بەهێزکردن ئابوریی ناوخۆیی لە قەزای بەردەڕەش لە رێگەی راهێنانی سەلامەتی خۆڕاك و پاکژی
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی (یونیدۆ)، بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، راهێنانی سەلامەتی خۆڕاك و پاکژیی ئەنجام دا
قەزای بەردەڕەش، عێراق - رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی (یونیدۆ)، بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، راهێنانی سەلامەتی خۆڕاك و پاکژیی بۆ ژمارەیەك کار و پرۆژەی بچوك و مامناوەند (SMEs) لە قەزای بەردەڕەش، ئەنجام دا. ئەم راهێنانە بەشێکی تەوەرەییە لە پرۆژەی "پاڵپشتیی کتوپڕی بژێوی لەپێناو کەمکردنەوەی قەیرانی ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراك بۆ گروپە لاوازەکانی خەڵك لە عێراق" کە لەلایەن حکومەتی یابانەوە تەمویل دەکرێت. بە ئەنجامدانی لە رێکەوتی ٨-١١/٠٧/٢٠٢٤، راهێنانەکە سوودی لە راهێنەرە بە ئەزموونەکانی وەزارەتەکانی تەندروستی و، پیشەسازی و کانزاکان لە عێراق وەرگرتووە کە هەر لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا راهێنانی راهێنەرانیان تەواو کردووە. ئەم بەشدارییە کارایەی ئەو وەزارەتانە جەخت لە هەوڵی چڕیان دەکاتەوە لەپێناو برەودان و پێشخستنی کەرتی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان و، هەروەها داننانیشە بە رۆڵی گرنگی ئەم کەرتە لە گەشەپێدان و پەرەپێدانی ئابوریدا.
راهێنانی سەلامەتی خۆڕاك و پاکژی بۆ کار و پرۆژەی بچوك و مامناوەند پرۆگرامێکی چڕ و پڕە بە ئامانجی پێدانی زانیاری و شارەزایی بنەڕەتیی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی شوێنی کار و، پارێزگاریکردن لە پێوەرەکانی سەلامەتی و، گەشەکردن لە ژینگەیەکی کاریی رکابەرانەدا. هەروەها وەها پێشبینی لە پرۆگرامەکە دەکرێت ببێتە هۆی سووکبوونەوەی ئەو قەیرانە گەورەیەی ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراك کە کاری کردووەتە سەر کۆمەڵگا هەرە لاوازەکانی عێراق.
راهێنانەکە ٢٧ بەشداربووی لە دە خێزانی جیاوازی خاوەن کارگەی ماست و، تەحین (راشی) و تورشیات لە قەزای بەردەڕەش کۆکردەوە. پرۆگرامەکە سەرکەوتووانە کۆمەڵێك کار و پرۆژەی هەمەجۆری لە خۆیدا جێ کردەوە کە بەشدارن لە پێکهاتەی ئابوریی دەوڵەمەندی ئەو ناوچەیە.
ئەم پرۆگرامەی راهێنان پابەند دەبێت بە برەودان بە بەشداریپێکردنی گشتی و هەمەجۆریی جێندەری لە نێو بەشداربوواندا. لە کۆی ٢٧ بەشداربوو، پێنجیان ئافرەت بوون و، ٢٢ی دیکەیان پیاو بوون و، لە نێویشیاندا حەوت کەسی ئاوارەی ناوخۆیی هەبوون. ئەم تێکەڵەیە پابەندبوونی یونیدۆ دەردەخات بۆ فراوانکردنی بەشداریپێکردنی گشتی لە بەرژەوەندیی گۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان و، بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی کە سوودەکانی راهێنانەکە بگات بە کۆمەڵێکی فراوانی دانیشتوانی خۆجێیی.
ئەو بابەتانەی لە راهێنانەکەدا باس کران زۆر بە دیقەتەوە وەها داڕێژرابوون کە پێداویستییە دیاریکراوەکانی کارە بەشداربووەکان پڕ بکاتەوە. ئەم بابەتانەش بریتی بوون لە تایبەتمەندییەکانی ماددە خاوەکان و جێگرەوەکانیان و، سەلامەتیی خۆراك و، شیکردنەوەی مەترسی و خاڵە گرنگەکانی کۆنترۆڵکردن (HACCP) و، پلاندان و دیزاینکردنی شوێنی کار و، بۆگەنکردن و رۆڵی زیندەوەرە زۆر بچوکەکان لە سەلامەتیی خۆراکدا و، ئەو بارودۆخانەی کە دەبنە هۆی برەودان یان رێگریکردن لە گەشەکردنی میکرۆبەکان و، پاکژی کەسی و مامەڵەکردن لەگەڵ خۆراك بە شێوەی سەلامەت بە مەبەستی رێگریکردن لە پیسبوون بە یەکدی و، کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی لە تەنە نامۆکان و ئافات و ماددە کیمیاییەکانەوە دێن و، کواڵیتیی جێگری بەرهەمەکان لە رێگەی گرتنەبەری رێکاری توندی کۆنترۆڵکردن و، ئەو تەکنیکانەی پێوستن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی (ماوەی بەسەرچوونی) بەرهەمەکان و، چارەسەرە کارامەکانی کۆگاکردن و رێگاچارەکانی بەڕێوەبردنی پاشماوەکان و، پاراستنی بەرهەمەکان لە رێگەی ستراتیژە کاریگەرەکانی بەستەبەندیکردن.
بەڕێز محەمەد جاسم، کە لە کارگەیەکی بچوکی بەرهەمهێنانی ماست بە خاوەنداریتیی خێزانی کار دەکات، تیشکی خستە ئەو تێڕوانینە بەنرخانەی لە راهێنانەکەدا بەدەستی هێناون. ئەوەی راگەیاند کە فێری چەند رێگاچارەیەکی بنەڕەتی بووە بۆ کۆگاکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ خۆراك و، ئەمانەیش زۆر گرنگن بۆ رێگریکردن لە پیسبوون بە یەکدی و بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی بەرهەمە شیرەمەنییەکان. بەڕێز جاسم جەختی لە گرنگیی تێگەیشتن لە پلەی گەرمیی دروست بۆ هەڵگرتنی جۆرە جیاوازەکانی خۆراك و مەترسییە دیاریکراوەکانی تایبەت بە شیرەمەنییەکان کردەوە. ئەم زانیارییانە توانای ئەوەیان پێی داوە باشترینی رێگەچارەکان بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکات و، بە شێوەیەکی گشتی سەلامەتیی خۆراك لە چالاکییەکانیدا رەچاو بکات. ئەوەیشی ووت کە، "ئێمە سوود لە ئەم راهێنانە وەردەگرین بۆ بەهێزکردن هەنگاوەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانمان و، دڵنیابوون لەوەی کە پێشکەشی دەکەین بە گوێرەی بەزرترین پێوەرەکانی کواڵیتی و داهێنان بن."
خاتوو چنار عەبدولسەلام، کە لە کارگەیەکی بچوکی تورشیات کار دەکات، ئاماژەی بە بۆشاییەکی گرنگی نێوان شێوازی کۆن و زانیارییە زانستییە هاوچەرخەکان کرد. تێکەڵکردنی ئەم تێڕوانینە کۆن و مۆدێرنانە زۆر گرنگن بۆ باشترکردنی کۆی پێوەرەکان. راهێنانەکە هەموو لایەنێکی هەنگاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەکانی ئەوانی گرتەوە و، جەختی خستە سەر پێوەرەکانی تایبەت بە تەندروستی و پلەی گەرمی و، هەروەها لەسەر تێگەیشتنیان لە کاردانەوە کیمیاییەکان و ترشەکان. ئەم تێگەیشتنە گشتگیرەش دەستەبەری پابەندبوونیان بە داواکارییە رێککارییەکان دەکات و پاکی و سەلامەتیی بەرهەمەکانیان بەهێزتر دەکات. خاتوو چنار ئەم راهێنانەی وەها بینی کە بە شێویەكی وەها نایاب رێکخراوە و ئامادە کراوە کە بۆ بەشداربووانی ئاسان دەکات بیرۆکەکان بە باشی وەربگرن و دواتر جێبەجێیان بکەن.
وەك راهێنەرێك، بەڕێز رەعد هادی، ئەندامێکی ستافی وەزارەتی تەندروستی لە بەغداد و ئەندامی دەستەی راوێژکاری سەلامەتیی خۆراك لە عێراق، تێبینی ئاماژەی بە ئەوە دا کە راهێنراوان بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامدەری دانیشتنەکانی راهێنانەکە بوون و، چالاکانە بەشداریی گفتوگۆکانیان دەکرد و حەزێکی زۆریان نیشان دەدا بۆ بابەتەکانی سەلامەتیی خۆراك و کارەکانی پاکژی و خاوێنی. هەروەها تێبینی ئەوەی کردبوو کە زۆرێك لە بەشداربووان پێشتر زانیارییان لەسەر بابەتەکان هەبووە و بەمەش گفتوگۆکانیان دەوڵەمەندتر دەکرد و وەهایان نیشان دا کە ئاستێکی بەرزیان لە هۆشیاری و ئارەزوویان بۆ دەستەبەرکردنی پێوەرەکانی سەلامەتی هەیە. بەڕێز هادی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە راهێنانی بەردەوام پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان لە عێراقدا. ئەوەیشی روون کردەوە کە، "بە ئەوەی کە زانیاری و زانینەکان بۆ کرێکاران و پیشەگەران نوێ دەکاتەوە، ئەم جۆرە راهێنانە شارەزایی و ئەزموونی هێزی کاریش زیاتر بەهێز دەکات." ئەم باشترکردنەش بە رادەیەکی گرنگ کاریگەریی لەسەر کواڵیتیی بەرهەمەکان و لەسەر پێوەرەکان دەبێت و، دەبێتە هۆی باشکردنی ناوبانگ و ئاستی رکابەریی کارە کەسییەکان و بەشدارییان لە پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆجێییدا. ئەوەیشی راگەیاند کە، "راهێنانی رێکوپێکی لەم جۆرە پشتیوانی لە داهێنان و، باشترکردنی کارامەیی لە کارکردن دەکات و، یارمەتیی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان دەدات هاوتای پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بن و، هەروەها گرنگن بۆ فراوانکردنی بازاڕ و گەیشتن بە و پێشڕەویکردنی گەشەی ئابوری."
راهێنەرێکی دیکە، خاتوو رامینا ئەسنایل یوسف، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدانی پرۆژە لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، بەشی پەرەپێدانی پیشەسازی و رێکخستن و، بەشی پرۆژە بچوکەکان، ئاماژەی بە ئەوە دا کە بەشداربووان زۆر جار نیگەرانیی خۆیانیان سەبارەت بە رادەی بەردەستبوون و نرخی ماددە خاوە ناوخۆییەکان دەربڕی، کە زۆر کار دەکاتە سەر نرخی بەرهەمەکانیان. نرخی ناجێگیری ماددە خاوەکان دەبێتە گرفتێك بۆ پارێزگاریکردن لە هێشتنەوەی تێچووی بەرهەمەکانیان لە ئاستێکی رکابەرانەدا. هەروەها، لە ئێستادا مەترسییەك لەبارەی رکابەریکردنی کاڵا هاوردەکراوەکان هەیە، کە زۆربەی جار بە نرخی کەمتر پێشکەش دەکرێن. ئەم رکابەرییە لەگەڵ خواستی بەکاربەریش یەك دەگرێتەوە کە کواڵیتی بە نرخ دەگۆڕێتەوە، ئەمەیش زۆر جار دەبێتە هۆی ئەوەی خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکان هەبن سەرباری جیاوازی کواڵیتییان لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن. ئەم هۆکارانەش پێکەوە ئەو ئاستەنگانە زەق دەکەنەوە کە رووبەڕووی راهێنراوان دەبنەوە لە گەڕانیان بە دوای دەرفەتەکانی جموجوڵی بازاڕ و دەستەبەرکردنی پێگەی رکابەرانەیان لە ئەم پیشەسازییەدا.
خاتوو رامینا جەختی لەوەش کردەوە کە "پرۆگرامی لە شێوەی ئەم راهێنانە زۆر بە نرخن بۆ کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان، لەبەر ئەوەی کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی ئاستی زانین و هۆشیاریی کارمەندەکانیان سەبارەت بە سەلامەتیی خۆراك و چالاکییەکانی پاکژی و خاوێنی." بە پێدانی شارەزایی بنەڕەتی بە کارمەندان، ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بە شێوەیەکی کاریگەر دبنە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییەکان و ئەگەری روودانی رووداوەکان لە شوێنی کاردا. هەروەها، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی کارامەیی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی زیانی کاری. "ئەمەیش نەك تەنها پشتیوانیی کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان دەکات، بەڵکو هەروەها ئەو خەرجییانەش کەم دەکاتەوە کە پەیوەستن بە رووداوە تەندروستییەکان لە نێو کارمەنداندا و، رۆڵێکی تەوەرەیی دەگێڕیت لە پشتیوانیکردنی ژینگەیەکی کاریی سەلامەتتر و کارامەتر بۆ کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان،" بەڕێزیان وەهای روون کردەوە.
باشترکردنی چالاکییەکانی پاکژی و سەلامەتی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کواڵیتیی بەرهەم و، زیاترکردنی متمانەی بەکاربەر. ئەم زیاتربوونەی متمانە دەتوانێت بەرهەمهێنان زیاتر بکات و، دەرفەتی کاری زیاتر بخولقێنێت و، پشتیوانی قەبارەی کڕین لە جووتیارە ناوخۆییەکان بکات و، بەم شێوەیەش سوود بە ئابوریی ناوخۆیی بگەیەنێت. کاتێکیش کە کۆی زنجیرەی بەهاکانیش باشتر دەبن، تەواوی کۆمەڵگا گەشە دەکات و پەرە دەسێنێت. پێشترایەتیدان بە ئەم جۆرە کار و چالاکییانەی سەلامەتی و پاکژی نەك تەنها دەستەبەری پێوەری باشتری تەندروستی و سەلامەتی دەکات، بەڵکو یارمەتیدەر دەبیت بۆ هێنانەکایەی ژینگەیەکی ئابوریی بەهێزتر و خۆراگرتریش.
راهێنانی سەلامەتی خۆڕاك و پاکژی بۆ کار و پرۆژەی بچوك و مامناوەند لە قەزای بەردەڕەش ئەوەی سەلماند کە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی چالاکییەکانی پاکژی و سەلامەتیی خۆراك بۆ کار و پرۆژە ناوخۆییەکان. رێبازە گشتگیرەکەی پرۆگرامەکە و هەمەجۆریی بەشداریپێکردنی و جەختکردنەوەی لە چالاکییە کردارییەکان ئەوەی بە بەشداربووان بەخشی کەرەستەی پێویستیان لەبەردەست بێت بۆ باشترکردنی کارەکانیان و بەشداریکردنیان لە گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابوریی ناوخۆیی. بە سەرمەیەگوزاریکردن لە راهێنانی بەردەوام، کار و پرۆژەی بچوك و مامناوەند لە عێراق دەتوانێت پشتیوانی لە سووڕێکی پەرەپێدانی هەمیشەیی بکات و، خۆیانیش ببنە بکەرێکی سەرەکی لە بازاڕدا.
پابەندیی رێکخراوی یونیدۆ و حکومەتی یابان بۆ تواناسازیی پیشەسازیی چارەسەرکردنی خۆراك لە عێراق لە رێگەی هاوبەشییەکەی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان بەڵگەی هەوڵە بەردەوامەکانیانە بەرەو گۆڕانی ئەرێنی و گەشەی ئابوری. لە رێگەی پێشکەشکردنی راهێنانی بەئامانجکراو بە کار و پرۆژە مەحرومەکان، راهێنانەکە دەیەوێت پێوەرەکانی سەلامەتی و کواڵیتیی خۆراك بەرز بکاتەوە و، دەستەبەری ئەوە بکات کە تەنانەت کۆمەڵگا هەرە لاوازەکانیش سوود لە هونەرەکانی باشترکردنی کارەکانیان وەربگرن. ئەم پابەندییەش بۆ زیاترکردنی شارەزاییەکانی کار و پرۆژە بچوك و مامناوەندەکان نەك تەنها یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراك، بەڵکو هەروەها پێکهاتەی ئابوریی عێراقیش بەهێزتر دەکات و، رێگا بەرەو خۆشگوزەرانیی زیاتر و ئایندەیەکی گەشتر خۆش دەکات.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:
ئيزومي ئوكاوا ، هەماهەنکاری نێودەوڵەتی پرۆژەکان