بەڕێز جەنابی دکتۆر لەتیف ڕەشید،، سەرۆک کۆماری عێراق
بەڕێز جەنابی موحەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
بەڕێز جەنابی دکتۆر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری
بەڕێز جەنابی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت
جەنابی پایەدار سەید عەمار حەکیم
میوانە بەڕێزەکان،
شانازییە کە من لەم کۆنفرانسەدا بەناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەشدارم کە رۆژی ئیسلامییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. من دەسخۆشی لە دامەزراوەی ئەلحەکیم دەکەم بە تایبەتیش جەنابی سەید ئەلحەکیم، بۆ سازدانی ئەم کۆنفرانسە.
رێگەم بدەن با وتارەکەم بە دەسخۆشی کردن لە هەوڵەکانی حکومەت دەست پێبکەم لەسەر پابەندبوونی بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و هەروەها هاوکاریکردنی ژنان بەشێوەیەکی گشتی. من هەروەها دەسخۆشی لە وتارەکەی بەڕێز موحەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەنجومەنی باڵای خانمان لە 25ی تەموزدا دەکەم کە هانی دامودەزگاکانی حکومەتی دا بۆ پەلە کردن لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە. من هەروەها دەسخۆشی لە رۆڵی ئەنجومەنی باڵای خانمانیش دەکەم بۆ بەشداربوونیان لەگەڵ لێژنەی پەرلەمان بۆ ژنان و خێزان و منداڵان وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لەوەی کە چۆن ئەزموون و شارەزایی ژنانی عێراق دەتوانێت زانیاری بداتە کارنامەی یاسایی وڵات بەگرتنەخۆی هەموارە پێشنیارکراوەکان بۆ یاسای باری کەسێتی.
من داوا لە پارتە سیاسییەکانیش دەکەم کە دڵنیا بن لەوەی کە یاسا پێشنیارکراوەکان خزمەت بە مافەکانی ژنان و منداڵان دەکەن لەبەر ڕۆشنایی پابەندییە جیهانییەکانی عێراقدا. هەر سەبارەت بە یاسایەکە، من داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە یاسای توندوتیژی خێزانی پەسند بکات کە دەمێکە لە قۆناغی چاوەڕوانیدا یە. من دەمەوێ بەتایبەتی چەق بخەمە سەر گرینگیی دامەزراندنی پەناگە بۆ ئەو کەسانەی کە لە مەترسیی ئەم جۆرە توندوتیژییەدان. ئێمە هەروەها پێویستە هاوکاری ڕزگاربووانیش بکەین کە بە زۆری ناچاری بێدەنگی دەکرێن لەگەڵ پەلکێشکردنی تاوانبارانیش بۆ بەردەم دادگا. یاسایەکە پێویستە پێش بە کەسە دەستڕۆیشتووەکانیش بگرێت لە ئەنجامدانی توندوتیژیی خێزانی. هەروەک چۆن نابێت نەک هەر ژنانمان لەبیر نەچێت بەڵکو منداڵ و پیر و ئەندامانی تری خێزانیش کە مەترسی توندوتیژییان لەسەرە و شایانی ئەوەشن کە بە تەواوی لەلایەن یاساوە بپارێزرێن بەگوێرەی پابەندییە جیهانییەکان و باشترین نەریت و بەها ئایینی و کەلتوورییەکانی عێراق.
بەڕێزان،
بەهێزکردنی بەشداربوونی ژنان لە بواری سیاسیدا ئامانجێکی تری گرینگی حکومەتە و بۆ ئەم مەبەستەش یونامی لەنزیکەوە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای پشتگیریکردنی بەشداریی ژنان لە سیاسەت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کار دەکات.
شایانی باسە کە ژنان لە هەڵبژاردنەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا توانییان لە کۆی 285 کورسی پەرلەمانی 76 مسۆگەر بکەن کە دەکاتە ڕێژەی 26.7 ی سەدی و بەمەش رێژەی لە سەدا 25ی کۆتایان تێپەڕاند. هەرچەندە ئەمە دەسکەوتێکی گرینگە بەڵام جێگەی داخە کە تا ئێستا هیچ ژنێک پۆستی پارێزگار یان جێگری پارێزگار یان سەرۆکی ئەنجوومەنێکی حکوومی پێنەدراوە و کە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت بۆ ئەوەی ژنان بگەنە شوێنی بڕیاردان. من بە تامەزرۆییەوە ئاواتی هەوڵدان دەخوازم بۆ پەرەدان بە بەشداریی ژنان لە بواری سیاسیدا و لەگەڵ خواستنی هەمان ئاواتیش بۆ پارتە سیاسیەکان بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەمە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنەکانی تری داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئێمە لەمدواییەدا یادی کۆمەڵکوژی یەزیدییەکانمان کردەوە. ئێمە جەخت لەسەر هاوکاریکردنی ڕزگاربووان دەکەینەوە لەگەڵ پەلکێشکردنی تاوانبارانی داعش بۆ بەردەم دادگا لە ڕێگەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەوە کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی تاوانی قێزەونی توندوتیژی دژی ژنان و کچانی یەزیدی و پێکهاتەکانی تریش.
لای خۆشیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەسخۆشی لە پەسندکردنی یاسای ساڵی 2021 دەکات سەبارەت بە ڕزگاربووان. ئێمە داوای بەزوویی جێبەجێکردنی دەکەین و هەروەها لەخۆگرتنی قوربانیانی هەموو پێکهاتەکانی تریش بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە لەسەر شووکردنی زۆرەملێیانە بە ئەندامانی داعش ناچار کراون و هەروەها ئەو منداڵانەش کە لە ئەنجامی ئەم هاوسەرگیرییەدا لەدایک بوون. ئەمەش دەبێت بە گوێرەی بەیاننامەی هاوبەشی کۆماری عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی 2016 بێت سەبارەت بە بەهاناوەچوونی خێرا بۆ توندوتیژی سێکسی لەکاتی شەڕدا کە پابەندبوون بە هاوکاریکردنی ڕزگاربووان و لێپێچینەوەی تاوانبارانیش دەگرێتەوە.
لە کۆتاییدا، من دەمەوێت دووپاتی پابەندیی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەمەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پاراستنی و پەرەپێدانی مافەکانی ژنان و کچان لە عێراقدا. یونامی ئەمە بەگوێرەی ئەرکە پێسپێردراوەکەی ئەنجام دەدات کە لە کۆتایی ساڵی 2025 کۆتایی دێت بەڵام تیمی وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کارەکانی دوای ئەم بەروارەش هەر بەردەوام دەبێت.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
هەرچەندە ئەم رێگایەی پێشمان پڕە لە ئاڵنگاری بەڵام هەلی باشیش بۆ ژنان و کچانی عێراق رەخساوە. لە ڕاستیدا، هەموو کەسێک لە گەشەکردنی مافەکانی ژنان سوودمەند دەبێت بەوپێیەی عێراق ئێستا خەریکی گرتنەبەری ڕێگەی خۆیەتی بەرەو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەتر و گشتگیرانەتر.
زۆر سوپاس