لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەوانی: عێراق، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) نەخشەرێگایەکی نوێ بۆ گەشەپێدان، بوژانەوە و کۆچێکی سەلامەت دادەنێت

٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٦

بەغدا / هەولێر، عێراق، ٩ - ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ 

– ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) لە عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هەفتەیە لە بەغدا و هەولێر "ستراتیژیەتی نیشتمانیی عێراق لە ٢٠٢٥-٢٠٢٩"ی ڕاگەیاند. ئەم ستراتیژیەتە چوارچێوەی هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکە دیاریدەکات بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی هەوڵە نیشتمانییەکان لە باشتر ئیدارەدانی کۆچ، دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ ئاوارەبوون، و فراوانکردنی دەرفەتەکانی کۆچێکی سەلامەت و یاسایی. لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئەم ستراتیژیەتەدا، نوێنەرانی حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوبەشەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەسایەتییە ئەکادیمییەکانی ئامادەبوون.

 

پاسکاڵ ڕینتجنز، بەرپرسی نێردەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا لە وەڵامدانەوەی مرۆییەوە بەرەو گەشەپێدان و دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ ئاوارەبوون هەنگاودەنێین، جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژیەتە لەسەر سەرکەوتنەکانی ڕابردوو، گونجاندن لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆ، و ڕەچاوکردنی خواست و ئاواتەکانی گەلی عێراق بۆ داهاتوو بنیاتدەنرێت."

 

 

عێراق بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە بوژانەوە و سەقامگیریدا، بە شێوەیەک، لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعشەوە زیاتر لە ٤.٩ ملیۆن کەس گەڕاونەتەوە یان لە شوێنی دیکە نیشتەجێبوونە. بەڵام هێشتا زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە ئاوارەیی ناوخۆیی دا ماونەتەوە؛ و ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی بەردەوامیش بریتیین لە: شوێنی نیشتەجێبوون، ژێرخان، دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان و دەستکەوتنی 

 

هەلی کاری شایستە. جگە لەوەش، زیاتر لە ٣٠,٠٠٠ خێزان بەهۆی هۆکارەکانی پەیوەست بە کەشوهەواوە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ئاوارە بوون، کە ئەمەش ڕەهەندێکی نوێی بەخشیوەتە ئاوارەبوونی ناوخۆیی. ستراتیژیەتەکە ڕەنگدانەوەی پاڵپشتیکردنی بەردەوامی ڕێکخراوی (IOM)ە بۆ وڵاتەکە و گەلی عێراق، تەنانەت لەکاتێکدا کە دامەزراوە نیشتمانییەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر لە ئیدارەدانی پرسی ئاوارەبوونی و کۆچدا دەگرنە ئەستۆ.

 

پیتەر هۆکینز، ڕێکخەری تایبەت بەکاروباری نیشتەجێبوونی-ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند: "ئامادەبوونی بەرفراوانی مەیدانی ڕێکخراوی IOM لە سەرتاسەری وڵاتدا، لەڕووی  شارەزایی تەکنیکی، داتاکانی پەیوەندیدار بە کۆچ و ئاوارەبوون، و هەبوونی پەیوەندی درێژخایەن و بەردەوام لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانی و خۆجێییەکاندا، توانای ئەوەی بە ڕێکخراوەکە بەخشیوە کە سیاسەتی کارکردنی و ڕێککارە گشتییەکانی بە جێبەجێکردنی کردارییەوە ببەستێتەوە."

 

ستراتیژیەتەکە بە پشتبەستن بە پلانە ستراتیژییەکەی ڕێکخراوی (IOM) بۆ ساڵانی ٢٠٢٤-٢٠٢٨، سێ ئامانجی سەرەکی لە عێراقدا جێبەجێدەکات: پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان و پارێزگارلێکردن و داڵدەدانی کۆچبەران، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی ئاوارەبوون، و ئاسانکاری بۆ ڕێڕەوەکانی کۆچێکی یاسایی. ڕێکخراوی IOM هاوبەشێکی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی چوارچێوەی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی بەردەوام ٢٠٢٥-٢٠٢٩، کە هاوتەریب و یەکانگیرە لەگەڵ پلانی نیشتمانیی عێراق بۆ گەشەپێدان ٢٠٢٤-٢٠٢٨، ڕوانگەی ٢٠٣٠، ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، و پەیماننامەی جیهانی تایبەت بە کۆچ.

 

لە بەغدا، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنەکە بە ئامادەبوونی د. کەریم النوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، و د. خالد الصائغ، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو؛ لە هەولێریش بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەت، ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان بەڕێوەچوو.

 

 

 

بۆ جێبەجێکردنی بە کرداری ڕوانگەی ئەم ستراتیژیەتە، ڕێکخراوی (IOM) بەردەوامدەبێت لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوون و پێدانی پارێزگاریلێکردن لەو شوێنانەی پێداویستییە مرۆییەکان تێیاندا بەردەوامییان هەیە؛ هەروەها پاڵپشتێکردنی گەڕاوەکان بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە؛ فراوانکردنی دەرفەتەکانی بژێوی و گەشەپێدانی کار و  پڕۆژە و کۆمپانیاکان؛ بەهێزکردنی خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوا و ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو؛ لەپاڵ پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتە نیشتمانییەکان لە فراوانکردنی ڕێڕەوەکانی کۆچێکی یاسایی و بە هاوچەرخکردنی ئیدارەدانی سنوورەکان. بنەما و پشتبەستن و پشت ئەستوری ئەم کارانەش بریتییە لە ئامادەبوونی مەیدانی ڕێکخراوەکە لە سەرتاسەری وڵات لە شارەزایی تەکنیکی، ڕۆڵ لە کۆکردنەوەی داتا، کە لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی هاوبەشە نیشتمانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشکەشدەکرێت.

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە: ستراتیژیەتی ڕێکخراوی IOM بۆ عێراق ٢٠٢٥ – ٢٠٢٩

 

 

 

 

 

تێبینی بۆ سەرنووسەران:

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) ڕێکخراوی پێشەنگی نێوان حکومەتەکانە لە بواری کۆچدا، کە لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە حکومی، نێوان حکومەتەکان و ناحکومییەکان کار دەکات بۆ برەودان بە کۆچێکی مرۆڤدۆستانە و ڕێکخراو بە مەبەستی سوودبخشین بە هەمووان. لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە، ڕێکخراوەکە پڕۆژە و بەرنامەی لە عێراقدا بە بڕی ١.٧ ملیار دۆلاری ئەمریکی جێبەجێکردووە، کە پاڵپشتی لە نزیکەی ٥ ملیۆن کەس کردووە لە هەموو پارێزگاکاندا.

 

 

 بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکەن بە:   iraqmcu@iom.int

 

 

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت