لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ ی ئەنجومەنی ئاسایش ، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) داوای یەکگرتن لە ژنە پەرلەمانتارە عێراقییەکان دەکات بۆ پتەوترکردنی کاریگەریی سیاسییان
٣١ تشرینی یەکەم ٢٠٢٢
بەغدا ، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢- سەرەڕای پێشووتر دەرنەکەوتن لە پەرلەمانی ئێستادا ، بۆ وەدەستهێنانی ئەو کاریگەرییەی کە لە سیستەمی سیاسی نێرسالاری لە عێراقدا بە دوای دەگەڕێن پێویستە ژنان بەرژەوەندییە حیزبییەکان بەلاوە بنێن و یەکبگرن لە پێناو نوێنەرایەتیەکی باشتر و کاریگەرییەکی بە هێزتر لە کایەکەدا.
ئەمڕۆ، ٢٢ هەمین ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری ١٣٢٥ی ساڵی ٢٠٠٠ ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەو بڕیارە میژووییەی کە داوای بەشداریپێکردن و نوێنەرایەتی ژنان دەکات لە پرۆسە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی ململانێکان ، هەروەها داوای پاراستنی ژنان و کچان دەکات لە توندوتیژی جێندەریی و داوای پتەوترکردنی مافی ژنان دەکات بە گوێرەی یاسا نیشتمانییەکان و چەندین بابەتی سەرەکی تریش دەگرێتە خۆ .
ئەم ساڵیادە لە کاتێکی هەستیار دێت بۆ ژنانی عێراقی ، هەفتەی ڕابردوو حکومەت پێکهێندرا کە سێ ژنی لە نێوان ٢١ ئەندامەکە لە خۆ گرتبوو ، ژنانی عێراقی ٩٦ کورسیان هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان ئەمەش دڵخۆشکەرە و لە سەرووی ڕێژەی ٢٥٪ ی کۆتایە وەک کەمترین ڕادە .
لەم بارەیەوە ، خاتوو جێنین هێنیس- پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق وتی " هەڵکشانی نوێنەرایەتی ژنان هەر چەند مایەی خۆشحاڵی و هاندانە بەڵام هێشتا هەر بەس نییە. بە چاوپۆشین لە لایەنگیریی سیاسییان ، پێویستە ژنە پەرلەمانتارەکان لە هەمبەر پرسەکانی زیاتر پەیوەست بە ژنان یەکبگرن و نوێنەرایەتییان لە پۆستە باڵاکانی حکومەت و حیزبە سیاسییەکان و پۆستەکانی تری دەسەڵاتداریی پتەوتر بکرێت" سەرباری ئەمەش ، حکومەتی نوێی عێراق دەتوانێت سوود لە هێزی ژنان وەربگرێت لە پەرلەمان بۆ بەرەو پێشبردنی کارنامە چاکسازی و گەشەپێدانەکەی ، ئەمەش کاریگەرییەکی سیاسی باڵاتر دەبەخشێتە ژنان .
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی داوا لە پەرلەمانتاران دەکات (ژنان و پیاوان) پرس و بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان و بەرژەوەندییەکانیان بە تەواوی لە یاسادانانەکانی ئایندە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری هەبێت لە سەر ژیانی ژنان و کچانی ئاسایی عێراق . و پێویستە پەسندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ناوماڵ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ، کە چەندین ساڵە هەڵپەسێردراوە، یەکێک بێت لەوە بڕیارانە.
لە درێژەی وتەکەیدا خاتوو هێنیس-پلاسخارت وتی" پابەندی خۆمان بە بنەماکانی بڕیاری ١٣٢٥ ی ئەنجومەنی ئاسایش نوێ دەکەینەوە، ئەمەش بە مسۆگەرکردنی بیستنی دەنگی ژنانی عێراق و برەودان بە ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بەشداریکردن و نوێنەرایەتی کردنی تەواو و یەکسان و واتا داری ژنان لە گشت بوارەکانی کۆمەڵگا . حکومەتی نوێ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەم پرۆسەیە لە ڕێگای بەرەو پێشبردنی جێبەجێکردنی دووەمین پلانی کاری نیشتمانی ١٣٢٥ ، هەمووان سوود لە نوێنەرایەتی بەهێزتری ژنان دەبینن."