ئامادەبووانی بەڕێز،
مایەی شانازییە کە ئەمڕۆ من لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری بەسرە و بەڕێز وەزیری ژینگە لەم چالاکییەدا بەشداری دەکەم.
دەستکردن بەم نەمامگەی مانگرۆڤە (دارێکی ئیستیوایی هەمیشە سەوز) جارێکی تر ئەو ڕاستییە دەخاتەوە ڕوو کە سەرکردە عێراقییەکان بۆ پرسی ژینگە دەربەستن کە ئەمەش گەر راشکاو بم هەنگاوێکە جێگەی دەستخۆشییەکی زۆرە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢شدا، ٦٨ هەزار کەس لە ئاسیای ناوەڕاست و باشووری عێراق ناچار بوون ماڵو حاڵیان بەهۆی وشکەساڵییەوە جێ بهێڵن کە ئەمەش وێڕای کاریگەرییەکەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ لەڕووی هێنانە کایەی نائاسایشی خوراکی بۆ چەندین خەڵک، بووە مایەی دروستبوونی شەپۆلی خۆڵبارین و رووداوی ژینگەیی و بەبیابانبوونیش کە ئێستا بوونەتە دیاردەی باو و ئاسایی.
من وەک لە کۆنفرانسی کەشوهەوای بەسرە وتم، کە لەلایەن جەنابی موحەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ڕێکخرابوو، کە ئێمە پێویستە لە تەنها باسکردنی مەترسییەکان خۆدوور بگرین.
لەلایەکی ترەوە، ترس دەبێتە مایەی دروستبوونی ئیفلیجی کە هەرگیز نامانەوێت. بە ڕای من ئەم نەمامگەیە، کە لەلایەن ڕێکخراوی خۆراکی جیهانییەوە و بە هاوکاری لایەنە پەیوەنددارە سەرەکییەکانی حکومەت و ئەکادیمیانەوە پشتگیری لێدەکرێت، سەرەتایەکی زۆر باشە بۆ سەرلەنوێ چەقخستنە سەر هەل و دەرفەتەکان.
ئێمە بۆ قسەکردن لەسەر پرسە ژینگەییەکان زاراوەی "سووککردن" و "گونجاندن" بەکار دەهێنین بەڵام با بزانین لەڕاستیدا مانایان چییە.
لەڕاستیدا، لەپشت ئەم زاراوانەشدا گۆرانکاری "راستەقینە" و گۆڕانکاری کۆنکریتی هەیە بۆ باشکردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بەتایبەتیش خەڵکی کەمدەرامەت.
ئەم گۆڕینە لەچی دەچێت؟ دەکرێ بۆ بووژانەوەی بەهێز بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەو ئاڵنگارییانەی کە تازە باسم کردن سووک بکات یانیش، کە ڕەنگە زۆر باشتریش بێت، مانای دروستکردنی گەشەکردنی تازە و رەخساندنی دەرفەت بێت. بۆ نموونە، ئەگەر حکومەت خۆبەخشانە بازاڕی کرێدیتی کاربۆن بەردەست کات بۆ دابینکردنی دارایی بۆ هەندێک لە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، ئەمە دەبێتە مایەی بەردەستبوونی سەرچاوە بۆ بوارەکانی تریش. یانیش لە ڕاستیدا ئابووری سەوز و تازە، کە وەبەرهێنان لە وزەی تازەکراوەش دەگرێتەوە، هەر خۆی دەتوانێت ببێتە مایەی دروستبوونی هەلی کار و گەشەی ئابووری. هیچ کامێکیان، "سووککردن" یا "گونجاندن" نەرێنی نین بەڵام دژی یەکن. ئەوان گەر بەشێوەیەکی ستراتیژی جێبەجێ بکرێن دەبنە مایەی سوودگەیاندن.
هەروەها، ئەو هاوبەشکارییانەی کە دەبنە مایەی کۆبوونەوەی سەرچاوە و بەهرەکانی دامودەزگا جۆراوجۆرەکان، لە حکومەتی ناوەند و هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشکارە نیودەولەتییەکان، رێکخراوە ناحکومییەکان و کارەکان، رێگەی بەرەوپێشچوونن.
بەڵێ من بە دڵنیاییەوە هیوای پەرەپێدانی ئەم هەماهەنگییە دەخوازم لەکاتێکدا حکومەتی عێراق کار دەکات بۆ ئەوەی پلانە ژینگەییە بەرفراوانەکەی بخاتە بواری کردەنییەوە بەتایبەتیش لەم دە ساڵەی کارکردنیدا لەسەر بەدەستهێنانی "ئامانجی گەشەپێدانی درێژخایەن" بەتایبەتیش لە ماوەی بەرەو بەستنی COP28 لە ئیماراتی عەرەبی لە مانگی تشرینی دووەمدا.
ئێستا، بە قسەکردن لەسەر هاوبەشکارییەکان، رێگەم بدەن با بچمەوە سەر ئەو هۆکارانەی کە ئێمەی ئەمڕۆ لێرە کۆکردووەتەوە.
ئەم نەمامگەی مانگرۆڤە پێویستە ساڵانە یەک ملیۆن نەمام بەرهەم بهێنێت کە ئەمەش مانای ئەوەیە کە بە هاتنی ساڵی ٢٠٢٨، چاندنی ٥ ملیۆن مانگرۆڤ تەواو بێت .
ئەم دارانە یارمەتی کۆنترۆلکردنی کاربۆن دەدات و جۆراوجۆربوونی دەریایی پەرە پێدەدات و دیسانەوە دەبێتە مایەی ڕەخساندنی هەلی کار و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکیش.
هەر لەم سیاقەشدا، رێگەم بدەن بۆ داننان بە رۆڵی زانکۆی بەسره و وەزارەتی ژینگە کە لەگەڵ رێکخراوی خۆراکی جیهانی لەسەر ئەرکی دارایی حکومەتی ئەڵمانیا ئەم پڕۆژەی بردە بواری کردەنییەوە. هەروەها، گەر دیسان رێگەم پێ بدەن بۆ بە زەقی باسکردنی هەوڵی نەپساوەی چەندین کۆمەڵ و کۆمەڵگای چالاک. هەر بۆ نموونە، وەک ئەو خۆبەخشانەی کە ئەمڕۆ کە ئەم دارانە دەچێنن. ئەم گەنجانە بە بەخشینی وزە و کاتیان ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە پاراستنی ئایندەی نەوەکانی داهاتوودا دەگێڕن.
لە کۆتاییدا، ئامادەبووانی بەڕێز، ئەوە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە گۆڕانکاریی ژینگەیی یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەختەکان بەتایبەتی کە لێرە، لە عێراق، خەڵک هەر پێشتر هەستیان بە کاریگەرییەکانی کردووە.
بەڵام، ئەمڕۆ بە سەیرکردنی دەوروبەرمان، ئەوە دەبینین کە خەڵکێکی یەکجار زۆر کار لەسەر گۆرانکاری ژینگەیی دەکەن و ئەو سەرکەوتنەش دەخەنە ڕوو کە لە ئەنجامی هەماهەنگییەکانمانەوە هاتووەتە ئاراوە. من لەو باوەڕەدام کە دەکرێ هیوامان بۆ پێشڤەچوون هەبێت.
سوپاس