عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی لێژنەی تەکنیکیی هاوبەش سەبارەت بە چوارچێوەی هاوکاریی 2025- 2029 ئەنجام دەدەن
٣١ تەمووز ٢٠٢٤
بەغداد، 30 تەموزی 2024 :- ئەمڕۆ لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە بەغداد، حکومەتی عێراق و تیمی وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی لێژنەی تەکنیکیی هاوبەشی سەبارەت بە "چوارچێوەی هاریکاریی گەشەپێدان بۆ 2025-2029" ئەنجام دا. لە کۆبوونەوەکەدا، گەورە بەرپرسان و راوێژکارانی تەکنیکیی ئاژانس و پرۆگرامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دامودەزگا نیشتمانییەکان بەشدار بوون بۆ پێشکەشکردنی کورتەیەکی تێروتەسەل لەسەر پێکهاتە و ناوەرۆکی ئەو "چوارچێوە" یە بەگرتنەخۆی کارەلەپێشینە ستراتیژییەکان و دەرخەرە بەدەستهاتووەکانیشەوە. کۆبوونەوەکە پێداچوونەوەی بۆ ئەو پێشڤەچوونەکرد کە لە داڕشتنی چوارچێوەکە بەدی هاتووە لەگەڵ ئەنجامدانی گفتوگۆی گەرمیش کە بووە مایەی پێدانی زانیاریی زیاتر بۆ دیکۆمێنتەکە و بڕیاردانیش لەسەر شێوازی بەرەو پێشەوە هەنگاونان. شایانی باسە، کە "چوارچێوە" کە شێوازی هاوبەشکاری لەنێوان حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەنێوان ساڵەکانی 2025 تا 2029 دەسنیشان دەکات.
بەڕێز غولام ئیسحاقزای، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەماهەنگیکاری نیشتەجێ و هەماهەنگیکاری مرۆیی، دەسخۆشی لە کۆبوونەوەکە کرد کە بەمەبەستی ئەنجامدانی پێداچوونەوە بە پێشڤەچوونەکانی "چوارچێوە" کە بۆ ساڵەکانی 2025-2029 ئەنجام دراوە کە لەگەڵ کارەلەپێشینەکانی "پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی"شدا یەکدەگرێتەوە. ئەو هەروەها دەسخۆشی لە هاوبەشکاریی نێوان تیمی وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامودەزگاکانی عێراق و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوبەشکارانی جیهانیی گەشەپێدان کرد لە پەرەپێدانی "چوارچێوە" کە. ئەو لەمبارەوە وتی "ئەم کۆبوونەوە گرینگە بۆ قسەکردن سەبارەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدان و هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە درێژخایەنەکانی گەشەپێدان."
لای خۆشیەوە، دکتۆر ماهیر حەمەد جۆهان، بریکاری وەزارەتی پلاندانان بۆ کاروباری تەکنیکی ، وتی "مەبەست لە چوارچێوەی هاوکاری لە گەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دانانی چوارچێوەی پلاندانانی ستراتیژی ئاستبەرز و هەمەساڵەیە بۆ ڕێنموونی کردنی کاری پێکەوەیی لەگەڵ رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. مەبەستێکی تریش بریتییە لە دامەزراندنی هاوبەشکاریی گشتگیرانە لەنێوان حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ڕوونکردنەوەی میکانیزمی هاوکاری بۆ کارە لەپێشینەکانی پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی بە چەقخستنەسەر کارنامەی 2030 و ئامانجی درێژخایەنی گەشەپێدان. "
ئەم جۆرە هاوبەشبوونە لەوپەڕی گرینگیدایە بەو پێیەی تێچوونەکان سەبارەت بە دیکۆمێنتەکە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی هاوبەشکاری لەنێوان حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکاندا و هەروەها ڕەنگدانەوەی کارە لەپێشینەکان و ئارەزووەکانی عێراقیشە و هەروەک چۆن زانیاری بە هاوبەشکارە جیهانییەکانی گەشەپێدانیش دەدات.