Special Representative of the UN Secretary-General for Iraq: Ms. Jeanine Hennis-Plasschaert

ئه‌ركی یونامی

Ms. Jeanine Hennis-Plasschaert briefing the UN Security Council
وێنه‌: © UN

بڕیاری ژمارە ٢٥٧٦ (٢٠٢١)

لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە لە دانیشتنی ژمارە ٨٧٨٠ لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢١ دا پەسندی کردووە

بە گەڕانەوە بۆ بڕیارە پەیوەنددارەکانی پێشووتری سەبارەت بە عێراق بە ژمارەکانی ١٥٠٠ (٢٠٠٣) و ١٥٤٦ (٢٠٠٤) و ١٥٥٧ (٢٠٠٤) و ١٦١٩ (٢٠٠٥) و ١٧٠٠ (٢٠٠٦) و ١٧٧٠ (٢٠٠٧) و ١٨٣٠ ( ٢٠٠٨) و ١٨٨٣ (٢٠٠٩) و ١٩٣٦ (٢٠١٠) و ٢٠٠١ ( ٢٠١١) و ٢٠٦١ ( ٢٠١٢) و ٢١١٠ (٢٠١٣) و ٢١٦٩ (٢٠١٤) و ٢٢٣٣ ( ٢٠١٥) و ٢٢٩٩ (٢٠١٦) و ٢٣٧٩ ( ٢٠١٧) و ٢٤٢١ (٢٠١٨) و ٢٥٢٢ (٢٠٢٠) و بە جەختکردنەوە لەسەر بڕیاری ژمارە ٢١٠٧ (٢٠١٣) سەبارەت بە رەوشی نێوان عێراق و کوێت و هەروەها ئەو بڕگانه‌ى کە لە بڕیاری ژمارە ٢٣٦٧ی ساڵی ٢٠١٧دا هاتوون

و بە دووپاتکردنەوەی سەربەخۆیی و سەروەری و یەکێتی خاکی عێراق و بە جەختکردنەوەى لەسەر گرینگیی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئارامیی بۆ خەڵکی عێراق و ناوچەکە و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بەتایبەتیش لەبەر رۆشنایی سەرکەوتنی عێراق بەسەر ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا و هاندانی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ زیادکردنی پشتگیرییەکانی بۆ عێراق لەمبارەوە

و بە پشتگیریکردنی عێراق لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکان لەکاتی هەوڵدانیدا بۆ دابینکردنی سەقامگیری بەگرتنەخۆی شەڕی ئێستای دژی داعش و تیرۆر و ئەلقاعیدە و دەستوپێوەندەکانیان و هەروەها لە کاتی هەوڵەکانیدا بۆ بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردن و ئاشتەواییدا بەگرتنەخۆی دابینکردنی داوایەکانی عێراقییەکان بە ژن و منداڵان و پەککەوتە و خەڵکی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانيشه‌وه‌ و بە هەستکردن بە هەڕەشەی پارچە نەتەقیوەكان و دەسخۆشیکردن لە هەوڵەکان بو پاککردنەوەی ناوچەکان لەم تەقەمەنییانە و بە ستایشکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتوو بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد و گشتگیر و پڕ بەشداری کە هەم لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە بەڕێوەدەچێت و هەمیش هەر بۆ ئەوانیشە و بە دەسخۆشیکردن لە داوایەکەی حکومەتی عێراق بۆ هاوکاری زیاتری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری هەڵبژاردندا لەڕووی پێدانی راوێژکاری و یارمەتیی تەکنیکییەوە لە رێگەی نووسینگەی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراقەوە و بە دەسخۆشیکردن لە داوایەکەی حکومەتی عێراق کە لە نامەی وەزیری کاروباری دەرەوەیدا هاتووە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لە ١١ی شوباتی ٢٠٢١ دا بە ژمارەی ( س/ ١٣٥/ ٢٠٢١) و هەروەها بە هەستکردن بە هەوڵەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەگرتنەخۆی بەشداریی تەواو و یەکسانانەی ژنانیشەوە و بە دووپاتکردنەوەی پشتگیرییەکانیشی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کە ڕۆڵەکەی لە سەرخستنی پرۆسەى هەڵبژاردندا لەوپەڕی گرینگیدایە و هاندانی هاوبەشکارە جیهانییەکانی عێراق بەگرتنەخۆی رێکخراوە پەیوەنددارەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەرێنییانە بۆ داوایەکەی عێراق بۆ ناردنی چاودێرانی هەڵبژاردن و هەروەها هاندانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتيش بۆ بەشداربوون لەم پڕۆسەیەدا و بە تێبینیکردنی ئەوەی کە حکوومەتی عێراق خوازیاری گەڕانەوەی ئاوارە ناوخۆییەکانه‌ چی بۆ زێدی خۆیان و چی بە جێنشینکردنیان لە شوێنی تردا بەڵام بە جەختکردنەوە لەسەر گرینگیی ڕەچاوکردنی ئارەزوومەندی و سەلامەتی و شکۆ و چارەسەری درێژخایەن کە لەسەر بنەمای ئارەزوومەندیيه‌وه‌ بەند بێت و بە دەسخۆشیکردن لە پەسندکردنی یاسای ڕزگاربووانی مێیینەی یەزیدی و بە داننان بە هەوڵەکان بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو یاسایە و بە زەقی دەسنیشانکردنی گرینگیی جێبەجێکردنی کاریگەرانە و لە کاتیخۆیدا لەگەڵ پێویستبوونی پەلکێشکردنی تاوانبارانی توندوتیژیی جێندەری سەردەمی شەڕ بۆ بەردەم دادگا و فەراهەمکردنی هاوکاریی دەروونی بۆ قوربانیان و ئامادەکاری بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو ڕزگاربووان وه‌ك لە یاسایەکەدا هاتووە و داواکردن لە حکومەتی عێراقیش بۆ گەیاندنی یارمەتییەکانی بۆ هەموو قوربانییان و بە داننان بەوەی كه‌ لەنێوان چەندان هۆکاری تردا کاریگەریی نەرێنییانەی گۆڕانی ژینگە و زەوی و کارەساتە سروشتییەکان دەبنە مایەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی و خراپبوونى دۆخی مرۆیی و سەقامگیریی عێراق و بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستبوونی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵام لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەپێناو هاویشتنی هەنگاوی پێویست یان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە ژینگەییەکاندا و یانیش کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان و بە دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە کاریگەریی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆڤید ١٩ لە عێراق و بە گەڕانەوە بۆ بڕیاری ژمارە ٢٥٦٥ی ساڵی ٢٠٢١ و جەختکردنەوە جارێکی تر لەسەر فەراهەمکردنی یەکسانانەی تێست و چارەسەرکردن و دابينكردنى پێکوتە لەپێناو کۆتاییهێنان به‌و په‌تايه‌ و بە دەسخۆشیکردن لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی بە مەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییە رەواکانی خەڵکی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و فرەکردنی سەرچاوەی ئابوری و ڕەخساندنی هەلی کار و باشکردنی حوکمڕانی و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بە داواکردن لە دامودەزگاکانی دەوڵەتيش بۆ چەندقاتکردنی هەوڵەکان بۆ فەراهەمکردنی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی کوشتن و برینداركردنى سه‌خت و جێهێشتن و بێسەروشوێنکردنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان و هەروەها پاراستن و رێزگرتن لە ئازادیی ڕادەربڕین و دەسخۆشیش لە داوایەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆی نیشتمانیی گشتگیر لەپێناو بەهێزکردنی یەکییەتی عێراق و بە دەسخۆشیکردنيش لە رێککەوتنی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لەنێوان حکومەتی فیدڕال و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا و بە گەڕانەوە بۆ پرەنسیپی سەرەکی لە پاراستنی بارەگاکانی نێرده‌ دیپلۆماتەکان وەک ئەرکی حکومەتە خانەخوێیەکان لەبەر رۆشنایی رێککەوتننامەی ڤيه‌ننای ساڵی ١٩٦٣ بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنیان لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک و وێرانکاری و هەروەها پێشگرتن به‌ هەر جۆرە هەراسانکردن و بەئامانجگرتنی شکۆ و سەروەرییان و بە داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پابەندبوونی بەهێزیان لە پێدانی هاوکاری بۆ عێراق لە هەوڵەکانی بۆ روبەڕووبوونەوەی رەوشی مرۆیی و دابینکردنی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا، ئه‌نجومه‌نى ئاسايش:

يه‌كه‌م: بڕیاريدا بە درێژکردنەوەی ئەرکی پێسپێردراو (ماندێت) نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) تا ٢٧ی ئایاری ٠٢٠٢٢

دووه‌م: زیاتر بڕیار دەدات کە نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و یونامی نامەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بە ژمارە ( س/ ١٣٥/٢٠٢١) بەهەند وه‌رگرێت و لە ئەنجامدا هەڵسێت بە:

ا- دابینکردنی تیمێکی تۆکمە و کارامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کارمەندی زیاترەو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتووی عێراق و پرۆسەی چاودێریکردن لەڕۆژی هەلبژاردندا و بە رووماڵکردنی پانتاییەکی زۆری وڵات و درێژەدان بە یارمەتی هەڵبژاردن بەشێوەیەک کە رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت ولەسەر پرۆسەکه‌ش راپۆرت بداتە سکرتێر گشتیی.

ب- بەشداریکردن و هاندان و هەماهەنگیکردن و پێدانی هاوکاریی ئاسایشی و لۆژیستی بۆ چاودێرانی جیهانی و هەرێمایەتی و لایەنی سێیەم کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بانگهێشت کراون.

ج- راگەیاندنی هەڵمەتی پەیامناردن بۆ فێرکردن و وشیارکردنەوە و هەروەها پێدانی دوا زانیاری بە دەنگدەرانی عێراق لەسەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن و چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن لەپێش هەڵبژاردن و لە رۆژی هەڵبژاردنیشدا.

سێهه‌م: داو له‌ سكرتێرى گشتي ده‌كات بۆ پێدانی ئەنجومەن بە ڕاپۆرتی تێروتەسەل لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراق و هاوکارییەکانی یونامی بۆ ئەو پرۆسەیە کە لە ٣٠ رۆژ درەنگتر نەبێت لە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتوو.

چواره‌م: زیاتر داوا دەکات کە نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و یونامی و لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ بەهەند وەرگرتنی نامەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و هەربۆیە هەڵدەستێت بە ئەمانەی خوارەوە:

ا- سەرلیستکردنی پێدانی ڕاوێژ و پشتگیری و هاوکاری بۆ حکومەتی عێراق بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆی سیاسیی گشتگیر و نیشتمانی و هه‌روه‌ها دابينكردنى ئاشتەوایی لەسەر ئاستی کۆمەڵگایی بە رەچاوکردنی تێبینیی و سەرنجەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشداریپێکردنی تەواو و یەکسانانەی ژنان.

ب- زیادکردنی ڕاوێژ و پشتگیری و هاوکاری بۆ:

  • حکومەتی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ هەوڵەکانیش بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە بەڕێوەدەچێت و هەر بۆ ئەوانیشە و هەروەها ئەنجامدانی راپرسی بەگرتنەخۆی بەکارهێنانی پێداچوونەوەی تەکنیکیی دەوری لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن و پرۆسەکە وەک بەشێک لە راپۆرتدانی دەوریی سکرتێری گشتیی.
  • حکومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە پێداچوونەوەی دەستوور و جێبەجێکردنی بڕگەکانی و هەروەها گەشەپێدانی پرۆسەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرە ناوخۆییەکان کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەرگیراو بێت.
  • حکومەتی عێراق سەبارەت بە پێشڤەچوون لە چاکسازیی ئاسایشی بەگرتنەخۆی سەرلیستکردنی پلاندانان و پارە تەرخانکردن و جێبەجێکردنی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی کۆنتڕۆلی دەوڵەت و بەرنامەی یەکخستنەوە بۆ ئەندامانی پێشووی گرووپە چەکدارەکان و گەر بشگونجێت بە هەماهەنگی لەگەڵ قەوارە فرەڕەگەزەکان.
  • حکومەتی عێراق سەبارەت بە ئاسانکاریکردن بۆگفتوگۆی نیشتمانی و هاوکاری بەگرتنەخۆی لەسەر ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە ئاسایشی سنوور و وزە و ئاسایش و بازرگانی و ژینگە و ئاو و کاریگەری نەرێنیی گۆڕانکاریی ژینگەیی و ژێرخان و تەندروستیی گشتی و پەناهەندە.

ج- گەشەپێدان و پشتگیریکردن و ئاسانکاریکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ:

  • هەماهەنگیکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاریی مرۆیی و هاوکاریی ته‌ندروستى بە تایبەتیش بۆ بەهاناوەچوونی تووشبووانی پەتای کۆڤید-١٩ و هەروەها گەڕانەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و ڕێکوپێک و سەلامەت و لەکاتیخۆیدا بەگرتنەخۆی لەڕێگەی هەوڵەکانی تیمی وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
  • هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی کە دەبنە مایەی باشکردنی توانای عێراق لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاریی کاریگەر و بنەڕەت بەگرتنەخۆی پەروەردە و خزمەتی تەندروستی بۆ خەڵک و درێژەدان بە پشتگیرییەکان بۆ هەماهەنگیی کۆمەکبەخشە هەرێمی و جیهانییەکانی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی پێویست و بەرنامە کۆمەکییەکان لەڕێگەی بەدواداچوونی کاریگەرییانە بۆ بەڵێنە جیهانییەکان.
  • عێراق و بانکی نێودەوڵەتی و سندووقى دراوی نێوده‌ڵه‌تى و هەوڵەکانی تر سەبارەت بە چاکسازیی ئابوری و تواناسازی و مەرجداركردنى گەشەپێدانی درێژخایەن و بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە بەو ناوچانەشەوە کە زەبری تیرۆریان بەرکەوتووە لەڕێگەی هەماهەنگیکردن لەگەڵ رێکخراوە هەرێمی و نیشتمانییەکانه‌وه‌ و گەر بشگونجێت لەگەڵ کۆمەکبەخشان و دامودەزگا جیهانییەکانی تردا.
  • بەشدارییەکانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەند و بەرنامەکان بۆ ئەو ئامانجانەی کە لە بڕیارەکەدا هاتوون لەژێر سەرکردایەتیی یەکگرتووانەی سکرتێری گشتیدا و لە ڕێگەی جێگرەکەیەوە لە عێراق کە ئەویش لەلایەن جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتییەوە یارمەتی دەدرێت.

د - گەشەپێدانی لێپێچینەوە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چاکسازیی یاسایی و دادوەری بەڵام بە ڕێزگرتنی تەواو لە سەروەریی عێراق لەپێناو بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و باشکردنی حوکمڕانی لەگەڵ پشتگیریکردنى "تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ گەشەپێدانی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش - یونیتاد" کە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ی ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە.

هـ- ئاوڕدانەوە لە پرسی جێندەر بە درێژایی ئەرکەکەی بۆ ڕاوێژ پێدان و یارمەتیدانی حکومەتی عێراق بۆ دڵنیابوون لە بەشداریی و نوێنەرایەتیی یەکسانانە و شایستەی ژنان لە هەموو بوارەکانی بڕیارداندا بەگرتنەخۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و بەهێزکردنی ئابوورى لەڕێگەی جێبەجێکردنی پلانی کاری نیشتمانیيه‌وه‌ له‌سه‌ر ژن و ئاشتى و ئاسايش بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە ١٣٢٥ی ساڵی ٢٠٠٠ و بڕیارە پەیوەندارەکانی تره‌وه‌ .

و- بەهەند وەرگرتنی گرینگیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە قوربانىی به‌ركه‌وته‌ى شەڕی چەکدارین و هەروەها هاندانی حکومەتی عێراق و تیمی وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ برەودانى زیاتر بە پاراستنی منداڵان بەگرتنەخۆی تێکەڵکردنەوەی منداڵان بەگوێرەی یاسا بەرکارە نیشتمانییەکانی عێراق و پابەندییەکانی لەم بوارەدا و هەروەها پشتگیریکردن لە جێبەجێکردنی دەرەنجامەکانی گرووپی کارکردن لەسەر منداڵانی بەرکەوتەی شەڕی چەکداری.

ز- هاندانی هەردوو حکومەتی فیدرال و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پابەندبوونی تەواو بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢١ و هەروەها له‌سه‌ر گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسە هەڵواسراوەکانی تریش.

پێنجه‌م: دان بەوەدا دەنێت کە سەلامەتیی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کارێکی بنەڕەتييە بۆ یونامی بۆ ئەوەی بتوانێت کارەکانی بەسوودی خەڵکی عێراق ئەنجام بدات و هەروەها داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکات بۆ درێژەدان بە دابینکردنی ئاسایش و هاوکاریی لۆژیستی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا.

شه‌شه‌م: نیازی خۆی بۆ پێداچوونەوەی ئەرکی پێسپێردراو (ماندێت) و راپۆرتدانی دەوری ڕادەگەیەنێت بە هاتنی ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٢ یانیش زووتر گەر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داوا بکرێت.

حه‌وته‌م: داوا لە سکرتێری گشتی دەکات بۆ پێدانی ڕاپۆرتی وەرزی بە ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە پێشڤەچوونەکانی یونامی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا.