سەکۆیکارێک لە بەغدا: گەنجانی عێراق: پێشەنگ لە دایەلۆگ و سەقامگیریدا
٢٩ ئەیلوول ٢٠٢٠
بەغدا، ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠:- ٢٩ گەنج لە پیاو و ژن لەسەرتاسەری پارێزگای بەغدادا بەشدارییان لە سەکۆیکارێکی ٣ رۆژەیی لە ٢٤-٢٧ی ئەم مانگەدا کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی رۆڵیان لە روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ناو کۆمەڵگایەکانیاندا.
سەکۆیکارەکە لەژێر سەرباسی "گەنجانی عێراق : پێشەنگ لە دایەلۆگ و سەقامگیری"دا ئەنجامدرا و ئەمەش پانزەهەمینە لەو زنجیرە سەکۆیکارانەی کە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) لەسەرتاسەری عێراقدا و بە هاوکاریی لێژنەی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵگایی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق و رێکخراوی ئەمەی عێراقیەوە ئەنجامي دهدات و ئەمە یەکەم سەکۆیکاريشه کە بەهۆی بارودۆخی کۆڤید-19ەوە لە رێگەی هێلی ئەنتەرنێتەوە ئەنجام بدرێت.
لە میانەی خولەکانی راهێنانەکەشدا، بەشداربووان هەموو ئامرازە ئەنتەرنێتییەکانیان بەکار هێنا بۆ خستنەڕووی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئەوان بە گرینگ ناوزەدیان کردن وەک بەکاربردنی گەنج و پرۆسەی دامەزراندن و گرتنهبهري ئەو ڕێگایانەی کە دەبنە مایەی ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا و بەتواناکردنی گەنج لە ڕووی سیاسییەوە بە مەبەستی بەهێزکردنی رۆڵیان لە بڕیارداندا، بەتایبەتیش پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتوو، و کۆنترۆلکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و پاراستنی ژنان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
لە خولی کۆتاییش لە ٢٧ی ئەیلول و بە ئامادەبوونی جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، خاتو ئالێس وۆڵپۆل، بەشداربووان دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕهخسا کە دید و بۆچوون و دەرئەنجامەکان هاوبەش بکەن لە گەل ئەو بەرپرسە ناوخۆییانەی کە له سهكۆيكارهكهدا ئامادە بوون وەک جێگری پارێزگاری بەغدا، بەڕێز عەلی ئەحمەد ئەلعیساوی، و نوێنەرانی وەزارەتی وەرزش و لاوان و لێژنەی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵگایی نوسینگەی سەرۆک وەزیران.
خاتو وۆڵپۆل هانی بەشداربووانی دا لەسەر خستنەڕووی دید و بۆچوونیان و هەروەها بەشداریشیان لە دەربڕینی ئەو بیرۆکانەی کە دەبنە مایەی زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا بەتایبەتیش لە بارودۆخی ئێستای کۆڤید-19دا کە بووەتە مایەی دروستکردنی قەیرانی دارایی و تەندروستیش لە وڵاتدا.
ئەو لەمبارەوە وتی "بەتواناکردنی گەنج و پشتگیریکردنیان و هەستبەخۆکردنیان کە دەتوانن وزەی خۆیان بەکار بێنن لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا لەوپەڕی گرینگیدایە. ئێمە گەر بمانەوێ عێراقێکی خۆشگوزەران و سەقامگیر و بەرگەگر بنیات بنێین ئەو بێگومان پێویستمان بە توێژی گەنجانە هەم وەک هاوبەشکار و هەميش وەک سەرکردە. "
شایانی باسە کە چالاکییەکە لەبەر رۆشنایی ئەرکی پێسپێردراوی (ماندێت) ی یونامی ئەنجام درا بە مەبەستی پشتگیریکردنی گەنجان و بەشدارییە پڕبههايهكانيان لە ژیانی گشتیی عێراقدا.