پاراستنی مافی پێکهاتەکان و داکۆکیکردن لە هەمەچەشنە لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا بابەتی سەرەکیی سەکۆکارێك بوو
هەولێر ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، پاراستنی مافی پێکهاتەکان و داکۆکیکردن لە هەمەچەشنە لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا بابەتی سەرەکیی سەکۆکارێك بوو کە لەلایەن ڕێکخراوی " جسور" بۆ گەنجان وە بەهاوکاریی نوسینگەی مەفەکانی مرۆڤی لە یونامیەوە ڕێکخرابوو.
ئەم بۆنەیە زیاتر لە ٤٠ بەشداربووی پێکەوە کۆکردەوە کە ١٠ کەسیان ئافرەت بوون لە پێکهاتەکانی بەهائی و کلدان و کرستیان و جوو و کاکەیی و موسوڵمان و قەرەج و سابیئەی مەندائی و تورکمان و زەردەشتی. هەروەها بە ئامادەبوونی وەزیری کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و دوو لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەریەك لە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ وئەنجومەنی پارێزگای هەولێر. شایەنی ووتنە سەکۆکارێکی تر بە هەمان چەشن لەلایەن ڕێکخراوی " جسور" ەوە بۆ برەودان بە بابەتی پێکهاتەکان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدرال لە بەغدا لە سەرەتای مانگی کانونی یەکەم ڕێکخرا، وە لەبەرنامەش دایە کە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو هی تریش لەسەر ئاستی پارێزگاکان ڕێکبخرێت.
گفتوگۆکانی هەولێر بریتیبوون لە ڕێوشوێنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی خیتابی ڕقوکینەو گرنگی لە بەشداریپێکردنی ئافرەت لە پاراستن و برەودان بە فەرهەنگ و زمان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوادا. بەشداربوان زیاتر تیشکیان خستەسەر بەردەوامی لە داکۆکیکردن لە دانانی زمان و ئاینی پێکهاتەکان لە پڕۆگرامەکانی پەروەردەو فێرکرن، هەروەها بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕەخساندنی کەشی لێبوردەیی و ڕێزگرتن.
ڕاسپاردەکانیش بریتیبوون لە دامەزراندنی نوسینگەیەکی تایبەت بە دۆکۆمێنتکردنی تاوانەکانی توندوتیژیی سێکسی پەیوەست بە ململانێکان بەتایبەت ئەو تاوانانەی کە لەلایەن داعشەوە لەدژی هەموو پێکهاتەکانەوە ئەنجامدراون، ئەمەش بەمەبەستی برەودان بە هۆشیاری لەسەر ئەو دۆخەی کە پێکهاتەکان پێیدا تێپەڕیون و بەرەنگاربوونەوەی ئەو شەرمەزاری و لەکەدارکردنەی کە لەنێو کۆمەڵگاکانیاندا هەیە لەگەڵ داڕشتنی یاسایەك کە خیتابی ڕقوکینە بەتاوان هەژماربکات و هەروەها دامەزراندنی مۆزەخانەو سەنتەری زمان بۆ پێکهاتەکان تاکو زۆرترین کەس پێیان ئاشنا ببێت.
بەڕێز نۆئیل کوتوتوا لە نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ/ یونامی تیشکی خستەسەر ئەوەی کە پێویستە حکومەت و تاکەکەس بەرپرسیارێتی هاوبەشیان هەبێت لە پارێزگاریکردن و ڕێزگرتن لە زمان و فەرهەنگی هەمەچەشنە لە عیراق. هەروەها ووتیشی کە" نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ/ یونامی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ برەودان بە پاراستنی پێکهاتەکان وەك پاڵپشتیەك بۆ پابەندییە یاساییەکانی.