About 250 households have returned to Hembes villages since 2015.
لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ پارێزگای دیالە، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ کاروباری مرۆیی و نشینگە، خاتو ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا سۆلۆرانۆ، چاوی بە ئاوارە گەڕاوەکانی گوندی هامبێس لە میقدادییە کەوت. لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە نزیکەی ٢٥٠ خانەوادە بۆ ئەم گوندە گەڕاونەتنەوە کە هەندێکیان پێشتر لە چادرگەکانی ئەلوەند و قەرەتوو دەژیان پێش داخستنیان لە ساڵی ٢٠٢٠دا.
یەکێک لە گەڕاوەکان بەناوی سەماهیر موحەممەد عەتییەی تەمەن ٤٧ ساڵەیە کە لەگەڵ ٣ کوڕەکەی بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە چادرگەی قەرەتوو بوون پێش گەڕانەوەیان بۆ گوندی هەمبێس لە ئابی ٢٠٢٠دا. ئەوان لەوێ لەگەڵ خانەوادەی سەماهیر لە خانوویەکی کەلاوەی نیمچە سووتاوی سەردەمی شەڕدا دەژیان. رێکخراوی ئاوارە و پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و "میرسی هاندس" یارمەتییان دان بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووە رووخاوەکە. لەلایەکی ترەوە، خانەوادەکە خۆشی مانگانە مووچەیەکی ٣٧٠ هەزاری (٢٥٠ دۆلار) لە حکومەتی عێراق وەردەگرن هەرچەندە ئەم بڕە هەرگیز بایی دابینکردنی پێویستییەکانیان ناکات بۆیە زۆر جار لە لایەن خەڵکی تریشەوە یارمەتی دەدرێن. سەماهیر بە کاری دروومان یارمەتی خێزانەکەی دەدا بەڵام دوا جار بەهۆی نەخۆشیی کورتبینیی کوڕە ٩ ساڵانەکەی کە بەهۆیەوە نەیدەتوانی ئامادەی قوتابخانە بێت ناچار بوو کە مەکینەی دروومانەکەی بفرۆشێت و ئەمەو جگە لەوەی کە برایەکی پەککەوتەشی نەیدەتوانی ئامادەی قوتابخانە بێت. هەر بۆیە سەماهیر سەرقاڵی گەڕان بوو بەدوای ڕێگەچارەیەک کە بتوانێت جارێکی تر لەسەر قاچی خۆی بوەستێتەوە و لەڕووی ئابووریشەوە دیسانەوە سەربەخۆ بێت. ئەو بیری لەوە دەکردەوە کە ئەگەر بتوانێت جارێکی تر دەست بە کاری دروومان بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت هەم چاودێریی کوڕەکانی بکات و هەمیش خانووە کەلاوەکەی چاک بکاتەوە.
گەراوەیەکی تری تەمەن ٤٩ ساڵە بەناوی عیسا زاهیر پێشتر خاوەنی باخی میوە و خورما بوو. لە ساڵی ٢٠١٤ لە گوندی هەمبێس بەهۆی شەڕەوە ئاوارە ببوو و ناچار بوو کە باخ و خانوبەرەکەی جێ بهێڵێت و دوا جار خۆی و خێزانەکەی و ٥ کچەکەی لە چادرگەی ئەلوەند گیرسانەوە. بەڵام لە ئابی ٢٠٢٠ دا و کە چادرگەکە داخرا بۆ گوندی هەمبێس گەڕانەوە ناو خانوویەکی وێران بووی بێ میچ و باخە لیمۆ و دارخورمایەکەشی بەهۆی بێ ئاوی و وشکەساڵییەوە بە تەواوی وشک ببوون. بۆیە ئەوان چوونە ماڵی برایەکەی کە ئەویش لە خانوویەکی نیمچە رووخاودا بوو و بەمەش قەڵەباڵغییەکی زۆر دروست ببوو کە زەحمەت بوو بتوانن بەرگەی بگرن. عیسا هەر چاوی لە بووژاندنەوەی باخەکە و نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی بوو . ئەو کچە گەنجەکەی لە چادرگەی ئاوارەکان لە دایک ببوو.
شارۆچکەی میقدادییە دەکەوێتە پارێزگای دیالە و دانیشتوانەکەی لە ساڵی ٢٠١٤ دا ١٥٥ هەزار کەس بوو کە زۆربەیان بەهۆی شەڕی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری ببوون. بەڵام لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا، بەگوێرەی داتای ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، نزیکەی ٦٠ هەزار کەس بۆ میقدادییە گەڕانەوە و ٢٠ هەزاریش هێشتا هەر لە ناوچە جیاجیاکانی دیالە و سلێمانی لە ئاوارەییدا مابوونەوە. زیاتر لە نیوەی گەڕاوەکان هێشتا هەر لەو شوێنانەن کە نە خزمەتی بنەڕەتی و نە سەقامگیری و نە ژیانی تێدایە و بگرە ٩ هەزاریشیان لە دۆخێکی زۆر دژواردان.
لە ئەیلوولی ٢٠٢٠ ەوە زیاتر لە هەزار خانەوادەی تازە بەهۆی داخستنی چادرگەکانەوە ناچار بوون بۆ گوندەکانی باکووری میقدادییە بگەڕێنەوە. هاوبەشکارە مرۆییەکانی وەک رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و "ئۆکسفام" و "دی ئاڕ سی" و "ڕێکخراوی ئاوارە و پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان" و "ڕێکخراوی منداڵپارێز" و "مێرسی هاندس"یش بەپەلە کەوتنە دابەشکردنی کەلوپەلی پێویست و بنەڕەتی بۆ خۆئامادەکردن بۆ زستان و پێداویستییەکانی پاکڕاگرتنی تەندروستیی و پارەی نەختینە بۆ کڕینی خۆراک و کەلوپەلی پێویست. نۆژەنکردنەوەی سەرەتایی تۆڕی ئاو لەلایەن رێکخراوی ئاوارە و پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی ئۆکسفام بووە مایەی باشبوونی بەردەستبوونی ئاوی خواردنەوە. بەڵام هێشتاش یارمەتیی مرۆیی زیاتر هەر پێویستە و خانەوادەکانیش پێویستیان بە پشتگیریی زیاتر هەیە لەپێناو هێنانەکایەی چارەسەرێکی درێژخایەن.