بووژاندنەوەی ژیان: تواناسازیی ئافرەتان لە رێگەی کاری کشتوکاڵییەوە لە کامپی پەنابەرانی گەویلان
ئەم دەستپێشخەرییە لە ماوەی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تواناسازیی ئافرەتانی پەنابەری سوری لە کامپی پەنابەرانی گاویلان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکاتە ئامانج.
لەناو جەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە دووری ٤٧ کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای هەولێر و لە بەشێکی دوورەدەستی باشوری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆك، کامپی پەنابەرانی گاویلان هەڵکەوتووە. زیاتر لە (١١،٠٠٠) پەنابەری سوری لە ئەم کامپەدا نیشتەجێ کراون کە یەکێکە لە هەرە دابڕاوترین ئەو کامپانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەن. کامپی گاویلان رووبەڕووی چەندین بەربەستی وەك گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان و رێژەی بەرزی بێکاری بووەتەوە. لەم دواییانەدا، ئەم گرفتانەش بە هۆی لێشاوی هێنانی (٤٥٥) خێزان (کۆی ٢،٠٦٢ کەس) زیاتر بوون، دوای ئەوەی دووچاری دووبارە راگواستن هاتن بە هۆی داخستنی کامپی بەردەڕەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا. لەناو ئەم پاشخانەی نەهامەتی و دڵەڕاوکێدا، تروسکاییەك لە هیوا و دەرفەت وەدەرکەوت – کە بریتییە لە پرۆگرامێکی راهێنان لەسەر کاری کشتوکاڵی بە پشتیوانی حکومەتی یابان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی (یونیدۆ).
ئەم دەستپێشخەرییە لە ماوەی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تواناسازیی ئافرەتانی پەنابەری سوری لە کامپی پەنابەرانی گاویلان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکاتە ئامانج. لەسەر بنەمای پرۆگرامێکی سەرکەوتوو کە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجام دراوە، رێکخراوی یونیدۆ دەستپێشخەرییەکەی فراوانتر کرد بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتری ئافرەتی کەمدەرامەت بگرێتەوە. پرۆژەکە بەشێکە لە پرۆژەیەکی فراوانتری رێکخراوی یونیدۆ لەژێر ناوی "پاڵپشتیی کتوپڕی بژێوی لەپێناو کەمکردنەوەی قەیرانی ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراك بۆ گروپە لاوازەکانی خەڵك لە عێراق"، کە بە دەستکراوەییەوە لەلایەن حکومەتی یابانەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت.
بۆ زۆرێك لە ئافرەتانی گاویلان، ژیان بووەتە زنجیرەیەك لە گرفتی قورس. لە پێش پرۆژەکەدا، ئافرەتانی وەك رەفاعە یوسف عەلی، وەك ئافرەتێکی تەنیای ٤٦ ساڵ کە دایکی پێنج منداڵە، هیچ چارەیەکی نەبوو جگە لەوەی کە بۆ چەند کاتژمێرێکی زۆر و تاقەتپڕوکێن لە کێڵگەکانی دەوروبەری کامپەکە کاری پەتاتەچنین بکات بەرانبەر بە دەستهەقێکی کەم بە رۆژانەی (١٠،٠٠٠) دیناری عێراقی – کە دەکاتە نزیکەی (٧.٦٠) دۆلاری ئەمریکی. ئەم دەرامەتەش بە زۆر بەشی تەنها پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دەکرد و، جگە لەوەش هیچ هەستی بە سەقامگیری یان هیوایەك بۆ ئایندەی خێزانەکەی نەدەکرد.
رەفاعە، کە لە بەردەڕەشەوە هێنرابووە گاویلان دوای ئەوەی کەمپەکە نۆ مانگ پێش ئێستا داخرا، وەك پەتی رزگاری تەماشای ئەم پرۆژەیەی رێکخراوی یونیدۆی دەکرد. "بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی زایینی بزنەکان دەکەم،" بە زەردەخەنەیەکی پڕ لە هیواوە باسی دەکرد. "پلانم وایە گیسك و بزنە زیادەکان بفرۆشم یان سوود لە گۆشتەکانیان وەربگرم و، بەرهەمە شیرەمەنییەکانیان لە شیر و ماست و پەنیر بفرۆشم. ئەمەش یارمەتیم دەدات لەوەی ژیانێکی باشتر بۆ منداڵەکانم دابین بکەم."
پاش ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئافرەتە هەرە لاواز و کەمدەستەکانی کامپی گاویلان، لە نێویشیاندا ئەوانەی لە کامپی بەردەڕەشەوە هێنرابوون، بە تایبەتیش دایکە سەڵتەکان و ئەو سەرۆك خێزانانەی مێردەکانیان هێندە نەخۆشن ناتوانن کار بکەن، رێکخراوی یونیدۆ (٥٣) ئافرەتی هەڵبژارد بۆ ئەوەی لەم دەستپێشخەرییەی کاری کشتوکاڵی بەشدارییان پێ بکرێت.
ئەم دەستپێشخەرییە وەها ئامادە کراوە پشتیوانییەکی گشتگیر پێشکەش بە ئافرەتەکان بکات، ئەمەیش بە دەستپێکردن بە پرۆگرامێکی راهێنانی چڕ بۆ ماوەی شەش رۆژ. راهێنانەکە گشت لایەنەکانی بەخێوکردنی بزنی لەخۆ گرتبوو – لە بنەماکانی دامەزراندنی کێڵگەی بەخێوکردنی بزنەوە بگرە تا دروستکردنی پەناگە و کۆلیتەی بەخێوکردنی بزن و، پێدانی ئالیك و خواردن و چارەکردنی دۆخی تەندروستیان. ئافرەتەکان فێری ئەوە کران چۆن چاودێریی کار و گیسكەکان بکەن و، شیریان پێ بدەن و، چاودێریی بزنە ئاوسەکان بکەن و، بەرهەمەکانی شیر و گۆشتیان ئامادە بکەن و، چارەی نەخۆشی و دۆخە لەناکاوەکانیان بکەن. هەروەها، راهێنان لەسەر پاکژی و چارەسەرکردنی پاشماوەکان پێدرا و، سەربارەی ئەوەش کۆمەڵێك شارەزایی تایبەت بە بەڕێوەبردنی کاریان پێ بەخشرا وەك ئەژمارکردنی بودجە و، هەڵگرتنی تۆمارەکان و، بەستەبەندیکردن و، بەبازاڕکردن و، فرۆشتنی بەرهەمەکانیان.
لە پاش راهێنانەکە، هەر ئافرەتێك و دوو سەر بزن، کە هەندێکیان ئاوس بوون و، دوو گیسکیان پێ درا. هەروەها بەشی چەندین مانگ ئالیك و هەموو کەرەستە و ئامرازێکی شیردۆشین و بەرهەمهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکانیانیشیان وەرگرت. بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بزنەکان بە باشی چاودێری دەکرێن، خانێکی ناوەندیی دابەشکراو بەسەر ژووری تایبەت بۆ بزنەکانی هەر ئافرەتێك دروست کرا، ئەمەیش بە تەواوی پێداویستییەکانی وەك ئاخووڕ، تەویلەیەکی تایبەت بە تەگەکان (بزنە نێرەکان)، ژوورێکی خزمەتگوزاری و، کۆگایەك. ئەم خانە ژینگەیەکی لەبار و رێکوپێك بۆ بەخێوکردنی بزن بە شێوەیەکی کارامە پێشکەش دەکات.
بۆ ئەسمەهان ساڵح عەلی، کە ئافرەتێکی ٤٧ ساڵ و دایکی دوو کچە لە کاتێکدا مێردەکەی بەدەست نەخۆشییەوە گیرۆدە بووە، پرۆژەکە دەرفەتێکە بۆ دابینکردنی پشتیوانیی زیاتر بۆ خێزانەکەی. روونی کردەوە کە، "زۆر دڵخۆش بووم بۆ ئەم پرۆژەیە هەڵبژێردرام پاش ئەوەی لەلایەن رێکخراوی یونیدۆوە چاوپێکەوتنم لەگەڵدا ئەنجام درا. من ئاژەڵم خۆش دەوێت و، ئەم پرۆژەیە منداڵەکانیشم فێر دەکات ئاژەڵیان خۆش بووێت." هەروەها باسی لەوەش کرد کە منداڵەکانی چێژ لە هاوکاریکردنی لە چاودێریکردنی بزنەکان وەردەگرن. ئەسمەهان خۆی فێری ئەوە بووە ماست و پەنیر لە شیری بزن دروست بکات و پلانی وەهایە دروستکردنی ئەم بەرهەمانە فراوانتر بکات دوای ئەوەی ژمارەی بزنەکانی زیاتر دەبن.
کاریگەریی پرۆژەکە سنوری سوودمەندە تاکەکەسەکانی تێپەڕاند بەوەی کە پشتیوانی لە هەستێکی بەهێزتری یەکێتی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەناو کامپەکە دەکات. بۆ ویسال عەبدولڕەحمان ئالوسکان و مێردەکەی، سولێمان مەلا محەمەد، هەردووکیان تەمەن ٥٢ ساڵ، پرۆژەکە لە کاتێکی ناسکدا گەیشت. سولێمان تازە نەشتەرگەریی کردنەوەی دڵی بۆ ئەنجام دراوە و، بژێویی خێزانەکەی بەسەر ویسالدا بەجێ هێشتووە. "ئەم راهێنانە زۆر یارمەتیدەرە و، ئێستا زۆر سوپاسگوزارم کە بزنی خۆم هەیە،" ویسال ئاوای ووت و، سولێمان ئەمەی بۆ زیاد کرد، "رێکخراوی یونیدۆ رێگایەکی روونی بۆمان دانا و، ئەمەیش دەستەبەری ئەوە دەکات سوودەکانی پرۆژەکە بۆ کۆمەلگاکەی خۆمان بێت."
لەگەڵ پێشوەچوونی پرۆژەکە، ئەوە روون بوویەوە کە پرۆژەکە لەوە زیاترە کە تەنها هۆیەکی پەیداکردنی دەرامەت بێت؛ بگرە بووەتە هۆکارێك بۆ بووژاندنەوەی ژیانەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵگەییەکانیش. ئەو ئافرەتانەی کامپی بەردەڕەش و گاویلان، کە پێشتر بەیەکدی بێگانە بوون، ئێستا پێکەوە کار دەکەن و، یارمەتیی یەکدی دەدەن لە چاودێریکردنی بزنەکانیان و پاڵپشتیی یەکدی دەکەن لە گەشەپێدانی کارەکانیان. "هاوکاریکردنی نێوان ئافرەتەکان بووەتە هۆی پتەوبوونی پەیوەندییەکانیان،" یەحیا مەناف ئەحمەد، فەرمانبەرێکی مەیدانی لە کامپەکە وەهای تێبینی کرد.
راهێنانەکە خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ نەهامەتییەکانی ژیانی بێریبان مەعسوم مەلا خەلیلی ٣٦ ساڵ. خۆی بە تەنها بەرپرسە لە دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی، بێریبان پرۆژەکە وەك دەرفەتێك دەبینێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ بژێویی خێزانەکەی دەستەبەر بکات، بێ ئەوەی پشت بە هەر یارمەتییەکی پێشکەشکراو لەلایەن کامپەکە یان حکومەتەوە ببەستێت. "ئەم پرۆژەیە دەرفەتی ئەوەم پێ دەدات خێزانەکەم بەڕێوە ببەم بە بێ ئەوەی پشت بە هاریکارییەکان ببەستم،" ئەو بە چاوی پڕ ئومێدەوە وەهای ووت. بێریبان پلانی ئەوەی هەیە کارەکە بەرەو بەرهەمهێنانی ماست و پەنیر پەرە پێبدات، بەو ئامانجەی دەرامەتێکی جێگیر بۆ خێزانەکەی دروست بکات.
مەهدیە قەنجۆ مەحمود، وەك ئافرەتێکی ٥٠ ساڵە کە دووچاری رەنج و نەهامەتیی زۆر بووەتەوە لە پاش دیارنەمانی مێردەکەی لە شاری دیمەشقی سوریا بە زیاتر لە ١١ ساڵ لەمەوبەر، هیوایەکی نوێی لەم پرۆژەیەدا دۆزییەوە. "ئەم پرۆژەیە بە راستی گرنگە، بە تایبەتی کە رانە بزنەکانمان گەورەتر دەبێت،" وەهای باس کرد. "مەبەستم ئەوەیە شیر و ماست و پەنیر بفرۆشم بۆ ئەوەی بژێوی منداڵەکانم دابین بکەم." لەوەتەی مێردەکەی شوێنبزر بووە، مەهدیە خۆی بووەتە تەنها نان پەیداکەری هەردوو کچەکەی، کە ئێستا تەمەنیان ١٤ و ١٥ ساڵە. ئەم پرۆژەیە جۆرە ئامانجێکی نوێی پێ بەخشی و هۆکارێکی دایە دەستی بۆ ئەوەی بە هۆیەوە پاڵپشتیی خێزانەکەی بکات.
سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییەی کاری کشتوکاڵی بێ تێبینی بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی کامەپەکەدا تێپەڕ نەبوو. "ئێمە پێزانینی گەورەمان بۆ ئەم پرۆژەیەی یابان و یونیدۆ هەیە و، پرۆژەکە زۆر گرنگە بۆ بەردەوامیدان بە بژێویی خێزانەکان لە کامپەکەدا،" عیماد عوسمان ساڵح، جێگری بەڕێوەبەری کامپەکە وای باس کرد. "پرۆژەکە نەك تەنها دەرامەت دابین دەکات، بەڵکو پەیوەندییە کۆمەڵگەییەکان و توانای سازانیشیان پتەوتر دەکات."
بۆ پاڵپشتیکردنی سوودمەندان، رێکخراوی یونیدۆ پشتی بە یارمەتییەکانی ساڵح، ناسراو بە "ئەبو عومەر" بەست، کە پیاوێکی بەساڵاچووی دونیادیدەیە و ئەزموونی زۆری لە بەخێوکردنی بزندا هەیە. ئەبو عومەر لە سوریا پێش ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبێت گەلە بزنێکی بۆ خۆی هەبوو، پشتیوانییەکی بەنرخ بۆ پرۆژەکە پێشکەش دەکات لە رێگەی چاودێریکردن و پاسەوانیکردنی خانی بزنەکان و یارمەتیدانی ئافرەتەکان لە هەر بابەتێك بێتە پێشەوە و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کە رەنگە لێی بکەن. ئەزموونەکەی و ویستی خۆی بۆ یارمەتیدانی کەسانی دیکە زۆر گرنگە بۆ سەرخستنی پرۆژەکە.
ئەم دەستپێشخەرییەی کاری کشتوکاڵی لە کامپی گاویلان زۆر لە چیرۆکێکی سەرکەوتوو زیاترە؛ بەڵگەیەکە لەسەر هێزی خۆڕاگری و توانای سازان و، هێزی کۆمەڵگاکە و هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان. لە رێگەی دەستپێشخەرییە بەئامانجکراو و هەمیشەییەکانی پەرەپێدان، حکومەتی یابان و رێکخراوی یونیدۆ وەرچەرخانێکیان لە ژیانی ئافرەتە پەنابەرە سورییە کەمدەستەکان هێناوەتە ئاراوە، ئەمەیش بە دابینکردنی ئامراز و زانیاری و سەرچاوەی پێویست بۆیان لەپێناو بەدیهێنانی سەربەخۆیی ئابوری و باشترکردنی کواڵیتیی ژیانیان. پرۆژەکە هەروەها پشتیوانیی زیاتری سەقامگیری خۆراك و جیگیریی ئابوری لە کامپی گاویلان دەکات، ئەمەیش بە پێشکەشکردنی رێگایەکی کرداری بۆ باشترکردنی ئایندەی ئەو ئافرەتە خۆڕاگرانە و خێزانەکانیان.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:
ئيزومي ئوكاوا ، هەماهەنکاری نێودەوڵەتی پرۆژەکان