لێدوانی ڕۆژنامەوانی

لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٤، تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ لە عیراقدا داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانە

٣٠ تەمووز ٢٠٢٤

عیراق، 30ی تەمموزی 2024 

سەرەڕای ئەو سەقامگیری و ئاسایشەی ئەمڕۆ وڵاتەکە هەیەتی دوای چەندین ساڵ لە ئاڵنگاری، بەڵام هێشتا عیراق دەناڵێنێت بەدەست تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. وە هەرچەندە پێشکەوتنی باش بەدیهاتووە لەو کاتەوەی عیراق "پرۆتۆکۆلی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریکردن و سەرکوتکردن و سزادانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەتایبەتی بازرگانیکردن بە ژنان و منداڵان"ی پەسەندکردووە، بەڵام زۆر شتی تر پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایەی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.

لەبەر ئەوەی عیراق هەم وڵاتێکی سەرچاوەیە و هەم شوێنی مەبەستی قوربانیانی بازرگانیکردنە بە مرۆڤ بە شیێوەیەکی تایبەتی بەرەوڕووی مەترسییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەبێتەوە. زۆرینەی ئەو کەسانەی بازرگانییان پێوە دەکرێت ژن و منداڵن. بەڵام تاوانباران بەردەوامن لە کارکردن بەبێ سزا و تەکنەلۆژیای نوێ و سۆشیال میدیا و وێبسایتی نایاسایی دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە دۆزینەوە بپارێزن و هەم قوربانییەکانیش بخەنە تەڵەوە و هەم کڕیارەکانیشیان بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ خۆیان ڕادەکێشن.

هەوڵی بەرچاو دراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عیراقدا. بەڵام هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژ لە پێشە بۆ چارەسەرکردنی بۆشاییەکان لە ڕێگریکردن و پاراستنی قوربانیانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ لە عیراق و دادگاییکردنی تاوانباران.

بە کاری چڕوپڕی حکومەت و بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەتوانرێت پێشکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنرێت.

ئەمڕۆ، لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ (UNNM) لەعیراق داوای هەنگاوی هاوبەش دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەتایبەتی بۆ هەموو منداڵانی قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی و پێویستییەکانی ڕزگاربووان لە چەقی پلانەکانمان بۆ ڕێگەپێگرتن و وەڵامدانەوەی ئەو تاوانە.

بەڕێز غولام محەممەد ئیسحاقزای، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق و ڕێکخەری نیشتەجێ و ڕێکخەری کاروباری مرۆیی لە عیراقدا، وتی: " پێویستە بە زووترین کات هەموو ئەو جۆرە منداڵانە دەستنیشان بکرێن و لە دۆخی ئیستغلالکردن دووربخرێنەوە و بە زووترین کات چاودێری و پاڵپشتی پێویستیان پێبدرێت. بە داکۆکیکردنێکی بەهێز و کاری دڵسۆزانە لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، عێراق دەتوانێت ئەنجامی باشی هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤدا."

هەڵمەتی جیهانیی ئەمساڵ بۆ "پشتگوێنەخستنی هیچ منداڵێك لە پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە" ئامانجی خێراکردنی کارەکانە لەڕێگەی چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی وەك هەژاری و نەبوونی هاوکاریی بۆ منداڵانی بێ یاوەر لە کاتی کۆچکردن و لێشاوی پەنابەران؛ هەروەها بەهێزکردنی سیستەمی پاراستنی منداڵان و جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی دادپەروەریی کە بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ منداڵان دەکەن بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران، بەتایبەتی تاوانبارانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

لە ساڵی 2022دا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) وفەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC) گروپیکاری کەیسەکانی بازرگانیکردن بە کەسان (TiP)یانلە چوارچێوەی تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچبەران (UNNM) لەعێراقدا دامەزراند، بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی هەموو قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە پاراستنیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گونجاوەکان. گروپی کاری TiP پشتگیریلە حکومەتی عێراق دەکات بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە جێبەجێکردنی چوارچێوەی نێودەوڵەتی TiP کەبە چوارچێوەی چوار پیتی (P) ناسراوە (Prevention, Protection, Prosecution, and Partnership) بەواتای ڕێگەپێگرتن و پاراستن و لێپێچینەوە و کاری هاوبەش.

گروپی UNNM داکۆکیلە حکومەتی عێراق دەکات بۆ بەهێزکردنی یاسای بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە (ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٢) بۆ دەستەبەریی ڕەچاوکردنی مافی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. بە تایبەتیتر، پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ دڵنیابوون لەم خاڵانەی خوارەوە:

1- دەستڕاگەیشتن بە شوێنی حەوانەوە مافێکی بێ مەرجی قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤە، لەوانەش بۆ قوربانیانی نێر و کەم تەمەن.

2- قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە تاوانبار دانەنرێن بە گوێرەی یاساکانی تر (وەك یاسای نیشتەجێبوون یان یاسای لەشفرۆشی).

3- میکانیزمەکانی حکومەت و دەسەڵاتە خۆجێییەکان بەشێوەیەکی باشتر ئامادەبکرێن بۆ دەستنیشانکردن و لێکۆڵینەوە و وەڵامدانەوەی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

4- هۆکارەکانی بازرگانیکردن بە منداڵان شی بکرێنەوە و لێیان تێبگەن و بە تەواوی چارەسەر بکرێن.

تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ پشتیوانی خۆی بۆ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە نوێ دەکاتەوە. لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، با پێکەوە کاربکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆسیەیە بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان.

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
RCO
United Nations Resident Coordinator Office
نووسينگه‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ تاوان و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان
نووسينگه‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ تاوان و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت