ئەمڕۆ لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٣دا لە بەغدا حکومەتی عێراق و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانیان ئەنجام دا بۆ قوربانیان و خانەوادەی قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەکەی ١٩ی ئابی ساڵی ٢٠٠٣ی سەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا. ڕێوڕەسمەکە هەر لە هەمان ئەو ئوتێلە بوو کە تەقینەوەکەی لێ ڕوو دابوو کە ئێستا بنکەی قەناتە بۆ شیاندنەوەی کۆمەڵایەتیی سەر بە وەزارەتی تەندروستی.
شایانی باسە، لەو رێوڕەسمەدا چەندین وتار پێشکەش کران کە یەکێکیان لەلایەن جێنین هێنیس پلاسخارتی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بوو لەجیاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دووەمیان لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیران و دکتۆر فوئاد حوسێنی وەزیری کاروباری دەرەوە بوو لەجیاتی سەرۆک وەزیران و ئی سێهەمیشان لەلایەن ڕزگاربوویەکەوە بوو لەجیاتی تەواوی ڕزگاربووان.
خاتو پلاسخارت لە وتارەکەیدا وتی "گۆڕان لەم ٢٠ ساڵەی رابردوو لە عێراقدا ڕوویداوە و هەمووش لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕێگایەکە سەخت بوو هەرچەندە بە درێژایی ئەو ماوەیەش نەتەوە یەکگرتووەکان هەرگیز وازی لە هەوڵەکانی خۆی نەهێنا بۆ بەشداربوون لە دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ عێراق. من نەک هەر ئەمڕۆ بەڵکوو هەموو ڕۆژێک دەمەوێت ئەوپەڕی هاوسۆزی خۆم بۆ ئەوانەی بێسەروشوێنن دەربڕم لە هاوپیشە و برادەران و خۆشەویستانمان."
دوای وتارەکان، تابلۆیەک کە ناوی هەموو قوربانیانی لێ نووسرابوو لەلایەن رزگاربوویەکەوە کە کارمەندێکی یونامی بوو خرایە ڕوو و دواتریش رێوڕەسمی دانانی تاجە گوڵینە دەستی پێکرد. یەکەم تاجە گوڵینە لەلایەن خاتو پلاسخارتەوە بوو و دووەمیشیان لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیران و دکتۆر فوئاد حوسێنی وەزیری کاروباری دەرەوە بوو لەجیاتی سەرۆک وەزیران و ئی سێهەمیشیان لەلایەن بەڕێز باڵیۆزی کەنەداوە بوو کە لە رێوڕەسمەکەدا خاوەنی زۆرترین ماوەی خزمەتکردن بوو وەک باڵیۆز لە عێراقدا.
دواتر خولەکێک بێدەنگی وەستان بۆ گیانی قوربانیانی ئەو هێرشە دڕندانەیە ئەنجام درا. دوای ڕێوڕەسمی فەرمی، دیپلۆماتکاران و کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر یەکەو گوڵێکی سپی یان لە یادەوەرییەکە دانا.
دواتر هەر یەکە لە وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری بنکەی قەنات کورتەیەکیان خستەڕوو سەبارەت بە کاری بنکەکە.
تەقینەوە کارەساتبارەکەی ساڵی ٢٠٠٣ سەرلەبەری کاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکانی گۆڕی لە ڕێزگرتنەوە بۆ هێرشکردنەسەر و هەر ئەمەش بووە هۆی کە ئەم ڕۆژە بە رۆژی جیهانیی مرۆیی ناوزەد بکرێت.
خاتو پلاسخارت هەروەها وتیشی "ئێمە سوپاسی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەموو ئەوانەی کە لەسەرتاسەری جیهاندا و هەندێ جار لە بارودۆخی زۆر سەخت و مەترسیداریشدا یارمەتی خەڵکی پێویست و لێقەوماو دەدەن."
بۆ وتارەکەی خاتو پلاسخارت سەردانی ئەم بەستەرانەی خوارەوە بکە لە ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتووەکانی عێراق:
ئینگلیزی | عەرەبی