لێدوانی ڕۆژنامەوانی

دەسپێشخەریی نادیە و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ دەست دەکەن بە دروستکردنی گۆڕستان و مۆنیومێنتی قوربانییە ئێزیدییەکانی جینۆساید

١٣ شوبات ٢٠٢٣

سۆلاغ، شنگال – لە کاتێکدا کۆمەڵگەی ئێزیدی لە عێراق خەریکی بنیاتنانەوەی ژیانی خۆیانن لە دوای جینۆساید، دروستکردنی گۆڕستان و مۆنیومێنتێک لە سۆڵاغ، شنگال، بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد. پرۆژەکە لە سالی ٢٠٢١ و  لەسەر داواکاریی کۆمەلگەی ئێزیدی لەلایەن دەستپێشخەریی نادیەوە ڕاگەیەنرا. دەستپێشخەریی نادیە ماوەی دوو ساڵە خەریکی دیزاینکردنی گۆڕستان و مۆنیومێنتەکەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەندامانای کۆمەڵگەکە و ئەندازیارێکی ئێزیدی. ئەم حەفتەیە، پرۆسەی دروستکردن بە فەرمی و بە پاڵپشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمەریکا، دەستی پێ کرد.

Caption: Construction begins on a memorial in Solagh to realize the Yazidi community’s vision. (Nadia’s Initiative/2023)

لە مانگی ئابی ٢٠١٤، کۆمەڵگەی کەمینەی ئەتنی-ئاینی ئێزیدی لە شنگال بەشێوەیەکی سیستەماتیکی لەلایەن داعشەوە پەلامار درا بۆ ئەوەی بوونیان بسڕنەوە. هەزاران خەڵک کوژران و سەدان هەزار ئاوارە بوون و زیاتر لە ٦٠٠٠ ئافرەت و منداڵ بە کۆیلە کران. تا ئێستاش چارەنووسی نزیکەی ٢٧٠٠ ئێزیدی هێشتا بە بێسەروشوێنی ماوەتەوە و دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.



"ماتەمینی بەشێکە لە پرۆسەی ساڕێژبوون،" نادیە موراد، دامەزرێنەر و سەرۆکی دەستپێشخەریی نادیە وای گوت، "هەبوونی شوێنێک بۆ ئەوەی بەیەکەوە ماتەمینی بکەین و یادی ماڵبات و دۆست و دراوسێکانمان بکەینەوە بۆ ڕزگاربووان گرینگە، بە تایبەتی ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ شنگال. هەروەها مەبەستێکی پەروەردەییش دەپێکێت - ئەویش وەبیرهێنانەوەی جیهانە کە کۆمەڵگەکەمان چیی چەشتووە و چۆن دەبێت بەردەوام کار لەسەر ئەوە بکەین کە ئەم نەهامەتییانە دووبارە نەبنەوە."



"کاتێک کۆمەڵگەیەک ئەم هەموو زەبر و وێرانکارییەی بینیوە، یادی ڕابردوو و ڕێزگرتن لە خۆشەویستان کە لە دەستمان داون کۆڵەگەی سەرەکیی هەوڵەوکانمان بۆ پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووان لەگەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان" بەرپرسی نێردەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق، گیۆرگی گیگاوری، وای گوت. "ئێمە دەمانەوێ ئەمە بە جێ بگەیەنین – مۆنیومێنتێک دروست بکەین کە لەلایەن کۆمەڵگەکە و بۆ کۆمەڵگەکە بێت، کە هەروەها تەبا بێت لەگەل بەندەکانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی، کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و دەسپێشخەریی نادیە هەر لە سەرەتاوە کاریان کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر پابەندبوونمان لەکاتێکدا قەرەبووکردنەوەکان بەردەوام دەبن."  



خالید تەلۆ خدر ئەندامێکی کۆمەڵگە و خزمێکی قوربانییەکانی سۆڵاغ گوتی: "ئەم گۆڕستانە یەکەمین پرۆژەی لەو ئاستەیە کە جینۆسایدی ئێزیدیەکان دۆکیومێنت بکات. گۆڕستانەکە دەبێتە شوێنێکی مێژوویی بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەروەها بەشێوەیەکی بینراو گەورەیی ئاستی جینۆسایدەکە و کاریگەرییەکانی بەسەر کۆمەڵگەکەمانەوە پێشان دەدات. دروستکردنی گۆڕستانێکی بە کۆمەڵی ڕەمزی دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی کەسایەتییەکان و ئەوانەی گرینگی دەدەن بە مافەکانی مرۆڤ و پرسەکانی دادپەروەری."



بەمۆنیومێنتکردنی قوربانییانی جینۆساید بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی زۆر گیرنگە. زۆربەیان، دوای هەشت ساڵ، هێشتا بە ئاوارەیی ماونەتەوە. دیزاینی کۆتایی بۆ گۆڕستانەکە و مۆنیومێنتەکە بەڕاوێژپێکردن لەگەڵ ڕزگاربووەکان، ئەوانەی گەڕاونەتەوە شنگال و ئەوانەش کە هێشتا لە ئاوارەییدا دەژین، هەڵبژێردراوە. ئامانجی دیزاینەکە هەر تەنیا ئەوە نییە کە یادی قورباننییان بکاتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەشە کە ببێتە هۆکارێک بۆ ساڕێژبوونی بە کۆمەڵی خەڵک و کۆمەڵگە و ناوچەکە کە دووچاری زەبری لە ڕادەبەدەر بوونەتەوە.



ئەمە یەکەمین پرۆژەی بە مۆنیومێنتکردنە بەم قەبارە و مەودایە کە لە شنگال جێبەجێ بکرێت.

 

لەبارەی دەستپێشخەریی نادیە



دەستپێشخەریی نادیە ڕێکخراوێکی نێدەوڵەتیی ناحکوومییە خۆی تەرخان کردووە بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکان لە تەنگژەدا و داکۆکیکردن لە ڕزگاربووانی توندووتیژیی سێکسی لەسەر ئاستی جیهان. کاری ئێستای ڕێکخراوەکە چڕ بووەتەوە سەر دووبارە بنیاتنانەوەی درێژخایەنی نیشتیمانی ئێزیدییان لە شنگال، عێراق. دەستپێشخەریی نادیە لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆجێیی و چەندان هاوبەشی جێبەجێکار لە شنگال کار دەکات بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی کە پاڵپشتی دەکەن لە گێڕانەوەی کەرتی پەروەردە، تەندروستی، بژێوی، ئاو و ئاوەڕ، کولتوور و هەروەها تواناسازیی ئافرەتان لە ناوچەکە. هەموو پرۆگرامەکانی دەستپێشخەریی نادیە لەلایەن کۆمەڵگەکانەوە پەسەند کراون و ڕزگاربووان لە چەقی کارەکانی دادەنێت و کار بۆ ئاشتەوایی درێژ مەودا دەکات. دسپێشخەریی نادیە هانی حکوومەتان و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی شنگال  بە هێنانەدیی دادپەروەری بۆ ئێزیدییەکان و باشترکردنی دۆخی تەناهی لە ناوچەکە و پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی لە سەرتاسەری جیهان.



لەبارەی ڕێّکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ



ڕێخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ڕێکخراوێکی نێوان حکوومەتەکانە لە بواری کۆچ، بە هاوکاری حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات  بۆ دابینکردنی پاڵپشتی لە هەر ١٨ پارێزگاکانی عێراق. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ وەکو بەشێک لە وەلامدانەوەی فرەکەرتی خۆی لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی کەمپ،  نۆژەنکردنەوەی خانوبەرە و ژێرخان، چاودێریی تەندروستی، تەندروستیی عەقلی و پاڵپشتیی دەروونی-کۆمەڵایەتی، هاوکاریی بژێوی، داڕشتنی سیاسەت و بواری دی، ڕۆلێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پرۆسەیەکی دادپەروەریی ڕاگوزەری لە عێراق کە هۆشیارە بە ترۆما و ڕزگاربووان لە چەقی کارەکانی دادەنێت.



بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:

تیمی ڕۆژنامەوانی ڕێکخراوی دەستپێشخەریی نادیە:  press@nadiasinitiative.org

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێڕاق، بەشی میدیا و زانیاری گشتی:  iraqpublicinfo@iom.int

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت