"رێگای خۆشبەختی: خاوەنکارەکانی بەرتەللـە راهێنانی سەلامەتی و پاکژی وەردەگرن"
پرۆگرامێکی راهێنان لەسەر سەلامەتی و پاکژی کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی (یونیدۆ)
ئەنجام درا و سەرکەوتووانە کۆمەڵێکی هەمەجۆری لە خاوەنی کار و پرۆژەی بچوك و مامناوەند (SMEs) کۆکردەوە کە لە ناو و دەوروبەری بەرتەللـە کار دەکەن. بەرتەللـە شارۆچکەیەکی بچوکە دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا و بە دووری ٢١ کیلۆمەتر (١٣ میل) دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری موسڵ.
پرۆگرامی راهێنانی سەلامەتی و پاکژی بۆ خاوەنکارە بچوك و مامناوەندەکانی بەرتەللـە هەوڵێکی گشتگیرە بۆ تواناسازیی خاوەنکارە خۆجێییەکان و ئاشناکردنیان بە توانا و شارەزایی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی شوێنی کار و، راگرتنی پێوەرە بەرزەکانی پاکژی و، گەشانەوە لە گۆڕەپانی پڕ رکابەریی توندی کاریدا. ئەم پرۆگرامە (٧) حەوت رۆژییە ١٤ پرۆژەی سوودمەنی هەلبژێردراوی لە خۆی کۆکردەوە و، بووە سەکۆیەك بۆ بەخشینی زانیاری و توانا تەکنیکییەکان. ئەم راهێنانە لە ماوەی نێوان ١٥ بۆ ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەنجام درا.
هەروەها لە ئەم پرۆگرامەی راهێنان گشتگیری و هەمەجۆریی جێندەری لە نێو بەشداربووانیدا رەچاو کرا. کۆمەڵێك بەشداربووی تێکەڵی پێكهاتوو لە چوار خاوەنکاری ئافرەت و ١٠ خاوەنکاری پیاوی لەخۆ گرت کە هەموویان خوازیاری باشترکردنی راپەڕاندنی کار و پیشەکانیان و دەستەبەرکردنی پێوەرەکانی سەلامەتی و پاکژی بوون لە کار و پرۆژەکانی خۆیاندا.
ئەم ١٤ کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندە لە شەبەنگێکی فراوانی بەرهەمە جیاوازەکان پێکهاتوون کە بەشدارن لە داڕشتەی ئابوریی دەوڵەمەندی ناوچەکە، ئەوەیش بە بەرهەمهێنانی کۆمەڵیکی جیاواز لە ئەو بابەتە خۆراکییە خۆجێییانەی کە بۆ سفرەی عیراقی و ناوچەکە پێویستن. ئەم کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندانە چەندین بابەتی جیاوازی وەك ساوەر و، پاستا و ماکەرۆنی و، بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەك ماست و پەنیر و کەرێ و، تەحین (دۆشاوی کونجی) و، شیرینەمەنی و هەویرکاری و، زەیتی زەیتون بەرهەم دەهێنن.
ئەم پرۆگرامەی راهێنان زۆربەی خاڵە هەرە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی گرتەوە، بێ سنوردارکردن وەك پاکژی و سەلامەتیی شوێنی کار و، پاکژیی کەسەکان و، مامەڵەکردنی سەلامەت لەگەڵ ماددە خۆراکییەکاندا و، کەرەستە و کەلوپەلە پێویستەکان و، گرنگیدان بە پلەکانی گەرمی و، بەستەبەندیکردن و بەڕێوەبردنی کۆگاکردن و، کۆنترۆڵکردنی کواڵیتیی بەرهەمەکان.
خاتوو رائیدە یەعقوب مەتتی، یەکێك لە ئەو ١٤ خاوەنکارە، بە رێکخراوی یونیدۆی راگەیاند کە لەم پرۆگرامەی راهێناندا زانیاریی بەنرخ فێربووە. "لە ئەم خولە، فێری ئەوە بووم کە چۆن بەرهەمەکان بپارێزم و چۆن بە دروستی مادە خاوەکانیش هەڵبگرم بۆ ئەوەی بە دروستی بمێننەوە و بەرگەی بارودۆخە جیاوازەکان بگرن،" خاتوو رائیدە کە خاوەنی نانەواخانەی ئەلمەحەبەیە لە بەرتەللـە وەهای راگەیاند. "ئێمە زەحمەتی زۆرمان دەچشت بە دەست خراپبوونی زۆرێك لە ماددەکانمان بە هۆی کەمی زانیاریمان لەبارەی چۆنێتی هەڵگرتنی ئەم ماددانە لە پلەیەکی گەرمیی گونجاودا، هەروەها لە پێوانەکردنی کێشەکانیان بە دروستی."
هەروەها خاتوو رائیدە ئەوەیشی گووت کە، "ئێمە دەمانەوێت بەرهەمەکانمان لە ئاستی بەرهەمە هاوردەکراوە بیناییەکان بن و، بۆ ئەوەی بتوانین رکابەرییان بکەین و، قازانجی زیاترمان دەست بکەوێت." سەبارەت بەوەی ئەو کار و پرۆژانەی کە راهێنانی سەلامەتی و پاکژی وەردەگرن چۆن دەتوانن هاوکاری کۆمەڵگای بەرتەللـە بن، مەتتی ووتی، "زیادکردن و بەرزکردنەوەی رێژەی فرۆش بە واتای زیاتربوونی قازانج و فراوانکردنی کارەکە دێت، بەم شێوەیەش هەلی کاری زیاتر دروست دەبن."
راهێنانەکە هەروەها چەند رێگایەکی بەڕێوەبردنی کاریشی لەخۆ گرتبوو وەك چۆنێتی رێکخستنی کارمەندان و کرێکاران بە شێوەیەکی کارامە و، رێکارە توندوتۆڵەکانی بەرێوەبردنی دارایی و، پەیوەندییەکانی نێوان کارمەندان و بەڕێوەبەرایەتی و، ستراتیژەکانی پێشخستن و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی سوودی رکابەرانە لە بازاڕەکانەدا.
بەشداربوویەکی دیکە و خاوەنی کۆمپانیای راشی ئەلفاونی تەحینی لە نزیك شارۆچکەی باشیك، سەباح جەمیل، خۆشحاڵ بوو بە هەڵبژاردنی وەك بەشداربوویەکی راهێنانەکە. "بەشداریکردنم لە ئەم راهێنانەی رێکخراوی یونیدۆ یەکەمین بەشداریکردنمە لە راهێنانێکی وەهادا،" وەهای باس کرد. "شتی زۆر فێر بووم لەبارەی بەڕێوەبردنی کارەکەم، چی لەبارەی بەڕێوەبردنی داراییەوە بێت، لەبارەی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنان، یان لەبارەی بەڕێوەبردنی کەسەکان و کرێکارانەوە بێت." ووتیشی، "پێشتر، ئێمە تەنها زانیاریی سەرەتاییمان لەسەر ئەم بوارانەوە هەبوو و، بە هۆی ئەم خولانەوە توانیمان پەرەیان پێ بدەین و بەهێزتر و فراوانتریان بکەین." هەروەها جەمیل ئەوەیشی ووت کە، "فێری ئەوەیش بووین چۆن پارێزگاری لە کواڵیتیی بەرهەمەکانمان بکەین و کواڵیتییان بەرزتر بکەینەوە و، برەویان پێ بدەین و، بەبازاڕکردنیان باشتر بکەین بۆ ئەوەی فرۆشی زیاترمان هەبێت."
بەو پێیەی کە راهێنانەکە تەواو کرا، لە چەند رۆژی داهاتوودا خەمڵاندنێکی گشتگیر ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی زانینی پێداویستی و داواکارییە دیاریکراوەکانی سوودمەندان لەبارەی کارەکانیانەوە. ئەم خەمڵاندنە دەستنیشانی ئەو کەرەستە و کەلوپەل و سەرچاوانە دەکات کە پێویستیانە بۆ ئەوەی بنەماکانی راهێنانەکە بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکەن. ئەم کەلوپەل و سەرچاوە گرنگانەیان بۆ دابین دەکرێت، ئەمەیش وەك پاڵپشتییەك بۆ کارەکانیان و دەستەبەرکردنی ئەوەی سوودەکانی راهێنانەکە بە شێوەی کرداری بچەسپێنرێن.
چەند راهێنەرێکی شارەزا لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە راهێنەرانی ئەم دەستپێشخەرییە بوون. زانیاری و ئەزموون و پابەندییان بە پێشخستنی کارە بازرگانییەکان و پێوەرەکانی سەلامەتی بەهای تایبەتیان هەبوو بۆ پێشخستنی ئەم پرۆگرامەی راهێنان. هەروەها ئەوەیشی کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان لە بوارە جیاوازەکانی چالاکییە پیشەسازی و بازرگانییەکاندا هەیە، کواڵیتیی پرۆگرامەکەی زیاتر بەهێز کرد.
خاتوو رامینە ئاسنایل یوسف، راهێنەری تەکنیکی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەرەپێدانی پرۆژە لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان یەکێك بوو راهێنەرانی بەشدار لە پرۆگرامی راهێنانی سەلامەتی و پاکژیی کار وپرۆژە بچوك و مامناوەندەکان. ئەو دووپاتی کردەوە کە، "پرۆگرامی راهێنانی [لەم جۆرە] رۆڵێکی گرنگ لە پاڵپشتیکردنی خاوەنی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان دەگێرێت."
خاتوو رامینە چەند نمونەیەکی خستە روو لەسەر ئەوەی کە پرۆگرامی راهێنانی لەم جۆرە چۆن یارمەتیی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان دەدات، بۆ نمونەوە وەك بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خاوەنکار و کارمەندان لەسەر سەلامەتی و پاکژی لە شوێنی کاردا و، برەودان بە پابەندبوون بۆ ئەوەی خاوەنکارەکان بتوانن خۆیان لە کێشە و سزا یاساییەکان بەدوور بگرن و، کەمکردنەوەی پێکانی کاری و دابڕان لە کارکردن و، بەم شێوەیەش توانای بەرهەمهێنانیان زیاتر بکەن و، تێچووەکانی پەیوەست بە رووداوە کارییەکان و نەخۆشییەوە کەمتر بکەنەوە و، ناوبانگی کارەکەیشیان باشتر بکەن لە رێگەی پابەندبوون بە سەلامەتی و پاکژییەوە.
خاتوو رامینە ئەوەیشی ووت، "بە گشتی، پرۆگرامەکانی راهێنانی سەلامەتی و پاکژی یارمەتی باشترکردنی ژینگەی کار و دەستەبەرکردنی سەلامەتیی کارمەندان و سەرکەوتنی کارەکان دەدات. بۆیە، ئەم پرۆگرامانە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پشتیوانیکردنی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان و بەهێزکردنی بەردەوامی و مانەوەیان."
راهێنەرێکی دیکەی تەکنیکی لە پرۆگرامی پەرەپێدانی جێبەجێکاری، بەڕێز بژار م. سالح، باوەڕی وەهایە کە پرۆگرامی راهێنانی لەم جۆرە گرنگییەکی زۆری بۆ کار و پرۆژەی بچوك و مامناوەند هەیە بە هۆی ئەوەی کە زانیاری و سەرچاوەی پێویستی وەهایان پێ دەبەخشێت کە بتوانن لە کارەکانیاندا کارامەیی و پاکی و توانای بەرهەمهێنان باشتر و بەهێزتر بکەن.
بەڕێز بژار هەروەها باسی لەوەش کرد کە راهێنراوان جۆش و خرۆشێکی زۆریان هەبوو بۆ ئەو راهێنانە گشتگیرە کە تێیدا زانیارییە ئەکادیمییەکان پێشکەش کران، ئەمەیش دەکرێت بخرێنە سەر خەرمانی ئەزموونی تەقلیدیی پێشتریان. "گرنگیی ئەم راهێنانە لەوەدایە چارەسەری کەموکورتییەکانی زانیارییە ئەکادیمییە بنەڕەتییەکانی چالاکانی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان لە عێراق دەکات." ئەوەیشی ووت کە، "هەروەها یارمەتییان دەدات لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی بەبازاڕکردن و، لە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ فراوانکردنی بناغەی کڕیارەکانیان."
رێکخراوی یونیدۆ جەختی لەوە کردەوە کە لە پلانیدایە هەمان ئەم راهێنانە بۆ گروپێکی دیکەی ١٤ کەسی یان زیاتر لە خاوەنی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان لە عێراق پێشکەش بکات. ئێدواردۆ مۆرێرا، هەماهەنگکاری نێودەوڵەتیی پرۆژەکان لە رێکخراوی یونیدۆ رایگەیاند، "وەبەرهێنان لە کار و پرۆژەی بچوك و مامناوەند لەوە زیاترە کە برەو بە کەرتێکی دیاریکراو بدات؛ بەڵکو ئەمە بریتییە لە شێوەدان بە داهاتووی عێراق. ئەم کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندانە هاندەری پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی پیشەسازین." هەروەها ووتیشی، "ئەم کارانە دەبنە هۆی بەنامەرکەزیکردنی چالاکیی ئابوری و، بڵاوکردنەوەی خۆشگوزەرانی و گەشەپێدان لە ناوەندە شارییەکانەوە بگرە هەتا ناوچە هەرە دوورەدەستەکان. گرنگیی ئەمانە سنوری لایەنە ئابورییەکان دەبەزێنن، گرنگییەکی ستراتیژییە کە هەلی کار دەڕەخسینێت و، توانای بەردەوامی بە کۆمەڵگاکان دەدات و، دەبێتە هۆی دروستبوونی عێراقێکی بەهێزتر و خۆڕاگرتر."
پرۆگرامی راهێنانی سەلامەتی و پاکژی بۆ کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان کە لەلایەن رێکخراوی یونیدۆوە جێبەجێ دەکرێت لەلایەن حکومەتی یابانەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت، ئەمەیش لە چوارچێوەی پرۆژەی "پاڵپشتیکردنی کتوپڕی بژێوی بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی ناجێگیربوونی ئاسایشی خۆراك لە نێو خەڵکانی لاواز لە عێراقدا."
رێکخراوی یونیدۆ و عێراق سوپاسی حکومەتی یابان دەکەن بۆ تەمویلکردنی چەندین پرۆژەی جیاواز لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا. لەوەتەی کۆنفرانسی بەخشەرانی نێودەوڵەتی لەسەر بونیادنانەوەی عێراق لە شاری مەدرید لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣ بەسترا، یابان بەردەوام بووە لە هاریکاریکردنی دارایی ئەم وڵاتە. پاکێجەکانی یارمەتیدانیان بریتی بوون لە ملیاران بەخشین بۆ یارمەتیدانی کتوپر و، بە تایبەتیش بە جەخت خستنە سەر چاککردنەوە و بوژاندنەوەی پێوەرەکانی بژێوی بۆ خەڵکی عێراق (لە بوارەکانی تەندروستی و، ئاو و، پاکژی و، ئاسایش و، هتد.) و، هەروەها بریتی بوون لە قەرز بۆ ئەوەی چارەسەری پێداویستییە مەودا مامناوەندییەکانی ئاوەدانکردنەوەیان پێ بکرێت (لە بوارەکانی تایبەت بە بەندەرەکان و، پرد و رێگاوبان و، پرۆژە نەوتییەکان، وێستگەی گازیی بەرهەمهێنانی کارەبا و، چەندین بواری دیکە).
هەروەها حکومەتی یابان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەشدارێکی گەورەش بووە بە دابینکردنی یارمەتی بۆ هەزاران کەسی بەرکەوتوو بە هۆی ململانێ هەرێمییەکانەوە. ئەم هەوڵانەش چەند بوارێك دەگرنەوە وەك راهێنانی پێشەنگی کار و دامەزراندنی کاری تایبەت و، راهێنانی پیشەیی لە بوارەکانی میوانداری و کاری کشتوکاڵی و، هەروەها پاڵپشتیکردنی کار و پرۆژە بەردەوامەکان بە مەبەستی باشترکردنی تواناکانیان لە رێگەی رێکخراوی یونیدۆوە. ئەم پرۆگرامانە سەرکەوتوو بوون لە باشترکردنی ژیانی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان و، کۆمەڵکا خانەخوی لاوازەکانی عێراق.