ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤی یونامی لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕاهێنانی لەسەر ڕاپۆرتکردنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدا
20ی ئەیلولی 2023 - ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤی یونامی لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕاهێنانی لەسەر ڕاپۆرتکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ کۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراقی لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین ئەنجامدا. ئەم زنجیرە ڕاهێنانە لە میانی بەشێک لە هەوڵەکانی یونامی دێت بۆ پشتگیریکردنی هاوكارەكانی لە ڕێگەی چالاکییەکانی تواناسازی.
ڕاهێنانەکان - کە لە ١٠ی ئەیلول لە دیالە و لە ١٣ی ئەیلول لە سەڵاحەدین و لە ٢٠ی ئەیلول لە كەركوك بەڕێوەچوو - لایەنە جیاوازەکانی پرۆسەی داڕشتنی ڕاپۆرتی مافەكانی مرۆڤ و ڕۆڵی بنەڕەتیی ئەو پرۆسەیە لە خولی چاودێریکردنی مافەكانی مرۆڤدا لەخۆگرت. ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ تێڕوانین و زانیاری پراکتیکی سەبارەت بە داڕشتنی ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ هەر لە ڕەچاوکردنی مەنهەج تا کۆکردنەوەی زانیاری و پشتڕاستکردنەوە و دواتریش تا کۆنترۆڵکردنی کوالیتی، پێشکەش بە بەشداربووان کرد. بەشداربووان ڕاهێنانی پراکتیکییان پێدرا لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی زانیارییەکانی وەرگیراو و دواتر گفتوگۆی بەکۆمەڵی زانیاریەكانی هەر گروپێك. نموونەی پتەوی پەیوەست بە کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراقی و ئەو گرفتانەی پێشتر ڕووبەڕوویان بووەتەوە باس کران، ئەمەش بە مەبەستی بەستنەوەی ناوەڕۆکی ڕاهێنانەکە بە بەرپرسیارێتیەکانی ڕۆژانەی کۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراقی بە شێوەیەکی گونجاو.
ئەمڕۆ دە کارمەندی کۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراقی سوودمەند بوون لە ڕاهێنانەکانی کەرکوک، بەمەش کۆی گشتی كارمەندانی كۆمسیۆن کە لە مانگی ئەیلولدا بەشدارییان لە ڕاهێنانەکانی هەر سێ پارێزگاکەدا کردووە گەیشتە 31 کارمەند. بەشداربووانی راهێنانەكەی کەرکوک جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی کوالێتی ڕاپۆرتی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆڵی بەرچاوی کۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراقی لەم ڕووەوە. یەکێک لە بەشداربووان وتی: "ئەو زانیاریانەی لەم ڕاهێنانەدا بەدەست هاتوون بە دڵنیاییەوە لە ڕاپۆرتەکانی داهاتووی کۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراقیدا بەکاردەهێنرێن."
ئەم چالاکییە بەشداری کرد لە بەدیهێنانی ئامانجی شازدەیەم لە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام لە عێراق: ئەم بۆنەیە بەشدار بوو لە گەیشتن بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام ژمارە ١٦ لە عێراقدا: پێشخستنی کۆمەڵگا ئاشتیخواز و گشتگیرەکان بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام، دابینکردنی گەیشتن بە دادپەروەری بۆ هەمووان و بنیاتنانی دامەزراوەی کاریگەر و لێپرسراو و گشتگیر لە هەموو ئاستەکاندا.