یونامی جەخت لە ڕۆڵی ژنان لە عێراق و پاراستنی مافیان دەکاتەوە
١٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٥
بەغدا، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥: بە داننان بەو رۆڵە گرینگەی کە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گەشەپێدانی بەتواناکردنی ژناندا دەیگێڕن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامی، د. محەمەد ئەلحەسان، ئەمڕۆ لەگەڵ "کۆمەڵی ڕاوێژکاری ژنان" و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبوویەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند کارێکی لەپێشینە سەبارەت بە ژنانی عێراق و هەروەها ئەوەش کە چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی پێشڤەچوون لەم پرسەدا بکات.
لە میانەی تاوتوێیەکەدا، بەڕێز ئەلحەسان و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان گوێبیستی ڕا و بۆچوونی نوێنەران و تێڕوانینێک بوون لەسەر بارودۆخی مافەکانی ژنان لە عێراقدا وەک نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەموارکردنی یاسای پەیوەست بە مافی ژنانەوە.
ئەو جەختی لەسەر پێویستبوونی دڵنیابوون کردەوە لەوەی کە هەموارە پێشنیارکراوەکان مافەکانی ژنان دەپارێزن و هەروەها بەشداریشیان لە پڕۆسەی بڕیارداندا مسۆگەر دەکەن.
ئەو پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی بۆ حکومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دووپات کردەوە لە دابین کردنی پێشڤەچوون بەرەو جێبەجێکردنی تەواوی پابەندییەکانی عێراق بە پاراستن و بەتواناکردنی ژنان و کچان لەسەرتاسەری وڵاتدا بەگوێرەی تێڕوانینی حکومەت و "ئامانجی گەشەپێدانی درێژخایەن".