێشوو ترە کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی داواکاری دەسەلاتە تەندروستیە خۆجێییەکان پێشکەش کرا بوو بە هۆی ئەو هەڵکشانە نوێیەی ژمارەی توشبووان بە جۆری ئۆمیکڕۆن." هەروەها بەرێزیان وتی " ئێمە زۆر نیگەرانین بەرامبەر هەڵکشانی ئەم دواییەی ژمارەی توشبووان ، کە ئێمە وەک بانگەشەیەک بۆ کاری بە کۆمەڵ دەیبینین بۆ پتەوکردنی کۆششە خۆجێیەکانی خۆپاریزی و پێکوتە لیدان. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و هەردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوبەشن لە هەمان ئامانج ئەویش کارکردنە لە پێناو پاراستنی عێراقییەکان و ڕزگارکردنی گیانیان لە میانەی خزمەتگوزاریە تۆکمە و بەردەوامەکانی چاودێری تەندروستی کە دەتوانرێت لە سەرتاسەری عێراق بە نرخێکی هەرزان فەراهەم بکرێت."
شایانی باسە ، لە ساڵی ٢٠٢١ دا ، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق پشتگیری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردووە بە دابینکردنی کەل و پەلی پزیشکی و دەرمان بە بڕی زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. ئەم پشتگیرییەش یارمەتیدەر بوو لە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بنەرەتی و تەنگەتاوی لە پارێزگاکانی هەریمی کوردستان و هەروەها تا ڕادەیەکی زۆریش بەشدار بوو لە دابینکردنی پێداویستیە تەندروستییە هەرە پێویستەکانی کۆمەڵگای هەرێم کە بەردەوامە لە میوانداریکردنی نزیکەی چارەکە ملیۆنێک پەناهەندەی سوری و زیاتر لە ملیۆنیک ئاوارەی نێوخۆیی.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەو بەشداریکردنە دەستکراوەیەی حکومەت و گەلی ئەلمانی و ئاژانسی ئەمریکی گەشەپیدانی نێودەوڵەتی و حکومەتی کوێت دەردەبڕێت بۆ یارمەتیدانیان لە دابینکردنی دارایی ئەم بارە کەل و پەلە پزیشکی و تاقیگەییانە.
