میوانخانەى سەرۆك وەزیران، بەغدا، 29ى کانوونى دووەمى 2024
ئامادەبووانى خۆشەویست،
مایەى شانازییە کە لەم کۆنفرانسەى دیدی حکومەتى عیراق سەبارەت بە رۆڵى سیاسیی ژنان وتارم هەبێت کە دواى هەڵبژاردنى سەرکەوتووى ئەنجومەنى پارێزگایەکان لە کانوونى یەکەمى رابردوودا ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکەى ئەمدواییەش، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیەنراوە، ژنان توانیویانە لەکۆى 258 کورسى 76ی بەدەست بهێنن و 75یان لەچوارچێوەى 25%ى کۆتا بەگوێرەى یاسا و دەستوور سەرکەتوون و یەکێکیش وەك کۆتاى کەمینەکان. لەلایەکى ترەوە، ئەوەش گرینگە دووپات بکەینەوە کە 25% ی کۆتا لەمپەڕى کەمیدایە و هەر بۆیە پێویستە هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ دڵنیابوون لەوەى کە ئەم رێژەیە بەرزتر بکرێتەوە.
من هەروەها دەمەوێت کە سوپاسى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و لێژنەى باڵاى پاڵپشتیی بەشداریی ژنان لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگایەکان بکەم بۆ هەوڵەکانیان بۆ پەرەدان بە بەشداریی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا. ئێمە هەروەها دەسخۆشیش لە بڕیاری سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنى وەزیران دەکەین بۆ گۆڕینى لێژنەى باڵاى پاڵپشتیی بەشداریی سیاسییانەى ژنان بۆ لێژنەیەکى هەمیشەیی. ئەم هەنگاوە دەبێتەماى سەرلیستکردنى و راکیشانى سەرنج بۆ بەتواناکردنى سیاسییانەى ژن هەتتا بۆ بوارەکانى پشت هەڵبژاردنیش.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، من دەمەوێ سەرنجتان بۆ ئەو راپۆرتە هاوبەشە رابکێشم کە ئەمڕو لەلایەن یونامى و بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیى ژنانەوە دەرچووە کە 12 دانیشتنى راوێژکارى لەخۆ دەگرێت لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و ئەندامانى پێشووى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگایەکان و گەنجان و ژنان بۆ دەستنیشانکردنى ئاڵنگارییەکان و ئەو شێوازانەى کە دەبنە مایەى بەهێزکردنى بەشداریی ژنان لە بوارى سیاسیدا.
راسپاردەکانى ئەم راپۆرتەش بریتین لە فەراهەمکردنى راهێنان سەبارەت بە دەستگەیشتنى سیاسییانەى ئەو ژنانەى کە یان هەر پێشتر لە بواری سیاسیدا بوون یانیش ئارەزووى بەشدارییان لەم بوارەدا هەیە و هاندانى راگەیاندن بۆ خۆدوورگرتن لە لایەنگیرى دژى رۆڵى ژنان لە سیاسەتدا و پەیڕەوکردنى رێوشوێنى ئاسایشى وەک دامەزراندنى هێلى گەرم بۆ سکاڵایەکان لە کاتى ئەنجامدانى هەڵمەتى هەڵبژاردن وەک ئەوەى لە دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگایەکان هەبوو و هاندانى پارتە سیاسییەکان بۆ بایەخدان بە ژن بۆ گەیشتنى بە پلەکانى سەرکردایەتى. ئەمڕۆ لەکاتێکا کە ئەم راپۆرتە بڵاو دەکەینەوە هانى هەمووان دەدەین بۆ رێزگرتن لەم راسپاردانە و بیناکردن لەسەر ئەو کارە کردەنییانەى ئێستا لەپێناو پشتگیریکردنى بەشداریی ژنان لە بوارى سیاسیدا.
پێش کۆتاییهێنان، من دەمەوێ ئاماژە بۆ ئەو تاوتوێیە گەرمە بکەم کە لەسەر وشەى "جێندەر" لەم مانگانەى دواییدا هاتە کایەو کە بە زۆرى بەهۆى بەدحاڵیبوونەوە گرژى تێدەکەوت. کرۆکى بابەتەکە ئەوەیە کە ئێمە ئەوەى لە چەندین ژنمان بیستووە لەسەرتاسەرى کۆمەڵگەى عیراقیدا بریتییە لەوەى کە ئەم جۆرە تاوتوێیە مشتومڕاوییە دەبێتە مایەى پەکخستنى چالاکى شایستە لەسەر مافەکانى ژنان هەرچەندە لە دستوور و یاسادا پارێزراوبن. لەلایەکى ترەوە، عیراق پێویستە شانازى بەوەوە بکات کە کارنامەیەک پەیڕەو دەکات کە پشتگیرى ژنان دەکات. ئێمە ئەوە دەبینین کە ئەمە ئەرکى سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتیمانى و لێژنەى باڵایە و ئێمەش بە ئارەزوویەکى زۆرەوە کارەکانمان لەگەڵ ئەوان درێژە پێ دەدەین.
لە کۆتاییدا و هەروەك کۆمەڵگایەکانى تر لە جیهاندا، خەباتکردن بۆ دەستبەرکردنى ماف و ڕەخساندنى هەلى یەکسان بۆ ژنان، بەگرتنەخۆى بوارى بەشداریی سیاسی و نوێنەرایەتیکردنەوە، کارێکى ئاسان نییە. ئێمە دەسخۆشى لە پابەندیی عیراق دەکەین بۆ ئەم ئەرکە پیرۆزە و لەسەر پابەندیی خۆشمان شێلگیرانە بەردەوام دەبین بۆ پشتگیریکردنى حکومەت و گەلی عیراق لەپێناو بەدەستهێنانى ئەم ئامانجە.
زۆر سوپاس