ڕاگەیەندراوی غولام ئیسحاقزای، هەماهەنگیکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە ڕۆژی جیهانیی مرۆییدا
١٩ ئاب ٢٠٢٤
بەغداد، 19ی ئابی 2024:- ئەمڕۆ ئیمە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشدارین لە یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی مرۆیی کە کاتی دانەواندنی سەری ڕێزە بۆ ئەو کارمەندانەی بواری مرۆیی کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی تەرخان کرد.
ئەمە بۆ عێراق ساڵیادێکی تاڵە. 20 ساڵ لەمەوبەر و رێک لە 19ی ئابی 2003دا، تەقینەوەکەی ئوتێل کەناڵ لە بەغدا ڕویدا کە بووە مایەی گیانلەدەستدانی 22 کارمەند و برینداربوونی چەندانی تریش. بەڵام، وێڕای ئەم رووداوە کارەساتبارەش، نەتەوە یەکگرتووەکان و بگرە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە عێراق لەسەر مانەوە مکوڕ و شێلگیر بوون و پابەندبوونی خۆشیان بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی خەڵکی عیراق دووپات کردەوە. لە ماوەی ئەم 20 ساڵەدا ئەم خۆتەرخانکردنە رۆڵێکی بەرچاوی لە هەوڵەکانی وڵات بینی بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەر و پێشکەوتنی درێژخایەن. هەوڵە گشتگیرەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی خەڵکی عێراق بەتایبەتیش ئاوارە ناوخۆییەکاندا داناوە.
ئەمڕۆ، خۆشبەختانە، ژمارەیەکی زۆر لەو ئاوارە ناوخۆییانە توانیویانە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان کە ئەمەش گەواهییە لەسەر هەستانەوەی خەڵکی عێراق و هەروەها لەسەر خۆتەرخانکردنی ئەوانەی کە ماندوونەناسانە کاریان کرد بۆ یارمەتیدانیان. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر کارکردن لەگەڵ هاوبەشانمان لە حکومەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری درێژخایەن بۆ ئەو پەناهندە و ئاوارە ناوخۆییانە کە هێشتا نەگەڕاونەتنەوە.
لەکاتێکدا عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان دەرچووە، ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە ئاسایشی سنوور و هەرێمی کە بەردەوام هەڕەشەن لەسەر بواری مرۆیی. بارودۆخی عێراق ئەمڕۆ بووەتە مایەی هیوا بۆ هەڵسانەوە کە نیشاندەری ئەو راستییەشە کە هەتتا لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ناخۆشیشدا پێشڤەچوون و هەڵسانەوە هەر ئەگەرن.
لە رۆژی جیهانی مرۆییدا ئێمە هاوپشتیی نەگۆڕمان لەگەڵ هاوپیشەکانمان لە بواری مرۆیی و خەڵکێکی لەڕادەبەدەر زۆری قوربانییانی توندوتیژی لەسەرتاسەری جیهاندا دەردەبڕین. لەکاتێکدا توندوتیژی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە، دەرکەوت، بە تایبەتی بۆ کارکەرانی بواری مرۆیی، 2024 خوێناویترین ساڵە. ئێمە ڕێز لە یادکردنەوەی ئەوانە دەگرین کە گیانی خۆیان بەخت کرد و بە توندیش داوا لە سەرکردەکان دەکەین کە کۆتایی بە پێشێلکارییەکان و لەسزابەدەربوون بهێنن. ئەم شکستەی ئێستا لە ئاوڕدانەوە لەم پرسانە نەنگییە لە بواری مرۆیی و بەرپرسیاری و سەرکردایەتیکردندا کە پێویستە کۆتاییان پێ بهێنرێت. با ئەم رۆژە ئەوەمان وەبیر بهێنێتەوە کە ئێمە بەرپرسیارێتی هاوبەشمان هەیە بۆ رێز گرتن لە بنەماکانی مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەوانەی لە بواری مرۆییدا کار بۆ لابردنی مەینەتیی لەسەر خەڵک دەکەن دەتوانن کارەکانیان بێکێشە و کاریگەرانە ئەنجام بدەن.