ڕۆژی جیهانی ئاو لەمساڵدا لە ژێر سەرباسی "ئاوی ژێرزەوی؛ شاراوەکان بخرێنە بەرچاو" یادی دەکرێتەوە. ئەم یادکردنەوەیە جەخت لەسەر گرنگیی ئاوی ژێرزەوی و پێویستیی پاراستن و بەفیڕۆنەدانی ئەم سەرچاوە گرنگەی ژیان دەکاتەوە.
لە سەدا ١٤ی ئوری عیراق بریتییە لە ئاوی ژێرزەوی و ئەوەی تری لە ئاوی سەرزەویە وەك ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات. بەشێك لە عیراقییەکان لە ئێستادا کاردەکەن بۆ پارێزگاریکردن لە ئاوی ژێرزەوی بۆ داهاتوو.
لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا، چاڵاکوانان لە چەندان رێکخراوی ژینگەپارێزییەوە کار لەسەر پارێزگاریکردن لە ئاو و دووبارە دروستکردنەوەی داراستان و پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکان دەکەن. بە کارکردن لەگەڵ هەزاران خۆبەخش لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی، هاوکار عەلی و گەشبین ئیدریس و شەهێن عومەر سەعید لە ڕێکخراوی هەسار باس لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئاو دەکەن لە پڕۆژەکانی کەشوهەوا و پارێزگاریکردن لە ژینگە.
.
هاوکار عەلی، دامەزرێنەری رێکخراوی هەسار دەڵێت: "ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەولێردا قوڵە و کاتی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئاوی بارانی ساڵانەوە پڕببێتەوە. ئێمە پێویستە پارێزگاری لێبکەین لە رێگەی پڕۆژەی دەستکردی گلدانەوەی ئاو. ئەگەر لە میانەی وەزی بارانباریندا ڕێڕەوی ئاومان هەبێت ئەوا دەتوانین ئەو ئاوە گلبدەینەوە و سوودی لێببینین بۆ زیاترکردنی ئاوی ژێرزەوی. کەواتە لە بری ئاوی ژێرزەوی، پێویستە ئاوی باران گلبدەینەوە لەڕێگەی دروستکردنی چەندان بەنداو لە سەرووی شاری هەولێر."
وەك قوتابییەکی خوێندنی دکتۆرا لە بواری ئەندازیاریی زانستی زەویناسی، هاوکار عەلی باس لەوەدەکات کە چۆن لە ساڵی ٢٠٢١دا پڕۆژەیەکی چاندنی دار بەدەست کەمیی ئاوەوە دەیناڵاند بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە بیرە نزیکەکەدا. بە فێربوون لەم ئەزموونەوە، لە ئێستادا شیوازی تر بەکاردەهێنن بۆ ئاودانی دارەکان وەك لەم پڕۆژەی ئەم دواییەیان لە پیرمام.
هاوتەریب لەگەڵ بیروڕای هاوکار و بە هەمان دڵسۆزی بۆ پارێزگاریکردن و بەفیڕۆنەدانی ئاو و سەوزکردنی ژینگەکەمان، گەشبین ئیدریس دەڵێت کە ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکەیان، کە بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی یونیسێف و بە پاڵپشتی دارایی وڵاتی ئەڵمانیا جێبەجێدەکرێت، بریتییە لە کەمکردنەوەی بە بیابانبوون لە رێگەی چاندنی دار لە چواردەوری گۆمی دەستکرد کە خۆیان درووستیان کردووە. ئەو لە میانەی هاوەڵێتیکردنی خۆبەخشان لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بۆ جاندنی ٢٠٠٠ دار لە چواردەوری گۆمی دوین لە پیرمام لە پارێزگای هەولێر، وتی:" ئەم گۆمانە ئاوی باران گلدەدەنەوە و بەکاریدەهێنین بۆ ئاودانی ئەو دارانەی کە دەیانچێنین."
.
|
|
|
هاوکار عەلی لەوباوەڕەدایە کە دووبارە بنیادنانەوەی دارستان پێویستی بە سەرچاوەی ئاوی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت، بۆیە گۆمی دەستکرد بۆ گلدانەوەی ئاوی باران جارەسەرێکی باشە.
لە میانەی قسەکردن لەسەر چۆنیەتی کارکردنی ڕێکخراوەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئاو بۆ پەرەپێدان بە رووەکەکان و دووبارە سەوزکردنی هەولێر، شەهێن عومەر سەعید وتی:" ئێمە ئەو دارانە دەچێنین کە لەگەڵ ژینگە و کەشوهەوای هەرێمەکە دەگونجێن. ئێمە بە دار بی دەستمان پێکرد کە پێویستی بە ئاوێکی کەم هەیە. ئامانجی ئێمە تەنها سەوزکردنی ناوچەکە نیە بەڵکو بەدەمەوەچوونی کێشەی کەم ئاویشە."
ڕێکخراوی هەسار بەشدارە لە لێکۆڵینەوەیەکی سێ ساڵە دەربارەی پاراستنی سەرچاوەی ئاو کە جەخت لەسەر پەرەپێدان بە گلدانەوەی ئاوی باران دەکاتەوە هاوشان لەگەڵ کەمپینێکی دووبارە بنیادنانەوەی دارستان. هاوکار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە ستراتیژیەتی ئاو لە سەر ئاستی حکومەت هەبێت کە کار لەسەر ئاو بکات وەك بابەتێکی گرنگ و هەستیار لە هەرێمەکەدا.
ئەو وتی:" هەر هەوڵێکی پارێزگاریکردن لە ئاو دەبێ پاڵپشتیبکرێت. دیزاینی شارەکان دەبێ ڕەچاوی دابەشکردنی ئاوی ژێرزەوی بکەن. ناکرێ هیچ شوێنی نیشتەجێبوون لە سەرووی رێڕەوی دووبارە پڕکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی شارەکان هەبێت، چونکە ئەو شوێنانە گرنگن بۆ دوورابە پڕکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی."
===
وەرگێڕانی: ڕەشوان ساڵح (نووسینگەی ڕاگەیاندنی یونامی).