لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڕاپۆرتی یونامی: زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکاندا، ئافرەتان هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١یان ڕووناککردەوە؛ پێویستە بەشداریی سیاسی زیاتریان هەبێت

٠٧ ئازار ٢٠٢٢

بەغدا، ٧ی ئاداری ٢٠٢٢- هەڵسەنگاندنێکی جێندەریی هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکەی ٢٠٢١ی عیراق، کە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی)یەوە ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە کاندیدە عیراقییە ئافرەتەکان توانیان بە دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان کورسی پەرلەمان بەدەستبێنن، بەبێ پشتبەستن بە سیستەمی کۆتا، ئەگەرچی چەندان ئاستەنگی وەكو جیاکاری جێندەری و ئاڵنگارییەکانی ئاسایش و کەمیی پاڵپشتی سیاسی و هەروەها ئەزموونی سنورداری هەندێك لەو کاندیدە ئافرەتانەی کە یەکەمجاربوو خۆیان بەربژێر بکەن.

ئاستی ئافرەتە عیراقییەکان لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨، کە ڕێژەی بەشدارییان گەیشتە لەسەدا ٢٩ بەڵام پێشتر ڕێژەکە لەسەدا ٢٥ بوو. هەروەها ٥٧ لە کۆی ٩٥ ئافرەت لەو ئافرەتانەی کە لە ١٦ پارێزگاوە بەژدارییان کردبوو دەرچوون و  لەدەرەوەی سیستەمی کۆتا کورسییان بەدەستهێنا. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە ئافرەتانی عیراق دەتوانن بە دەنگی شایستەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتووبن. بەبێ کەمکردنەوە لە ئاستی ئەم دەستکەوتە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سیستەمی کۆتا هێشتا ماوە و ئامرازێکی سەرەکییە بۆ دەستەبەری نوێنەرایەتیکردنی ئافرەتان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.

هەڵسەنگاندنەکە تیشکی خستۆتە سەر بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم بەرەوپێشچوونی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکاندا، وەكو ئاڵنگارییەکانی ئاسایش و ڕۆڵی کلتووری و مێژوویی جێندەر لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان و توندوتیژی لەدژی کاندیدە ئافرەتەکان و ڕاهێنانی سنووردار  و کەمیی پاڵپشتی پارتە سیاسییەکان بۆ کاندیدە ئافرەتەکان و سەرچاوە داراییەکان. ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە زۆربەی ئەو کاندیدە ئافرەتانەی لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتووبوون بریتیبوون لەو ئافرەتانەی کە پاڵپشتی پارتە سیاسییەکانی خۆیان هەبووە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە پارتە سیاسییەکان بریتین لە ڕێگەی سەرەکی بۆ گەیشتن بە پەڕلەمان.  

خاتو ئینگیبۆرگ سۆلڕون-گیشلادۆتیر، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاری هەڵبژاردن، وتی :"ئافرەتانی عیراق سەلماندیان کە ئەگەر دەرفەتیان هەبێت بێنە ناو سیاسەت ئەوا زۆر سەرکەوتوو دەبن. هەڵبژارندەکانی ساڵی ٢٠٢١ نمونەیەکی زیندوون – ژمارەیەکی زۆری کورسییەکان بۆ ئافرەتان ڕۆیشتن کە لە پێشتردا ئەو ژمارەیە زۆر کەمبوو، ئەمەش لەدەرەوەی سیستەمی کۆتابوو. من هانیان دەدەم کە ئەم سەرکەوتنە لە پێکهێنانی حکومەتیشدا ڕەنگبداتەوە و ئافرەتان لە پۆستی باڵادا هەبن. پێویستە ئافرەتان شوێنی شایستەی خۆیان لە سیاسەتدا بگرن و بەشداربن لە دروستکردنی بڕیار لە کۆمەڵگادا. ئەو ئاستە بەرزەی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمدا پێویستە بگوازرێتەوە بۆ بەرەوپێشچوون لە بوارەکانی تریشدا. "

ڕاپۆرتەکە پێشنیازی چەند رێوشوێنێکی کرد بۆ پابەندکردنی عیراق بە ستاندەرە جیهانییەکانی وەکو ڕێکەوتننامەی سیداو (رێکەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکانی دژی ئافرەتان) کە عیراق خۆی بەشێکە لەو ڕێکەوتننامەیە. ئەمەش بۆ ئەوەی جیاکاری لەسەر بنەمای جێندەر بنەبڕبکرێت لە بواری سیاسەت و ژینگەیەکی باشتر بۆ بەشداریی سیاسی ئافرەتان و نوێنەرایەتیکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکاندا دروستبکرێت. دەکرێ رێوشوێنی جیاواز لە سیستەمی کۆتا بگیرێتەبەر وەکو پاڵپشتی دارایی و سنووری کەمتر بۆ خۆپاڵاوتنی کاندیدەکان و بەرنامەی ڕاهێنانی تایبەت بە کاندیدە ئافرەتەکان و چاودێری جێندەریی لەسەر پارتە سیاسییەکان و دامەزراندنی بە پلان و بەرنامەی ناساندن و ئاسایشی زیاتر.

هەندێ لە پێشنیازەکانی تر ئەوەبوون کە پێویستە دڵنیایی بدرێت لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو زیاتر بەدەم بواری جێندەرەوە بچێت و دەکرێ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پاداشتی ئەو پارتە سیاسییانە بکات کە پەرە بە بەشداریی تەواو و کارای ئافرەتان دەدەن. هەروەها داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات کە هەڵسەنگاندنێك بکات سەبارەت بە کاریگەریی جیاوازی هەمووارکردنی یاساکان لەسەر ئافرەتان و پیاوان لە بواری سیاسەتدا لەکاتی پێداچوونەوە و هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن و دانانی یاسا بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە بواری سیاسەتدا و هەروەها هەوڵی بەردەوام بۆ بنیادنانی توانستی ئافرەتان ئەوانەی ئارەزووی خۆبەربژێرکردن دەکەن بۆ سەرۆکایەتی. 

Samir Ghattas

سه‌مير غه‌تتاس

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
وته‌بێژ / به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و ڕاگەیاندن

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت