ڕێکخراوی یونیدۆ و حکومەتی یابان هاریکاری پەرەپێدانی بەردەوامی پیشەسازی خۆراک دەکەن لە رێگەی بەهێزکردنی تواناکانی کارمەندانی حکومەتی عێراق
٣٠ تەمووز ٢٠٢٣
هەولێر، عێراق، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی (یونیدۆ)، بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، دووەم سەکۆی کاری ڕاهێنانی لەبارەی سەلامەتی و کوالیتی خۆراك ئەنجام دا. ئەم سەکۆی کارە بەشێکی گرنگی پرۆژەی "پاڵپشتیکردنی رێگاکانی پەیداکردنی بژێوی لە دۆخی تەنگاوی و ئیمێرجینسیدا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەمیی خۆراك لە نێو خەڵکانی کەمدەست لە عێراقدا" بوو کە لەلایەن حکومەتی یابانەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت. ئەم سەکۆی کارە لە رێکەوتی ١٥ بۆ ٢٠ تەمووزی ٢٠٢٣ لە شاری هەولێر ئەنجام درا و، بەشداربووانی پێك هاتبوون لە نوێنەرانی حکومەت لە وەزارەتی تەندروستی و، وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق.
بەشداریی کارای ئەو وەزارەتانە لە ئەم سەکۆی کاری ڕاهێنانە جەخت لە برەودان و پێشخستنی کەرتی کار و پرۆژەی بچوك و مامناوەندی دەکاتەوە و، هەروەها گرنگیی گەشە و پەرەپێدانی ئابورییش بەرجەستە دەکات.
مەبەستی سەرەتایی ئەم پرۆگرامەی ڕاهێنان بریتی بوو لە تواناسازیی ئەو کارمەندانەی حکومەت کە بەرپرسن لە دەستەبەرکردنی کوالیتی و سەلامەتیی ئەو ماددە خۆراکییانەی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن. بەشداربووان لە بەشە پەیوەندیدارەکانی ئەو وەزارەتانەوە دیاری کراون کە لە دەستەبەرکردنی سەلامەتی و پابەندبوونی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان و هەروەها لە کاری خێزانە بەرهەمهێنەرەکانیشدا رۆڵێکی دیار دەگێڕن.
ئەم راهێنانە، لەپێناو بەهێزکردنی ئەم کەرتە لە رێگەی پرەودان بە پابەندبوون بە پێوەرەکانی کوالیتی و سەلامەتی، جەختی خستە سەر پابەندبوون و تواناسازی لە رێگەی بەشداربوون لە کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندییەکان. بە بەهێزکردنی تواناکانی ڕاهێنەرانی شارەزا و وەرگرتنی کەلتورێکی تایبەت بە دیاریکردنی باشترینەکان، ئەم سەکۆی کارە چەند دۆخێك بۆ پێگەیاندن و بەردەوامبوونی بەرهەمهێنەرە ناوخۆییەکان دەهێنێتە کایەوە و، ئەمەش بۆ خۆی بەشدارییەکی گرنگی لە گەشەپێدانی ئابوری نیشتمانی دەبێت.
خاتوو رامینا ئەسانایڵ یوسف، بە نوێنەرایەتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان/ فەرمانگەی پەرەپێدان و رێکخستنی پیشەسازی/ بەشی کار و پرۆژە بچوکەکان، تیشکی خستە سەر گرنگی ئەم سەکۆی کارە و هەوڵەکانی بۆ یارمەتیدانی ئەرکی ئەم بەشەی وەزارەتەکەی لە بەهێزکردنی توانا پیشەیی و کارگێڕییەکان، ئەمەش بەهۆی ئەو پرۆگرامانەی ڕاهێنان کە خۆیان پێشکەشی دەکەن. ئەم پرۆگرامانە هەوڵی بەرزکردنەوەی کوالیتی فەرمانبەرانی بەش و پسپۆرییە جیاوازەکان و هەروەها تواناسازی و پاڵپشتیی ئافرەتانی کارکەر و خاوەنکار دەدات. بە هەمان شێوە، گواستنەوەی ئەزموون و شارەزاییەکان دەبێتە هۆی پاراستنی میراتی کەلتورییانەی زانیارییە ئاسایی و دووبارەکان.
بەڕێز رەعد هادی مەهدی، ڕاوێژکاری یاسایی لە بواری کۆنترۆڵی تەندروستی لە سەلامەتی و ئاسایشی خۆراك لە وەزارەتی تەندروستی، جەختی لە رۆڵی پێشوەختەی وەزارەتەکەیان کردەوە سەبارەت بە پشتیوانیکردنی خاوەنی کار و پرۆژە بچوکەکان. بە تێگەیشتن لە گرنگیی دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کار و پرۆژە بازرگانییە ناوخۆییەکان، وەزارەتەکەیان چالاکانە دەڕوانێتە یارمەتیدانی خاوەن کار و پرۆژەکان بۆ ئەوەی بە مەبەستی پەیداکردنی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان، گەڕانی پێویست ئەنجام بدەن و ڕێکارەکانی پەسەندکردن ئاسانتر بکەنەوە. ئەم پاڵپشتییە یارمەتیی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان دەدات لە پرۆسە رێککارییەکان بکۆڵنەوە و، بەم شێوەیەش هانی گەشەسەندن و سەرکەوتنیان دەدرێت.
د. زیاد ئەللامی، پسپۆری بواری سەلامەتی خۆراك لە وەزارەتی تەندروستی، جەختی خستە سەر گرنگی بەردەوامبوونی ئەم خولانە بۆ کرێکاران لەم پرۆژانە. ئەم خولانە یارمەتیدەر دەبن لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی تواناکانی کرێکاران، بە تایبەتیش لە بوارە تەندروستییەکان و خاوێنیی تاکە کەسیدا. جەختیشی لەوە کردووە کە گرینگە کرێکاران هۆشیاریان هەبێت لەبارەی سەرچاوەکانی پیسبوون کە لەوانەیە کوالیتی بەرهەمەکان بخەنە مەترسییەوە.
بەڕێز تەیف ئەحمەد عەبدوڵا، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ، تیشکی خستە سەر ئەو پابەندییە قووڵەی لەلایەن بەشداربووانەوە نیشان دراوە. بەشداریکردنیان لە راهێنانەکەدا تەنها بۆ ئەوە نییە توانا کەسییەکانی خۆیانیانی پێ بەرەو پێش ببەن، بەڵکو سووڕن لەسەر ئەوەی پرەو بە توانای دامەزراوەکانی خۆیان و هەروەها بە کەرتی کار وپرۆژە بچوك و مامناوەندەکان بدەن.
لەم پرۆژەیە ڕێکخراوی یونیدۆ دەیەوێت پاڵپشتییەکی گشتگیری تەکنیکیش پێشکەش بە خاوەنی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان بکات. ئەم پاڵپشتییەش بۆ ئەوەیە توانای ئەوەیان بۆ دروست بکات کە بتوانن بەرهەمهێنان و، کارامەیی لە کارکردنیان و، پابەندبوونیان بە سەلامەتی و کواڵیتیی خۆراك باشتر بکەن. بە ئاشناکردنیان بە تەکنەلۆژیا و ئەزموونی نوێ، ئەم پرۆژەیە هەوڵی ئەوە دەدات سەرچاوەی پێویست پێشکەش بە کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندییەکان بکات بۆ ئەوەی گەشە بکەن و، لە دەرئەنجامیشدا هاریکار بن لە سەرخستنی کۆی کەرتی کار وپرۆژەی بچوك و مامناوەندەکان.
ڕێکخراوی یونیدۆ و حکومەتی یابان بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی تواناکانی تایبەت بە پیشەسازیی و کارکردن بۆ باشترکردنی کەرتی خۆراك لە عێراق، ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان و، پێکەوە کارکردن لەپێناو هێنانە کایەی گۆڕانێکی ئەرێنی و گەشەسەندنی ئابوری لە عێراق.