رێکخراوی یونیدۆ و حکومەتی یابان راهێنانی سەلامەتی خۆراك و پاکژی پێشکەش دەکەن بۆ پەرەپێدانی کار و پرۆژەی بچوك و مامناوەند لەپێناو چارەکردنی ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراك لە قەزای بەردەڕەش، عێڕاق
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی پرۆگرامێکی راهێنانی لەسەر سەلامەتی و پاکژی بۆ کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان لە بەردەڕەش جێبەجێ کرد
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی (یونیدۆ) پرۆگرامێکی راهێنانی لەسەر سەلامەتی و پاکژی بۆ کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان (SMEs) لە قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆك لە هەرێمی کوردستانی باکوری عێراق بە پاڵپشتیی دارایی حکومەتی یابان جێبەجێ کرد. ئەم پرۆگرامە لە ماوەی نێوان ١٧ بۆ ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەنجام درا، وەك بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆژەی رێکخراوی یونیدۆ – یابان، "پاڵپشتیی کتوپڕی بژێوی لەپێناو کەمکردنەوەی قەیرانی ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراك بۆ گروپە لاوازەکانی خەڵك لە عێراق" کە لەسەر بنەمای هەوڵە هاوبەشە سەرکەوتووەکانی پێشوو رێکخراوە بۆ بەهێزکردنی بژێویی ئەو پەنابەر و کۆمەڵگا خانەخوێ لاوازانەی بەهۆی ململانێ هەرێمییەکانەوە کاریگەر بوون.
ئامانجی سەرەکی لە ئەم پرۆگرامەی راهێنان بریتی بوو لە چارەکردنی قەیرانی ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراك لە هەرێم. شانزە خاوەنکار لە قەزای بەردەڕەش هەڵبژێردران بۆ راهێنانێکی تایبەت و لە ئەو خاوەنکارانە بوون کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەشدارن لە بەرهەمهێنانی خۆراكی رۆژانە و هەروەها چەند پرۆژەیەکی پەیوەندیدار بە بەرهەمهێنانی خۆراکەوە.
بەردەڕەش، وەك شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی ٣٧،٠٠٠ هاووڵاتی کە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لەخۆ دەگرێت، دەکەوێتە دووری نزیکەی ٨٨ کیلۆمەتری شاری هەولێر، پایتەختی زیندووی هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم شارۆچکەیە پێگەیەکی دیاری بۆ خۆی وەك ناوەندێکی گرنگی کشتوکاڵی نەخشاندووە. بە هەبوونی ژینگەیەی سروشتیی یارمەتیدەر بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و مەڕوماڵات و هەروەها بۆ چاندنی سەوزە و دانەوێلەکانی وەك گەنم و جۆ و برنج، بەردەڕەش بووەتە نمونەیەك بۆ پێکەوەییەکی هاوئاهەنگی گشت ئەو کار و چالاکییە کشتوکاڵییانە.
لە رابردوودا، بەخێوکردنی مەڕوماڵات بە زۆری بە مەبەستی دابینکردنی کەرەستە خاوە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنانی شیرەمەنییەکانی وەك ماست بووە، کە خواردنێکی بنچینەییە لە تەواوی هەرێمەکەدا. دواتریش، ئەم بەرهەمە خۆراکییانە رێگەی خۆیان بەرەو شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دۆزییەوە و بووە هۆی پارێزگاریکردن لە ئاسایشی خۆراك و بژێوییەکی ئاسودە بۆ کۆمەڵگای بەردەڕەش.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ساڵانەی دوایی گۆڕانێکی بەرچاوی لە جووڵەی بازاڕدا بە خۆیەوە بینی و، ئەمەیش بەردەڕەشی خستە بەردەم ئاڵەنگاری و تەحەدای گەورەوە. لە نێو ئەوانەی کە کاریگەریی سەختیان کەوتە سەر، ئەو خاوەن کارگە و جووتیارانە بوون کە کۆشش و ماندووبوونیان کاریگەرییەکی گەورە دەخاتە سەر بەرەیەکی فراوانتری کۆمەڵگا. ئەم ئاکامە پێچەوانانە بەرەو بارگرانیی زیاتری ئابوری پەل دەکێشن و دەبنە هۆی لەدەستدانی کار و دەرامەت، ئەمەیش کار دەکاتە توانای خێزانەکان بۆ پشتیوانیکردنی دارایی خۆیان.
کەمبوونەوەی ویستی بەخێوکردنی ئاژەڵ، بە تایبەتی ئەوانەی هی بەرهەمهێنانی شیرن، دەکرێت بدرێتە پاڵ هۆکاری هاوردەکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە وڵاتانی دراوسێوە. هەڵکشانی رکابەریی بەرهەمە دەرەکییەکان بووەتە هۆی داکشانێكی جێی نیگەرانی بە رێژەی ٨٠٪ لە خواستی بەکاربەران بۆ شیری بەرهەمهێنەراو لە مەڕوماڵاتی خۆماڵی، ئەمەیش ناڕەحەتییەکانی بەردەڕەش و دانیشتوانەکەی زیاتر و ئاڵۆزتر کردووە.
پرۆگرامی راهێنانی سەلامەتی و پاکژیی رێکخراوی یونیدۆ و یابان بۆ خاوەن کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان لە بەردەڕەش بۆ ئەوە ئامادە کراوە ئەو زانیاری و شارەزاییانە بە خاوەنکارە خۆجێییەکان بدات کە پێویستن بۆ باشترکردنی ئاستی بەجێگەیاندنیان لە بازاڕی خۆجێی و رکابەریکردنی بەرهەمە شیرەمەنییە هاوردەکراوەکان. راهێنانەکە بۆ خۆی بووە سەکۆیەك بۆ هاوبەشیپێکردنی زانیاری و شارەزایی تەکنیکی لە ئەم پیشەسازییەدا و، بە تایبەتیش بۆ جەخت خستنە سەر سەلامەتیی شوێنی کار و توند راگرتنی پێوەرەکانی پاکژی و خاوێنی. هەروەها، ئەم راهێنانە تەکنیکەکانی بەڕێوەبردنی کاریشی پێشکەش کرد، ئەمەیش بە مەبەستی یارمەتیدان لە بەدەستهێنانی تایبەتمەندیی رکابەریکردن لە بازاڕدا و، چەند بابەتێکی لەخۆ گرت وەك رێکخستنی کارمەندان و، جێبەجێکردنی رێکارە توندەکانی بەڕێوەبردنی دارایی و، رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان کارمەندان و، دانانی پلانی ستراتیژی بۆ پیشخستنی کاریگەرانەی کارەکان و بەبازاڕکردنێکی باشتر.
بەڕێز دیندار فەریق، راهێنەر و بەڕێوەبەری یەکەی کواڵیتی کۆنترۆڵ لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی ئەم پرۆگرامەی راهێنانی بەرز نرخاند، بە تایبەتی لەبەر لەخۆگرتنی رێکاری هاوچەرخ و پیشەییانەی پەیوەست بە پاکژی و خاوێنی. ئەوەیشی راگەیاند، "بە ئاوێتەکردنی شارەزاییە تەقلیدییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو رێبازە هاوچەرخانەی لەم پرۆگرامەدا پێشکەش کران، کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان باشتر ئامادە دەکرێن لەپێناو باشترکردنی کارەکانیان."
خاوەنی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان نەك تەنها ئەوەی بەشدارییەکی بەرچاویان لە ئابوریی خۆماڵیدا هەیە، بەڵکو هەروەها رۆڵێکی گرنگیش لە پێشکەشکردنی دەرفەتەکانی کار لە نێو کۆمەڵگادا بەردەست دەخەن. عەبدولستار یونس، راهێنەرێکی دیکەی شارەزا لە پەرەپێدانی کار و پرۆژە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئەوەی روون کردەوە کە، "کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان کایەیەکی بنچینەیین بۆ پشتیوانیکردنی گەشەسەندنێکی هەمیشەیی لە ئابوریی بەردەڕەشدا، بەوەی کە رۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی دەرفەتەکانی کارکردن دەگێڕن. پەرەپێدانی ئەم کار و پرۆژانە زۆر پێویستن بۆ رابەرایەتیکردنی زۆرێك لە خێزان و تاکە خۆجێییەکان بۆ دەرچوون لە هەژاری."
بەڕێز بارزان موستەفا، خاوەنی کارگەیەکی ماست لە بەردەڕەش و بەشداربوویەکی راهێنانەکە رایگەیاند، "لەگەڵ پەرەسەندنی کاری شیرەمەنیی خۆماڵی و زیاتربوونی پشتیوانییەکانی وەك ئەم راهێنانەی رێکخراوەی یونیدۆ و یابان، تاکەکانی کۆمەڵگای خۆجێیی توانای ئەوەیان دەبێت جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر کاری ئاژەڵداری و، بە قازانجی بەدەستهاتوو لە فرۆشتنی شیر پارێزگاری لە خێزانەکانیان بکەن." هەروەها ووتیشی، "ئێمە هەرگیز دەستمان بە راهێنانی لەم جۆرە نەگەیشتووە و، گشت ئەو زانیارییانەی پێشکەش کران گرنگن بۆ بەرەوپێشبردنی بەرهەمەکانمان و تەواوی کارەکانمان."
خاوەنی کارەگەیەکی دیکەی ماست و بەشداربوویەکی راهێنانەکە، بەڕێز جەلیل خەلیل مەولود رایگەیاند، "راهێنانەکە یارمەتی پەرەپێدانی پرۆژەکانی چارەسەرکردنی شیرەمەنی دەدات و، پشتیوانی فراوانبوونی چالاکییە کارییەکان دەدات و دەرفەتەکانی کار بەردەست دەخات، بە تایبەتی بۆ کەنجانی بێکار." ئەو چەند بیرۆکەیەکی لەسەر لایەنی تۆڕەکانی پەیوەندی خستە روو و ووتی، "هەروەها، ئەم راهێنانە دەرفەتێکی بەنرخی رەخساند بۆ خاوەنکارەکان تا پەیوەندی بە یەکەوە بکەن. یارمەتی ئەوەی پێ داین باس و خواستە هاوبەشەکانمان تاوتوێ بکەین و ئەو پرسانەمان چارەسەر بکەین کە پێشتر نەزانراو بوون."
ژمارەیەکی بەرچاوی خاوەن کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان ئاماژەیان بە پێویستیان بە ئامێر و کەرەستەی نوێ و تەواوکاری دا کە دەکرێت یارمەتییان بدات لە فراوانکردن و پەرەپێدانی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی شیرەمەنیی تایبەت بە خۆیان. رێکخراوی یونیدۆ پێکەوە لەگەڵ حکومەتی یابان دەیانەوێت هاوکات لەگەڵ راهێنانەکاندا ئەو کەلوپەلە گرنگانەش دابین بکەن لەپێناو پشتیوانیکردنی زیاتری کار و کارگەکانی بەردەڕەش، بەم شێوەیەیش ئەمە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراکی تەقلیدی و باشترکردنی بژێویی کۆمەڵگای خۆجێیی.
بۆ پەیوەندی زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:
ئیمەیڵ:
ئيزومي ئوكاوا ، هەماهەنکاری نێودەوڵەتی پرۆژەکان