ئەتول کارێ، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتی کاروبارەکان، لە ١٨ تا ٢١ی نیسانی ٢٠٢٥ سەردانی عیراقی کرد
بەغدا، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٥ – بەرێز ئەتول کارێ، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتی کاروبارەکان، لە ١٨ تا ٢١ی نیسانی ٢٠٢٥ سەردانی عیراقی کرد لە چوارچێوەی کشاندنەوە و ڕاگواستنی داهاتووی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی)، کە لە قۆناغی داهاتوودا ماوەیەك دیاریکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی نێردەکە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 2732 (2024)ی ئەنجومەنی ئاسایش. مەبەست لە سەردانەکەش دیاریکردنی سروشت و ڕادەی پشتگیری بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئەم پڕۆسانە.
لە میانی سەردانەکەیدا، بەڕێز کارێ بە یاوەری دکتۆر محەمەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، لە لایەن بەڕێز محمد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، پێشوازیان لێکرا. هەروەها بەڕێزیان کۆبوونەوەی جیاوازی ئەنجامدا لەگەڵ بەڕێز عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، وەزیری ناوخۆ، و بەڕێز ثابت محمد سەعید ئەلعەباسی، وەزیری بەرگری، و بەڕێز محەمەد حوسێن بەحرلعلوم، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کە ئەرکی کارکردنە لەگەڵ یونامی لەسەر پلانی ڕاگواستن و هەڵوەشاندنەوەی نێردەکەیە.
گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت جەختیان لەسەر پابەندبوونی هاوبەش کردەوە بۆ دڵنیابوون لە کشانەوەیەکی ڕێک و پێکی یونامی تا کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، و تەواوکردنی هەموو چالاکییەکانی پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوە تا کۆتایی ئەیلولی ٢٠٢٦.
بەڕێز کارێ پێزانینی خۆی بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق دەربڕی بۆ پاڵپشتییە چەسپاوەکانیان بەدرێژایی ماوەی کارکردنی یونامی لە وڵاتەکەدا، هەروەها ئاماژەی بە پێشهاتە ئەرێنییەکان کرد بەرەو ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام. ناوبراو دڵنیایی دەداتە دەسەڵاتدارانی عیراق لە پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان بە لابردنی سەلامەتی هەموو پاشماوە مەترسیدارەکان پێش ڕادەستکردنی دامەزراوە و شوێنەکان. جەختیشی لەوە کردەوە کە بەردەوامی هاوکاری و بەشداری سەرکردایەتی عیراق گرینگ دەبێت بۆ دڵنیابوون لە کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی ئەم ڕاگواستنە.
بەڕێز جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهەمان شێوە گەشتێکی بەناو کەمپی یەکگرتووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری بەغدا ئەنجامدا کە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان تێیدا نیشتەجێن و کاردەکەن، هەروەها زنجیرەیەك کۆبوونەوەی ناوخۆیی ئەنجامدا، لەوانە لەگەڵ نوێنەرانی دەزگا و سندوق و بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە عیراق کاردەکەن، هەروەها کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینیشی لەگەڵ کارمەندانی یونامی ئەنجامدا.
هەروەها، سەردانەکە دەرفەتێك بوو بۆ ئاشنابوون بە پێشکەوتنی بەرچاوی نێردەکە لە بەڕێوەبردنی ژینگەدا. بەڕێز کارێ دەستخۆشی لە یونامی کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئەدای ژینگەیی و پێداچوونەوەی بە دەستپێشخەرییە سەرەکییەکان کرد، لەوانە سەردانێک بۆ پارکی ئیکۆی دیجلە کە تێیدا نەمامێکی چاند، هەروەها سەردانی شوێنی بەڕێوەبردنی پاشماوەکان و سیستەمی بەڕێوەبردنی ئاو و وزەشی کرد. بەڕێزیان بە تایبەتی ئاماژەی بە دانانی سەرکەوتووانەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی پیس (WWTP) کرد کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکاردەهێنن، و پانێڵی وزەی خۆر کە ساڵانە تا چوار کاتژمێر گێگا وات بەرهەمدەهێنن. بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە پڕۆژانە میراتێکی ژینگەیی ئەرێنی لە وڵاتەکەدا بەجێدەهێڵن.