نووسینی: سیلیا دادسۆن و وەرگێڕانی ڕەشوان ساڵح ، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی یونامی
هەولێر، ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢- دەستڕاگەیشتن بە خۆراك و ئاوی پێویست و خانووبەرە و پەروەردە و تەندروستی و کارێکی شایستە و ئازادیی بۆ پراکتیزەکردنی کلتوری مرۆڤایەتی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤن، کە ئەگەر ڕەتبکرێنەوە دەتوانێت نائارامی کۆمەڵایەتی دروست بکات.
بۆ بەهێزکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چاودێریکردنی سیاسەتی یاسادانان و پرۆسەکانی بودجە کە دەتوانن ئەم مافانە گەرەنتی بکەن، نووسینگەی مافی مرۆڤی یونامی لە هەولێر ڕاهێنانێکی یەك ڕۆژەی بۆ ٢٧ بەشداربوو – لە ژن و پیاو – ئەنجامدا کە پێکهاتبوون لە ڕۆژنامەنووسان و ئەو ڕێکخراوانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کە کار لەسەر پرسەکانی مرۆیی، وگەشەپێدان و ژنان و مافی کچان دەکەن.
ئانێت لیت، راوێژکاری باڵای پاراستنی ژنان لە یونامی لە هەولێر رایگەیاند، ئامانجی راهێنانەکە بەهێزکردنی بەشداربووان بووە بە ئامرازی دروست بۆ چاودێریکردنی ئەو یاسایانەی کە دەرکراون بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان هاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستت بە زانیاری و لێهاتوویی پێویست هەیە بۆ چاودێریکردنی بنەماکانی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و هەروەها دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەکانی. هەروەها ئەم ڕاهێنانە ئامرازی دروستتان بۆ دابین دەکات بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی مانادار لەگەڵ حکومەت و ئەکتەرەکانی دیکە کە پەرە بە پاراستنی ئەم مافانە دەدەن و پشتگیری دەکەن کە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام پێشدەخەن، دڵنیابوون لەوەی کە کەس لەدوای خۆی بەجێناهێڵین."
تارا سەعدەدین، کارمەندی چاودێری و هەڵسەنگاندن لە ڕێکخراوی ئێما بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، کار لەسەر چاودێریکردنی مافەکانی تەندروستی سێکسی و زاوزێ بۆ مێینەکان دەکات لەناو گروپەکانی گەنجان لە قوتابخانەکاندا. خاتوو سەعدالدین لە چاوپێکەوتنێکدا لە کۆتایی ڕاهێنانەکەدا وتی: "نەبوونی شەفافیەتی زانیاری بۆ ئەم مافانە هەیە، و ئێمە پێمان خۆشە ئەو ئامرازانە بەکاربهێنین کە ئەمڕۆ بەدەستمان هێناوە بۆ دابینکردنی ئەو دەستڕاگەیشتنە بە زانیاری بۆ دانیشتوانی فەرامۆشکراو".
بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان پێویستیان بە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی کاریگەر و کارا دەبێت بۆ دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی و هاوکاریکردن سەبارەت بە چاودێریکردنی مافەکانی هاوڵاتیان.
سورکێو محەمەد، سەرنووسەری ماڵپەڕی پەرەگراف، کە دەزگایەکی هەواڵیی سەربەخۆی ئۆنلاینە، گرنگی هاوبەشی لە چاودێریکردن و دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەرز دەنرخێنێت. دامەزراوەکەی سکاڵای یاسایی لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان (سەرۆک و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان) تۆمارکردووە بەهۆی دەستنەگەیشتن بە زانیاری لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم. بەڕێز محمد ئەزموونی خۆی لەگەڵ بەشداربووانی دیکە باس کرد سەبارەت بە چۆنیەتی داکۆکیکردن لە مافی وەرگرتنی زانیاری.
ئەو وتی، "وۆرکشۆپەکەی ئەمڕۆ زۆر گرنگ بوو بۆ بنیاتنانی هاوبەشیی بەردەوام لە نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی هۆشیارییەکی باشترمان هەبێت لەسەر چۆنیەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵاتدا بۆ بەرەوپێشبردنی شەفافیەت و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا."