"ئێمە دەسخۆشی لە پابەندبوونی عێراق دەکەین بۆ ئەم ئەرکە پیرۆزە و شێلگیرانەش بەردەوام دەبین لە پابەندبوونمان بۆ پشتگیریکردنی عێراق و خەڵکەکەی" کلاودیۆ کۆردۆن
بەغدا، 29ی کانوونی دووەمی 2024: لە ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی هاوبەشدا کە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی بەشداری و نوێنەرایەتیی ژنانی عێراق لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردندا، بەڕێز کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن، داوای لە عێراقییەکان کرد بۆ ڕەچاوکردنی ڕاسپاردەکانی ئەو راپۆرتە و بنیاتنان لەسەر پراکتیکە باشەکانی ئێستا بۆ پشتگیریکردن لە بەشداریی ژنان لە بواری سیاسەتدا.
شایانی باسە، لەو کۆنفرانسەدا، دکتۆر یوسرا کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی نیشتمانی بۆ ژنانی عێراق و ئەندامانی پەرلەمان و ئەندامە مێیینە تازە هەڵبژێردراوەکانی ئەنجومەنی پارێزگایەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئامادە بوون.
ڕاپۆرتەکە، کە هاوبەشانە لەلایەن یونامی و بەڕێوەبەرایەتی نیشتمانیی ژنانی عێراقەوە ئامادە کرابوو، ڕەنگدانەوەی 12 دانیشتنی ڕاوێژکاری بوو کە لە سەرتاسەری عێراقدا لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرلەمانتارانی پێشوو و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگایەکان و گەنجان و ژنان ئەنجام درابوو بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ئاڵنگاری و شێوازەکانی بەهێزکردنی بەشداریی ژنان لە بواری سیاسەتدا. ڕاسپاردەکانی ڕاپۆرتەکەش بریتین بوون لە ئەنجامدانی راهێنان سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی بۆ ئەو ژنانەی کە یان پێشتر لە سیاسەتدا بوون یانیش دەیانەوێت بێنە ناو بواری سیاسەتەوە لەگەڵ هاندانی راگەیاندن بۆ خۆ دوور گرتن لە لایەنداری دژی رۆڵی ژنان لە سیاسەتدا و پەیرەوکردنی ڕێوشوێنی ئاسایشیی وەک دامەزراندنی هێلی گەرم بۆ گەیاندنی سکاڵایەکان لەکاتی ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا و هاندانی پارتە سیاسیەکان لەسەر برەودان بۆ بەدەستهێنانی پلە لەلایەن ژنانەوە لە سەرکردایەتیدا.
لەمبارەیەوە، بەڕێز کلاودیۆ وتی "خەباتکردن بۆ بەدەستهێنانی ماف و هەل بەشێوەیەکی یەکسان لە نێوان پیاو و ژندا، بەتایبەتیش لەبواری بەشداری لە سیاسەت و نوێنەرایەتیدا، کارێکی ئاسان نییە. ئێمە دەسخۆشی لە پابەندبوونی عێراق دەکەین بۆ ئەم ئەرکە پیرۆزە و شێلگیرانەش بەردەوام دەبین لە پابەندبوونمان بۆ پشتگیریکردنی عێراق و خەڵکەکەی لەپێناو بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەدا."