سەرۆکە بەڕێزەکان
بەڕێزان کەسایەتییە پلە بەرزەکان
خوشکان و برایانی بەڕێز
سڵاو ی خودای گەورەتان لێ بێت.
خۆشحاڵم کە بە ناوی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ ئێوە بەشداری لەم بۆنەیەدا دەکەم.
سەرەتا بە پێشکەشکردنی سەرەخۆشی لە هەموو ئەو کەسانەی کۆچی دواییان کردووە، بە شەهیدانی کوتیشەوە.
شانازییە بۆ من کە بەشداری ئەم حەڤدەهەمین خولی کۆنفرانسە بکەم. سوپاسی جەنابی سەید عەمار ئەلحەکیم دەکەم بۆ پاڵپشتی بەخشندە و بەردەوامی ئەم کۆنفرانسە، و سەرەڕای سەرقاڵی و پابەندبوونەکانتان ئامادەبوونتان بەرز دەنرخێنم.
ئەوەی ئەمڕۆ باسی دەکەین بەشێکە لە پەیامی ئەبەدی مرۆڤایەتی، پەیامی ئیسلام، پەیامی ئاشتی، پەیامی فەرمانی چاکە و قەدەغەکردنی خراپە. با دوا فەرمانەکانی گەورەترین پێغەمبەر، محمد کوڕی عەبدوڵڵا، دروودی خوا لەسەر ئەو و بنەماڵە و هاوەڵەکانی بێت، لەبیر نەکەین کاتێک فەرموویەتی (ئامۆژگاریتان دەکەم کە مامەڵەی باش لەگەڵ ژناندا بکەن) – لەگەڵ ئەو ڕاستییەی کە ئەو بە ئارەزووی خۆی قسە ناکات، بەڵکو تەنها وەحییەکە کە بۆی دابەزیوە- ئەوانەش قسەی ئەبەدین کە لە قووڵایی ئەم کۆنفرانسەدا دەڕژێن.
من ئەمڕۆ لەبەردەمتان وەستاوم، لەگەڵ ئێوە بەشداری لەم بۆنەیەدا دەکەم، پێشنیار دەکەم و داوای پاراستنی پێگەی ژنان و گەڕاندنەوەی هەموو مافەکانیان و بەهێزکردنیان دەکەم، بەگوێرەی ئەوەی کە خودا و پێغەمبەرەکەی ڕازی دەکات. بەڕێزان ئەوان هەوێنی کۆمەڵگان. پرسیاری من بۆ ئەم کۆبوونەوەیە، چ ئامادەیی و چ دوای ئەوە، ئەوەیە: ئایا ئێوە لە پێگەی ژن ڕازین؟ ئایا ژنان لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان بە تەواوی مافەکانی خۆیان بەهرەمەندن؟
واقیعی توندوتیژی و پەراوێزخستن بەرامبەر ژنان کە ئەمڕۆ دەیبینین و دەیبیستین، ناڕەوایە، لادانێکە لە ڕێنماییە دروستەکان و لادانێکە لە سروشتی مرۆڤایەتی. ئەگەر بنەماڵە بناغەی کۆمەڵگا بێت، ژنیش قەڵای ئەو کۆمەڵگایە، چۆن توندوتیژی خێزانی، توندوتیژی دژی ژنان و پەراوێزخستنی بە ئەنقەست و سیستماتیکی ژنان، لەوانەش پەراوێزخستنی دیجیتاڵی و هاوسەرگیریی منداڵان و جیاکاریی ڕەگەزی، ڕوون بکەینەوە؟
بەڵێ ژن هەیە لە دامودەزگا دەوڵەتی و کۆمەڵایەتییەکاندا گەیشتووەتە پلەو پۆستی باڵا، بەڵام ڕێباز و ڕەفتاری بۆ ئەو مەبەستە هەر بە زەق و پڕ لە دڕک و ئاستەنگ دەمێنێتەوە، ئەوە باسی کەمی ژن لە پۆستە بەرپرسیارێتییەکاندا هەر نەکەین.
داوا لە ئێوە و خۆم دەکەم بگەڕێینەوە بۆ بنەما تەندروستەکان و پێکەوە کار بکەین بۆ گەڕاندنەوەی پێگە و شکۆ و ڕێز و پاراستنی ژنان و ژنان بە گشتی. ئەمەش تەنیا بە ئاسانکاری و سادەکردنی ڕێکارەکانی بەشداری ژنان، نەک وەک "یەکسان"، بەڵکو وەک "هاوبەش" بەدەست دێت.
لێرەدا ڕێگەم بدەن ئاماژە بە ئازارەکانی ژمارەیەک ژنی عێراقی بە باوەڕە جیاوازەکان بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحی و پەیڕەوانی ئایینەکانی تر بدەم، کە لە سەر دەستی داعش تووشی قێزەونترین تاوان بوون، لەوانە ڕفاندن و بازرگانیکردن و بە کۆیلەکردن. ئەم تاوانانە و کاریگەرییەکانیان تا ئەمڕۆش بەردەوامن. بەڵێ برایانی ئازیز پێشوازی لەو ڕێوشوێنانە دەکەین کە گرتووتانەتە بەر، بەڵام پرسیارێکمان هەیە.
کەی کۆتایی بە ئازارەکانی ژنانی ئێزیدی دێت؟ ئایا ئەوان عێراقی نین؟ کەی وەک ژنانی تری عێراقی ڕێزیان لێدەگیرێت؟ کەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بە شەرەف و شکۆمەندانەوە، بۆ شنگال و شوێنەکانی تر؟ ئەم ئازارە کەی کۆتایی دێت؟
دادپەروەری ئیسلام بۆ هەمووانە، ئێمەش گومانمان لە هەڵوێستەکانتان نییە، تەنانەت لە توانای ئێوەش بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و گۆڕینی واقیع. پەیامی بەرزی ئیسلام وەک ڕەحمەتێک هات بۆ ئەوانەی کار دەکەن.
خوشك و برا بەڕێزەکان،
ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی خۆمان بۆ عێراق و سەرکردەکانی و بناغەکانی دووپات دەکەینەوە. ئێمە داوا دەکەین یەکسانی لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون بێت، بۆ ئەوەی هەمووان مافیان هەبێت و هەموویان ئەرك و بەرپرسیارێتییان هەبێت.
داوا لە ئێوەی سەرکردە و گەلی عێراق دەکەین لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پرسی ژنان و مافی ئافرەتان لە پێشینەی کارەکانتان دابنێن.
هەروەها داواتان لێدەکەین ژنان بخەنە ناو پۆستەکانی بڕیارەوە، نەک لەبەر ناڕەزایی، بەڵکو وەک هاوبەش لە پۆستە بەرپرسیارەکاندا. نەک بە شێوەیەکی ڕەمزی، بەڵکو لە ڕێگەی هاوبەشی ڕاستەقینە و فراوانەوە. ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێوەدا وەستاوین لەم کارەدا، بۆ ئەوەی ژنان لە پێشەنگی ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی داهاتوودا دابنێین. چی ڕێگری لە ژنان دەکات پۆستی باڵا لەم وڵاتەدا بەدەست بهێنن، لە کاتێکدا لە ڕیزی بەڕێزترین و ڕێزدارترین ژنەکانن، ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، ان شاءاللە؟
با پێکەوە کاربکەین بۆ گۆڕینی واقیعی ژنان لە عێراق بۆ باشتر...
ئەمە مەکۆیەک نییە بۆ ئیدانەکردنی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵکو مەکۆیەکە بۆ بڕیاردان و گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی و بەرجەستە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی زۆربەی ژنانی عێراق و بەرەوپێشبردنی دادپەروەری و یەکسانی و پێداچوونەوە بە یاساکان.