لێدوانی ڕۆژنامەوانی

بەرەو چارەسەرکردن: سیستەمی ڕەوانەکردن بۆلای خزمەتگوزارییە تەندروستییە دەرونییەکان بۆ ڕزگاربووانی جینۆساید لە عێراق دانرا و کەوتەکار

٢٨ ئازار ٢٠٢٣

هەولێرلە ٢٦ی ئادار دا، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربووان و هەشت ڕێکخراوی ناحکومی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا ڕێککەوتننامەی هەماهەنگیکردنیان واژۆکرد بۆ دانان و خستنەکاری سیستەمێکی ڕەوانەکردنی فەرمی کە بەهۆیەوە سوودمەندبووانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی ، کە ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە لە جینۆسایدی داعش ڕزگاریان بووە، دەتوانن بۆ لای خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی  ڕەوانە بکرێن لە ناوچەکانی نیشتەجێوونیاندا. 

لەچوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، کارمەندانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕزگاربووان ڕەوانەی لای ئەو خزمەتگوزارییانە دەکەن و بەدواداچوون لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەدا دەکەن کە پابەندبوونی خۆیان نیشانداوە بە پێدانی ئەو خزمەتگوزارییانە بەگوێرەی تواناکانیان. ئەو هەشت ڕێکخراوە کە دەکەونە ئەو ناوچانەی ئاوارەی لێ هەن و ئەو ناوچانەی ئاوارەکان بۆی گەڕاونەتەوە بریتین لە: ڕێکخراوی دیالۆگ بۆ گەشەپێدان و هاوکاری، فەریدە گڵۆبەڵ، دەزگای ئێزیدی ئازاد، ڕێکخراوی دروستکەری هیوا بۆ ئافرەتان، ڕێکخراوی مەسیحی بۆ خزمەتگوزاری پەنابەران ، دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەزگای سید و دامەزراوەی یەزدا.

سەرۆک و نێردەی گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM)، جیۆرجی گیگاوری، گوتی "عێراق نیشانی هەموو جیهانی دەدات کە پابەندبوون بە دادپەروەریی ڕاگوزەری چۆنە، سەرەتا بە تێپەڕاندن و پەسندکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی لە ئاداری ٢٠٢١ دا، ئینجا دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربووان، پاشان بە خستنەکار و جێبەجێکردنی پڕۆسەکە لە ئەیلولی ڕابردووەوە بۆ ئەو ڕزگاربووانەی کە لەو مانگەدا دەستیان بە وەرگرتنی قەرەبووکردنەوە کرد ، ئەمەش لەڕێگەی دابەشکردنی ئەو مووچە مانگانەیەی کە بۆ ڕزگاربووان بڕاوەتەوە لە چوارچێوەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی دا و ئێستا لەڕێگەی دانان و بەکارخشتنی سیستەمی ڕاوانەکردن بۆ لای خزمەتگوزاریی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی  لە جێبەجێکردنی پڕۆژە یاساکە دایە." ناوبراو گوتیشی "ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق شانازی دەکات بەوەی کە توانیویەتی بەدرێژایی ئەو ماوەیە پاڵپشتی یەک بەیەکی هەنگاوەکان بکات و پابەندبوونی خۆی بە پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزەری بۆ ئەو ڕزگاربووانەی کە گیرۆدەی کۆستی دەروونین دووپات دەکاتەوە."

ئامانج لە دانانی سیستەمی ڕەوانەکردنی بۆ لای خزمەتگوزاریی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا دروستکردنی پردێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دامەزراوەییەی  لە ئارادایە لە بوونی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی  بۆ ڕزگاربووان لەکاتێکدا بە پڕۆسەی  چارەسەرکردندا دەڕۆن. لە ڕاستیدا، پێویستی هەبوونی ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانە و گرنگیدان بە ڕزگاربووانی جینۆساید شتێکی زۆر گەورەیە، بەڵام کەرەستە و سەرچاوە و خزمەتگوزارییە حکومییەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی ئەوتۆ بەردەست نەبوون، بەڵام بەیەکەوە لەگەڵ ڕێکخراوە خۆجێیی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ببنە دابینکەری سەرەکی ئەو جۆرە خزمەتگوزاریاینە بۆ ڕزگاربووان.

خەولە، یەکێک لە ڕزگاربووانی ئێزدی و ئەندامی تۆڕی دەنگی ڕزگاربووانی ئێزدی گوتی "ژمارەیەکی زۆر لەو ڕزگاربووانەی لە ساڵی ٢٠١٤ لە چنگی داعش هەڵاتوون تا ئێستا هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتییان پێشکەش نەکراوە. زۆر گرنگە ڕزگاربووان بزانن کە خەڵکانێک هەن لە بیری ئەواندان، خەڵکانیێک هەن پاڵپشتیان دەکەن تا ئەو ڕزگاربووانە ژیانی خۆیان بنیات بنێنەوە. هەروەها زۆر گرنگە کە ئەو خزمەتگوزارییانەی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی  بەردەوام بن، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر ڕزگاربووان بۆ ماوەیەکی درێژ پێویستیان بەو جۆرە خزمەتگوزارییە هەیە تا بتوانن بەسەر ئەو کۆستە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەیاندا زاڵ بن، چارەسەر وەرگرن و ژیانی خۆیان بنیات بنێنەوە. "

سیستەمی ڕەوانەکردن وەک چوارچێوەیەکی کاری سەرەکی دەمێنێتەوە کە بەهۆیەوە سوودمەندبووانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی دەتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی  بگات، تا ئەو کاتەی کە چوارچێوەیەکی فەرمی فەرمی و دامەزراوەیی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادە دەبێت و دەکەوێتە کار. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق یارمەتی بەهێزکردنی ئەو سیستەمی ڕەوانەکردنە دەدات بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئەمەش لەڕێگەی بنیاتنانی توانا و پاڵپشتی ماددی و بە پێدانی خزمەتگوزاری و کەرەستە و سەرچاوە. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستپێشخەری دەکات لە کارکردن بۆ دانانی خزمەتگوزاری تایبەتی بۆ تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی  بۆ سوودمەندبووانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ڕزگاربووان، بەڕێز خاتوو سەراب ئیلیاس بەڕەکات گوتی "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە لە جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدیدا. دڵخۆشین بەم هەماهەنگیکردنە لە نێوان ئەو رێکخراوانە دا بۆ پێدانی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی  بەو ڕزگاربووانەی کە زەحمەتییەکی زۆریان لەمبارەیەوە دیوە و پێویستییەکی زۆر زۆریان بەم پاڵپشتیەیە. ئەم سیستەمی ڕەوانەکردنە وا دەکات کە ڕزگاربووان بتوانن هەر لەناوچەکانی نیشتەجێبوونی خۆیاندا دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی  بگات."

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ڕێزدار ماڕک برسین ڕیچاردسن گوتی "شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بەردەوام پێشەنگ بووە لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ڕزگاربووان و وەک داکۆکیکارێکی سەرسەختی جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدیش دەمێنێتەوە و زۆر خۆشحاڵین بە دانانی سیستەمی ڕەوانەکردن. ئەو کارە دڕەندە و قێزەونانەی کە داعش ئەنجامی دان کاریگەریەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگە کەمینەکان هەیە، بۆیە تەندروستی عەقلی و پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی  شتکە یگرنگ و بنەڕەتییە. هیوادارین بەردەوام بین لە لەنزیکەوە هەماهەنگیکردن لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربووان تا یارمەتی زیاتری ڕزگاربووان بدەین."

بەڕێز جیل جوشم دوتس، سکرتێری پلە دووی قونسوڵخانەی گشتی هوڵەندا گوتی "حکومەتی هۆڵەندا شانازی بەوەوە دەکات کە هاوبەشی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) دەکات لە پێدانی پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی دا. زۆر خۆشحاڵین بە بینینی ئەم هەنگاوە - کە هیوا دەخوازین ئەمە تەنیا یەکێک بێت لە زنجیرەیەک لە هەنگاوی دی – کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ئەوانە هەیە کە نۆ ساڵ پێش ئێستا بەشێوەیەکی ئێجگار خراپ زیانیان بەر کەوتووە. بەڕاستی ئەمە ئاماژەیەکی بەهێزە کە هەنگاوی سەرکەوتوو نراوە لە بەدواداچوونی پڕۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزەری، لە هەمان کاتیشدا هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو داهاتووێکی ئومێدبەخشتر بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە."

یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی چوارچێوەیەکی سەرەکی دەمەزراوەییە بۆ چارەسەرکردنی پاشماوەی ئەو تاوانە جینۆسایدیانەی کە بەرانبەر ئێزدییەکان، شەبەک، تورکمان و مەسیحییەکان ئەنجامدرا، ئەمەش پێویستی بەدەستەبەرکردنی چەند مافێکی جۆراوجۆر بۆ ئەو قوربانیە ڕزگاربووانە هەیە، لەوانەش سوودمەندبوون بەپێدانی مووچەی خانەنشینی مانگانە، پاڵپشتیکردنی چارەسەرکردن، پێدانی پارچە زەوی بۆ ئەو کچ و ئافرەتانەی کە ڕزگاربووی توندوتیژی سێکسین پەیوەندیدار بە ململانێ و ئەو منداڵانەی کە داعش ڕفاندبوونی و ڕزگاریان بووە.

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت