لە چوارچێوەی پەیوەندیکردن لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان بۆ ڕوونکردنەوەی کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، نووسینگەی هەرێمایەتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣دا لە هەولێر میوانداری کۆمەڵێك قوتابی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆی جیهانى (هەولێر)ی کرد.
ئامانج لە سەردانەکەش، کە لە لایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی یونامییەوە ڕێکخرابوو، پێدانی تێڕوانینێکی گشتی بوو بە قوتابیان سەبارەت بە کارەکانی یونامی لە هەرێمی کوردستان و گوێگرتن لە بۆچوون و نیگەرانییەکانیان.
بەڕێز ڕیکاردۆ ڕۆدریگێز، بەرپرسی نووسینگەی هەرێمایەتی یونامی لە هەولێر، بەخێرهاتنی قوتابیانی کرد بۆ باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. هەروەها لەلایەن بەڕێز فلۆریان ڕازسبێرگەر، بەرپرسی باڵای مافی مرۆڤی یونامی لە هەرێمی کوردستان، و بەڕێز ئاسۆ کاکەیی، کارمەندی بەشی کاروباری هەڵبژاردن، و خاتوو سیلیا دادسۆن، کارمەندی بەشی ڕاگەیاندن، و خاتوو کرمان عەبدولقادر، کارمەندی باڵای پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین(UNMAS)، کورتەیەکیان سەبارەت بە ئەرك و چالاکییەکانی یونامی و بابەتگەلێکی گشتی تری پەیوەست بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، وەك بابەتی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ و زانیاری گشتی و کاروباری مین، پێدرا.
قوتابیان – ١٧ کوڕ و ٧ کچ - بە یاوەری بەڕێز محمود ئیسماعیل، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی جیهان هاتبوون. لە میانەی گەشتێکدا بۆ بارەگای نووسینگەی هەرێمایەتی یونامی لە هەولێر، قوتابیان لە نزیکەوە ئاشنای کارەکانی کارمەندانی یونامی بوون، بە کارمەندی نیشتمانی و نێودەوڵەتیشەوە، هەروەها گفتوگۆشیان لەسەر چەند بابەتێکی جێسەرنجی جۆربەجۆر کرد.
لە وتەکەیدا بەڕێز ڕۆدریگێز ڕایگەیاند کە یونامی هەماهەنگی باشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرکردایەتی نێردەکە زۆرجار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و ڕابەرانی کۆمەڵگا و ڕێکخراو و دەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەبێتەوە.
لە وتەکانیاندا بۆ بەشداربووان، نووسینگەی کاروباری سیاسی نێردەکە تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ئەکتەرەکان لەوانەش لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتە کەمینەکان؛ لە کاتێکدا نووسینگەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەو زنجیرە سیمینارانە کرد کە لەسەر بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەکان و هەروەها ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئەنجامیان داوە. هەروەها بەشەکانی دیکەی نێردەکە ڕاهێنان لەسەر لایەنەکانی جێندەر و گەنجان و سەبارەت بە پەیوەندییە میدیاییەکان پێشکەش دەکەن. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین (UNMAS) کورتەیەکیان لە کارەکانیان، لەوانە ئەو ناوچانەی کە لە پاشماوەی تەقەمەنییەکانی شەڕ لە سەرانسەری عێراق پاککراونەتەوە.
بەڕێز ڕۆدریگێز ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە سەردانانە، کە وەك سەکۆیەكیشن، بۆ کارلێکی ئەرێنی و دروستکردنی متمانە گرنگن. هەروەها ئەم چالاکییانەی پەیوەندیکردن نەك تەنها یارمەتیدەرن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە یونامی چی دەکات، بەڵکو بۆ زانینی بۆچوون و نیگەرانییەکانی خەڵکیش. ئاماژەی بەوەشکرد، یونامی پابەندە بە کارکردن لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەمووان.
ڕەشوان ساڵح
بەشی ڕاگەیاندنی یونامی، هەولێر