بەغداد - ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
لە چوارچێوەی ١٦ ڕۆژ چالاکیی دژی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری، نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی پانێڵێکی ئاست بەرزی ڕێکخست بۆ کۆمەڵێك پسپۆڕ کە بریتی بوون لە پارێزەر و دادوەر و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چاکسازی دامەزراوەیی و یاسایی بەمەبەستی برەودان بە پاراستنی ژنان و کچان. پانێڵەکە ئەم پسپۆرانەی لەخۆگرتبوو کە داوای بەرپرسیارکردنیان دووبارەکردەوە بۆ روبەروبونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان :
- دادوەر سەحەر حەیدەر، داواکاری گشتیی توندوتیژی خێزانی لە دادگای تاوانەکانی کەرخ، کە باسی لە کارکردن و کێشەی کارەکانی دادگاکانی توندوتیژی خێزانی و یەکەکانی پاراستنی خێزانی کرد؛
- د. بوشرا ئەلعوبەیدی، پسپۆڕی دانپێدانراو لە یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و پرۆفیسۆری یاسا لە کۆلێژی زانکۆی ئەلرافیدەین، کە ڕاسپاردەکانی سەبارەت بە چۆنیەتی باشترکردنی چوارچێوەی دامەزراوەیی بۆ کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی پێشکەش کرد؛
- ئەمال ئەلسەجار، پارێزەری مافەکانی ژنان کە باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لە نوێنەرایەتیکردنی قوربانیانی مێینە لە زیاتر لە ٢٠٠ دۆسیەی توندوتیژی خێزانی.
دانیێل بێڵ، بەرپرسی نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە وتاری دەستپێکیدا، هانی حکومەتی عێراقیدا بۆئەوەی "بەووردی بابەتی بەرپرسیارکردن ئەنجامبدات بۆ تاوانەکانی سەر بنەمای جێندەری، بە توندوتیژی خێزانیشەوە." ئاماژەی بەوەشکرد کە "نەبونی بەندێکی یاسایی دیاریکراو بۆ تاوانبارکردنی توندوتیژی خێزانی فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ بەربڵاوی توندوتیژی خێزانی لەسەرانسەری عێراق." وەهەروەها گوتی: "مادەی ٤١ لە یاسای سزادان ماف دەداتە مێردەکان کە 'راستەرێی' خێزانەکانیان بکەن، ئەمەش دەبێتەمایەی ئەوەی کردەکانی توندوتیژی بۆ ململانێی خێزانی بگۆڕین."
لە میانی گفتوگۆی پانێڵەکەدا، بەشداربوان جۆرەها چاکسازیی دامەزراوەییان تاووتێکرد، لەوانەش ئاسانکاری بۆدەستڕاگەیشتنی ژنان و کچان بۆ یەکەکانی پاراستنی خێزان. شارەزایان باسیان لە بڕگە جۆراوجۆرەکانی یاسای عێراق کرد کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان هەیە، لەوانە ماددەی ٤١ لە یاسای سزادان کە پیاوان لە لێپێچینەوە دەپارێزێت لە بەرامبەر هەر کارێك لە دژی هاوسەرەکەی کە مەبەستی سزادان بێت، وەهەروەها مادەی ٤٠٩ لە هەمان یاسا، کە سزای ئەو پیاوانەی حوکمدراون بە تاوانی کوشتنی شەرەف کەمدەکاتەوە. پانێڵستەکان تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە چۆن ئەم بۆشاییانە لە پاراستندا جیاکاری لە دژی ژنان دروست دەکات.
دکتۆر بوشرە ئەلعوبەیدی ئاماژەی بەوەدا کە “توندوتیژترین چەك کە لە کاتی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان بەکاردەهێنرێت بریتییە لە یاسا و تەشریعاتەکان. ئاماژەی بە کۆمەڵێک یاساش کرد کە بەشدارن لە جیاکاری و پاساو بۆ توندوتیژی دژی ژنان دەهێننەوە ، هەروەها پەرە بە کولتوری دەربازبوون لە سزا دەدەن." بەشداربوان زنجیرەیەك چاکسازییان پێشنیار کرد کە پێویستن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کولتوورە بێ سزایە، لەوانەش هەموارکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی مادەکانی 41 و 409ی یاسای سزادان. دادوەر سەحەر حەیدەر ئاماژەی بە پێویستیی زیادکردنی ژمارەی یەکینەکانی پاراستنی خێزانی کرد. بەشداربووان داوای پەسەندکردنی یاسایەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانییان کرد کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها داوای ئاسانکارییان کرد بۆ دەستڕاگەیشتنی ئەو ژنانە مەترسییان لەسەرە بۆ خزمەتگوزارییەکان، لەوانەش خانەی داڵدەدان و دادگاکانی توندوتیژی خێزانی، بەمەبەستی زیاتر بەهێزکردنی پاراستنیان و گەرەنتیکردنی تەواوی چوارچێوەی مافەکانیان لە عێراق.